سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆی هەولێر شانۆیی "ساڵی شەڕ" لە نووسینی ئەمین مەعلوف و ئامادەکردن و دەرهێنانی شانۆکار مەولان حەمەدەمین، پێشکەش دەکات. ئەم نماییشە ڕۆژی ٢٢ی ١١ی ٢٠١٥ کاتژمێر ٤:٠٠ی ئێوارە لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆی هەولێر نماییش دەکرێت و ڕۆژی دوتریش ٢٣ی ١١ی ٢٠١٥ لە بینای چاکسازیی کۆمەڵایەتی کاتژمێر ١١:٠٠ی بەیانی نماییش دەکرێت.
دەربارەی چیرۆکی شانۆیییەکە مەولان حەمەدەمین دەرهێنەری ئەم کارە بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "شانۆگەریی "ساڵی شەڕ" باس لەو شەڕەی دوای شەڕ دەکات، لەو ساتەی کە مرۆڤەکان لەناخەوە شەکەت دەبن و هەستی شەڕ بەناو قوڵایی ناخدا ڕۆدەچێت و ئەو هەستە نەفرەتییە بۆ چەندین دەیە ناڕەوێتەوە، یەکێک لە کارەکتەرەکانی ناو ئەم نماییشە "ئادریانا"یە کە دەستدرێژی دەکرێتەسەری و لە ئاکامدا منداڵێکی دەبێت، ئەو کارەکتەرە ئەم ڕووداوەی بیرناچێتەوە و هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە قەرەبووی بکاتەوە، بەڵام ئەو بە جۆرێکی دیکە قەرەبووی ئەم ڕووداوە دەکاتەوە بەوەی کە منداڵەکەی بە باشترین شێوە پەروەردە دەکات تا ژیانی داهاتووی نەبێتە قوربانی ڕابردوویی."
ئەو دەرهێنەرە سەبارەت بە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم دەقە بۆ نماییش وتی: "بێگومان سەرەتا دەرهێنەر خوێنەرە پاشان هەوڵی پراکتیزەکردنی نماییش دەدات، خوێنەر زۆرترین سەرنجی بەلای ئەو تێکستە ئەدەبییەدا دەڕوات کاتێک لەگۆشەنیگایەکەوە خۆی تێدا دەبینێتەوە یان لە چوارچێوەی ئەو هەستە مرۆییانەدا بێت کە لەناو هەموو نەتەوەکانی دیکە جیاوازییان نییە وەک "خۆشەویستی و ململانێ و هتد.." ."
وتیشی: "ئەم دەقە ڕووداوەکانی زۆر نزیکن لەو سەردەمانەی کە ئێمە تێیدا ژیایینلە شەڕی ناوخۆ، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نووسەرەکەی خەڵکی وڵاتی "لوبنان"ـە و لەڕووی کلتورییەوە زۆر جیاوازییان نییە، بەڵام خاڵی سەرەکی لای من بۆ هەڵبژاردنی ئەم دەقە دەگەڕێتەوە بۆ فکری خاڵیبوونەوە لە تۆڵە تاوەکو ژیان نەبێتە قوربانیی بیری ڕابردوو ئەمەش بۆ هەموو نەتەوەیەک پەسەندە."
ڕوونیشیکردەوە: "ئەم دەقەی من ئامادەمکردووە بۆ نماییش دەقی "ئادریانای دایک" لەلایەن "ئەمین مەعلوف"ـەوە بۆ ئۆپێرا نووسراوە و مۆسیقا ئامێزە، ئێمە بۆ شێوازی خستنەڕووی ئەم دەقە لە شێوازی شانۆی هەژاردا کارمان کردووە، هەژار لە هەموو ئەو کارئاسانیانەی کارەکتەر و ڕووداوەکان لای بینەر ڕۆشنتر دەکەن بەڵام لە هەستی ئەکتەر دەکوژن و کەمی دەکەنەوە."
هەرچی سەبارەت بە دیکۆر و سینۆگرافیای ئەم نماییشەیە، دەرهێنەر مەولان حەمەدەمین وتی: "دیکۆر لەم نماییشەدا ئاماژە نییە بۆ دەستنیشانکردنی شوێن، کات و سەردەم، بەڵکو تەنها ڕوونکەرەوەی ناخی کارەکتەرە و بەمەش بینەر هەست بە دابڕان ناکات لەگەڵ ڕووداوەکان و بەتەواوی خۆی تێدا دەبینێتەوە، چونکە تایبەت نییە بە هیچ سەردەم و شوێنێک.


مەولان حەمەدەمین دەرهێنەری شانۆییەکە