سولی ئۆن وێب ئامادەکردنی: لاژە تەها بە دروشمی (بیرە بوێرەکان مەشخەڵی ڕۆشنگەرین) ۱۹ی ۱۱ی ۲٠۱٥ نۆزدەهەمین فێستیڤاڵی ڕوناکبیریی گەلاوێژ دەست بە چالاکیەکانی دەکات، لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی و بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. دەربارەی فێستیڤاڵی ئەمساڵی گەلاوێژ دکتۆر نەوزاد ئەسوەد بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند : "هەوڵ دەدەین گەلاوێژ ڕەنگدانەوەی ئەم بارودۆخەی ئێستای کوردستان بێت، بیری بوێر بتوانێت ببێت بە مەشخەڵی ڕۆشنگەری، فکری داعشی لاببرێت بە فکری ڕۆشنگەری بە ئاڕاستەی ئاشتی، پێکەوە ژیان و گرنگیدان بە ئازادی تاك". هەروەها وتی: "ئەمساڵ گەلاوێژ هەمەڕەنگترە لە ساڵانی پێشووی، و بەرهەمی زیاترمان دەبێت". هاوکات ئەمساڵ ڕۆژێك تەرخانکراوە بۆ ژن و لێکۆڵینەوەی جێندەری، کە کۆمەڵێك نووسەری ژن لەو بوارەدا بەشداردەبن. هەروەها ڕۆژێك تایبەتە بە نووسەری کورد یەشار کەمال، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕۆمانەکانی، و دیالۆگی کلتووری کوردی ـ تورکی. و ڕۆژی تایبەت بە لێکۆڵینەوەی فارسی و عەرەبی. ئەمانە جگە لە پێشانگای کتێب، پێشانگای فۆتۆگرافی، پێشانگای شێوەکاری، ئێوارەی شیعری، شانۆیی حەللاج و فیلمی دیکۆمێنتاری.