سولی ئۆن وێب
شاعیری بەناوبانگی سوریی "ئەدۆنیس"، لە ۱۸/۱۱ بانگهێشتی فێستیڤاڵی ئەدەبی میونشنی ئەڵمانیا کرا، بۆ خوێندنەوەی وتاری کردنەوەی ڤێستیڤاڵەکە. لە وتارەکەیدا ئەدۆنیس ڕەخنەی لە ئیسلامی سیاسیی گرتو ئاماژەشی بەوە کرد کە ئەوروپا درەنگ خەتەری تیرۆریزمی ناسی.
یەکێک لە بابەتە سەرەکیەکانی فێستیڤاڵەکە بریتیبوو لە بابەتی“ دەرکردن و پەناهەندە” بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست لەهەمانکاتدا رەهەندی سیاسەتی پەناهەندەی وڵاتە ئەوروپیەکان.
ئەدۆنیس لە شاری پاریسەوە بۆ ئەم ڤێستیڤاڵە هاتبوو، بۆیە باس لە ئەزموونی ئەودۆخە دژوارە دەکات کە فەرەنسیەکان، هەروەها پەناهەندەکانی شاری پاریسیشی پێدا تێپەڕدەبن. چونکە هاوڵاتیەکی عەرەب لەوڵاتێکی ئەوروپی فشاری زیاتری لەسەرە وەک ئەدۆنیس دەڵێت: “ ئەو عەرەبەی لەوڵاتێکی ئەوروپیدا دەژی، لە ژێر کاریگەری ئەو ڕووداوە ناخۆشانەدایە، کە هەستی هاوخەمی لەگەڵ هاوڵاتی ئەو شارەدا دابەشدەکات، کە بۆمن شاری پاریسە، من بەشێکم لەو دۆخەی ئێستا.”
لە میانەی وتارەکەیدا باس لە کارە تیرۆریستیەکەی شاری پاریس دەکات و دەڵێت: “ ئەوەی لە پاریس ڕوویدا، درێژکراوەی ئەو دۆخەیە کە لە وڵاتە عەرەبیەکاندا ڕوودەدات” بۆیە دەبێت ئەوپرسیارە لە ئەوروپا بکەین کە بۆ درەنگ درکیان بە خەتەری تیرۆریزم کرد. “ لە عێراق و سوریا و لیبیا و یەمەن تیرۆر چەندین ساڵە بەردەوامە، بەڵام بۆ ئەوروپیەکان ئەمە وادەردەکەوت کە ژیانی کەسانی ئەو وڵاتانە هیچ بەهایەکی نەبێت، هەموو وڵاتێک تەنها گرنگی بە هاوڵاتیانی خۆی دەدات.”
ئەم وتارەی ئەدۆنیس لە ئێستادا گرنگیەکی بۆ وڵاتانی ئەوروپا هەیە، چونکە ئەوروپا دەبێت بە خۆیدا بچێتەوە لە کاتێکدا کە زۆر لەو وڵاتانەی کە ئێستا بەدەست تیرۆریزمی ئیسلامیەوە دەنالێنن، لە سەردەمی کۆلۆنیالیسمدا لە وڵاتانی رۆژهەلاتی ناوەراست، سەردەمانێک حکومرانی ئەو وڵاتانەیان کردووە.
لە لایەکیتر ئەوروپا دەبێت لە پەیوەندیەکانیدا بەخۆیدا بچێتەوە بەتایبەت بەو وڵاتانەدا کە ئێستا هاوکاری گروپە تیرۆرستەکان دەکەن. هەروەها باس لە ئەلمانیا دەکات کە رابردویەکی کۆلۆنیالی لە وڵاتە عەرەبیەکاندا نیە بەڵام لەم قەیرانەدا رۆڵی بەرچاوی لە هاوکاری پەناهەندەدا بینیوە، دەڵێت: “ هەڵوێستێکی زۆر جوانی بەرامبەی بەناهەندەکان نواند، کە زۆر سوپاسی راوێژکار ئەنجێلا مێرکل دەکەم.”
دەربارەی کۆچکردن لە وڵاتە عەرەبیەکانەوە بۆ ئەوروپا، ئەدۆنیس مێژوویەکی دێرینتری پرۆسەی کۆچکردن دێنێتەوە بیرمان، چونکە لە سەدەی ۱٤ وە لەگەل دروستبوونی دەوڵەتە ئیسلامیەکاندا، نەتوانرا لە وڵاتە عەرەبیەکاندا دەوڵەتی یاسا و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو دروستبکرێت. دەڵێت: “ ئێمە لە وڵاتە عەرەبیەکاندا تائێستا لە چاخی ناڤیندا دەژین.” ئەمە هۆکارە سەرەکیەکەی کۆچکردنە. چونکە ئەوروپا بۆ زۆر کەس، نەک بەتەنها شوێنێکە جەنگی تێدا نیە یان کاری تیدا دەدۆزرێتەوە، بەڵكو وەک ئەدۆنیس دەلێت:” کەسەکان دەیانەوێت هەست بە مرۆڤبوون بکەن، دەیانەوێت تامی ئازادی بکەن وەک هەر هاوڵاتیەکی ئەوروپی.”
لە وتارەکەیدا دەربارەی رۆڵی ئەدەب دەدوێت، دەڵێت: “ لە سەدەی۱٤وە ئێمە لە زیندانی ئیسلامیدا دەژین” بەڵام بەرهەمە ئەدەبیەکان هەرگیز پرسیاریان دەربارەی ماناو جەوهەری ئیسلام نەکردوە. “ ئەدەب دەبێت پرسیاری بناغەیی بکات، لە ئەدەبی عەرەبیدا پرسیار ناکرێت، کە خودی ئەدەب پرسیارە، نەک وەڵام.”
زیاتر لە ۸٠ نوسەر بەرهەمەهانیان لە ڤێستیڤاڵی ئەدەبی موینشندا نمایشدەکەن کە تا ٦/۱۲ دەخایەنێت.
سەرچاوە: Dw.com