بیرەوەرییەکانی سەر بەرد خەڵاتی ئاسیا لۆس ئانجلێسی بەدەستھێنا

17/11/2015    18:47

بیرەوەرییەکانی سەر بەرد خەڵاتی ئاسیا لۆس ئانجلێسی بەدەستھێنا 


Cînema

سولی ئۆن وێب

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" خەڵاتی لیژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمەکانی "ئاسیا لۆس ئانجلێس"ی بەدەستھێنا.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Stone" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراقە بۆ ھەشتا و ھەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئەکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٦، ئەمیش بەرھەمی ساڵی ٢٠١٤ی ھەرێمی کوردستان و ئەڵمانیایە، بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمەکانی "ئاسیا لۆس ئانجلێس" لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی تایبەت بەم فیلمە کوردییە بەخشرا.

خەڵاتی باشترین فیلم ئەم فیستیڤاڵە بە فیلمی سینەمایی "مۆریا" Moira لە دەرھێنانی "لێڤان تۆتبێردز" Levan Tutberidze لە وڵاتی جۆرجیا، خەڵاتی باشترین ئەکتەریی ئافرەت بە خاتوو "ماڕتین مەلالی زەکەریا" ئەکتەریی فیلمی سینەمایی "یۆتۆپیا" لە وڵاتی ئەفغانستان و ھەروەھا خەڵاتی باشترین ئەکتەریی پیاو بە "ھەبینگ" لە وڵاتی چین بەخشرا.

ئەم فێستیڤاڵە کۆمەڵێک لە باشترین فیلمەکانی سینەمای کیشوەری ئاسیای لە خۆگرتووە و مەبەستی سەرەکیی لە دامەزراندیی کردنەوەی پردێکیی پەیوەندیی لە نێوان فیلمسازانی ئاسیایی و پیشەیی فیلمسازانی ھۆلیوودییە.

ھەروەھا ئەندامانی ئاکادیمیای ھۆلیوود پڕێسیش لە فیستیڤاڵی فیلمەکانی "ئاسیا لۆس ئانجلێس" بەشدارن کە بە پەسەندکردنیی ئەم گرووپە فیلمە باشەکان ڕەوانەی فیستیڤاڵە گرینگەکان دەکرێن.

فیستیڤاڵی فیلمەکانی "ئاسیا لۆس ئانجلێس" بە بەشداریی ئەم فیلمانەی کە لە لایەن وڵاتانی جۆراوجۆرەری کیشوەری ئاسیاییەوە بە ھەشتا و ھەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٦ ناسێندراون لە ڕۆژانی ٢٦ی ئۆکتۆبەر تاکوو ٢ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ لە شاری لۆس ئانجلێس لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.

سەرۆکی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە لە ئەستۆی "ماریۆ کاسار" Mario Kassar   بەرھەمھێنەریی بەناوبانگی ھۆلیوود بوو کە خاوەنی فیلمە سینەماییەکانی "تێرمیناتۆر" و "ڕامبۆ" و دەیان فیلمی ناوداریی دیکەیە و ھەروەھا دەرھێنەر و نووسەری ناوداری ئەمەریکی "بۆبی مۆریسکۆ" Bobby Moresco کە خاوەنی خەڵاتی ئۆسکارە بۆ فیلمی سینەمایی "کڕاش" Crash یەکێکی دیکە لە ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە گرینگە بوو.

"بۆبی مۆریسکۆ" سەبارەت بە خەڵاتی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" دەڵێت: ئەمە فیلمێکی گەورەیە لە ھەموو ڕوویەکەوە، دڵھەژێن و ئەزموونی خۆشەویستی نەک تەنھا لە بۆ ئازاری دڵی مرۆڤایەتیی لە ناو کێشەدایە بەڵکوو ھەروەھا لەگەڵ پیشەی فیلمسازیدایە: بۆ چی ئەو کارە دەکەین؟ بۆ چی پێویستە بیکەین؟ بۆ چی پێویستە بەردەوام بین؟ ئەوانەی فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"یان دروست کردووە، وایان لە من کرد کە شانازیی بکەم کە من بەشێکم لە خێزانی فیلمسازان لە ھەموو شوێنێک.






هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw