سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
گروپی "پانتایی شانۆی وڵا" لە شاری هەڵەبجە پێنجەمین بەرهەمی شانۆیی خۆی نماییش دەکات. شانۆیی "چیرۆکی مردن لە بەهەشتدا" کە لە داڕشتن و دەرهێنانی ڕاڤیار نەوزادە دەبێتە پێنجەمین بەرهەمی گروپی ناوبراوە کە پێکهاتوون لە ژمارەیەک لە گەنجانی شانۆکاری شاری هەڵەبجە، بڕیارە ئەم نماییشە لە ٢٣ تا ٢٧ی ١١ی ٢٠١٥ ڕۆژانە لە کاتژمێر ٤:٠٠ی ئێوارە لەناو هۆڵی ئەحمەد موختار جاف نماییش بکرێت . وەک دەرهێنەری شانۆییەکە ئاماژەی بۆ دەکات، سەرەتا وابیریانكردووەتەوە لە سلێمانیش نمایش بكەن، بەڵام لەبەر كاركردنیان لەسەر "شوێن" وەك جوگرافیای دەق و وەك پانتایی نمایشیش بڕیاریاریانداوە تەنها لە هەڵەبجە نمایش بكەین.
سەبارەت بە پرۆڤە و شێوازی کارکردنیان بۆ بەرهەم هێنانی ئەم نماییشە شانۆییە، ڕاڤیار نەوزاد دەرهێنەری شانۆییەکە بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "لە شانۆی مۆدێرندا وابەستەبوون بەتاقە قوتابخانەیەك یان ڕێبازێكی شانۆیییەوە كارێكی كەمێك ئاستەمە. بەڵام هیچ ئەزمونێكی شانۆیی بەبێ كاریگەری گەورە داهێنەرەكانی شانۆ نایەتە بەرهەم."
وتیشی: "سەرسامیی من بە پێرتۆڵد برێشت و "شانۆی داستان" شتێكە ناتوانم لەهیچ كارێكمدا بیشارمەوە، بەڵام لەهیچ ئەزمونێكمدا هەوڵم نەداوە بەتەنها لە ڕەهەندی شانۆی داستانەوە بۆ پرۆڤە بروانم، بەڵكو كارم لەسەر ئاوێزانكردنی شانۆی داستان لەگەل ڕێبازێكی شانۆی دیكە كردووە، هەندێك جار سەركەوتوبووە و هەندێكجاریش نا "بۆ نمونە لە شانۆی ماڵی باوكم. من شانۆی داستان و شانۆی توندوتیژی ئارتۆم لێكداو ئەو كارەی بەرهەم هێنا". لەم كارەشدا شانۆی داستانم لەگەڵ ئەزمونەكانی "شانۆی خۆر"ی خاتو ئاریان مونچکین تێکەڵکێش کردووە، هیوادارم سەرکەوتووبووبم."
سەبارەت بە دەقی ئەم نماییشە دەرهێنەری شانۆییەکە وتی: "لەلای مونچكین دەق وەك شێوازی جێگیر بوونی نییە هەندێك جاریش هەیە، ئەو كار لەسەر دووبارە بنایاتنانەوەی دەق دەكات، برێشت دەقەكانی خۆی بۆ پرۆڤە نووسیوە بۆنمونە دەقێكی وەك "بازنەی تەباشیری قەوقازی" چەند جار گۆرانكاری بەسەردا هێناوە. بەڵام لای هەردووكیان خاڵێكی هاوبەش هەیە سەبارەت بەدەق ئەویش ئەوەیە دەق زیندووە . بەواتای ئەوەی لەكاتی پرۆڤەكردندا بەپێی بارودۆخی پانتایی و رووداو گۆردراوە. ئێمەش هەوڵمانداوە ئەوەبكەین. "چیرۆكی مردن لەبەهەشتدا" سەرەتا فكرەیەك بوو دواتر نووسراوێك و دواتر وردە وردە گۆرانكاری بەسەردا هات تا ئەم نماییشەی بەرەهەم هێنا."
ڕوونیشیکردەوە: "بۆ ئەم نماییشە جگە لەو لایەنانەی کە باسم کرد سودیشمان لە "هاملێت"ی شکسپیر وەرگرتووە بۆ دروستکردنی بەشێک لە نماییش"
