سولی ئۆن وێب
فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دەرھێنانی "بەتین قوبادی" لە دەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ماڕدین " لە باکووری کوردستان نمایشکرا.
فیلمی سینەمایی "مەردان" یەکەمین بەرھەمی بڵندی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بۆ ھەشتاو حەوتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئەکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٥، بە نوێنەرایەتیی ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی "بەتین قوبادی" و ھەروەھا "فەیاز دۆمان" و "ئیسماعیل زاگڕۆس" دوو ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە لە دوو سانسی جیاوازدا، لەوانە: لە کاتژمێر ٣٠/٥ دوانیوەڕۆی ڕۆژی ١٣ نۆڤەمبەری ٢٠١٥ و کاتژمێر ٥ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ لە میانەی دەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ماڕدین " چووە سەر پەردەی سینەماکان.
ئەم فێستیڤاڵە بە نمایشی ٢٥ فیلم لە وڵاتانی تورکیا، میسر، عێراق، ئێران و ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی ١٣ تا ٢٠ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ لە شاری ماڕدین لە باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە ڕۆژانی ١٣ و ١٥ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە بەشی "سینەمای جیھان" لە سی و ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میلی ڤالری" Mill Valley لە شاری ڕافائیل لە ویلایەتی کالیفوڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا چووە سەر پەردەی سینەماکان.
ئەم فێستیڤاڵە بە نمایشی زیاتر لە ٢٠٠ فیلم لە سینەماکارانی زیاتر لە ٥٠ وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: "سینەمای جیھان"، "سینەمای ئەمەریکا"، "سینەمای دیکۆمێنتاریی"، "فێستیڤاڵی فیلمی منداڵان"، بەشی "کورتە فیلم"، بەشی "سینەمای چالاک" و ھەروەھا چەندین بەشی دیکە لە ڕۆژانی ٨ تا ١٨ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە شاری ڕافائیل لە ویلایەتی کالیفوڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.