فێستیڤاڵی گەلاوێژ ڕۆژێک بۆ ژنان تەرخان دەکات

20/11/2015    23:49

فێستیڤاڵی گەلاوێژ ڕۆژێک بۆ ژنان تەرخان دەکات 


Têkst

سولی ئۆن وێب
 ئامادەکردنی: لاژە تەها


ئەمڕۆ هەینی ۱۹ی ۱۱ی ۲٠۱٥ دووهەمین ڕۆژی چالاکییەکانی نۆزدەهەمین فێستیڤاڵی ڕوناکبیری گەلاوێژ، کۆنفرانسی تایبەت بە ژن - جێندەر، بەڕێوەچوو، کە لەلایەن د.نەزەند بەگیخانییەوە سەرپەرشتی دەکرا، لەژێر ناونیشانی (ژنی کورد لە بەرەکانی پێشەوەی خەبات: لە نێوان قوربانی و بەشداری سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزمدا)، تێیدا بە بەشداری کۆمەڵێك کەسایەتی و پسپۆری بواری جێندەر، سیاسەت، ئەدەب و دەروونشیکاری بە شێوەیەکی ئەکادیمییانە شرۆڤەی بابەتەکان کرا.

بابەتەکانی کۆنفرانسی تایبەت بە ژن - جێندەر، لە ٤ پانێڵدا کۆکرابوونەوە، لە دوای وتەی سەرەتای کۆنفرانس لەلایەن د.نەزەند بەگیخانییەوە و نماییشکردنی فیلمی (سەما لەپێناوی گۆڕانکاری) لە دەرهێنانی شەهرەزاد ئەرشادی، دەستکرا بە پێشکەشکردنی یەکەمین پانێڵ (ژن و خەبات و نەتەوە)، پرۆفیسۆر ژولێت مانس و پرۆفیسۆر نیرا یوڤال لە زانکۆی ئیست لەندەن پێشکەشیانکرد.

پانێڵی دووهەم (ژنی کورد و تێرۆریزم)، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بواری ژنان تامان شاکر و ئیدا موێما سەرۆکی بەشی جێندەر و نوێنەری یونامی لە عێراق، تێیدا باسیان لە بەکارهێنانی ژنان کرد بۆ کارە تێروریستییەکان و دژایەتی بیری توندڕەو و تواناسازی ژنان، و لەلایەن سوفی موسێ بەڕێوەبرا.

پانێڵی سێهەم (ژن و کاریگەرییەکانی جەنگ)، پرۆفیسۆر جیل هەیگ و سوفی موسێ باسیان لە توندوتیژیی دژی ژن لەکاتی جەنگ و دەستدرێژییە سێکسییەکان و بەکارهینانی ژنیان کرد وەک ئامرازێک، ئەم پانێڵەش لەلایەن ئاڵا لەتیف ڕۆژنامەنووس و مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی بەڕێوەبرا.

لە پانێلی کۆتایی و چوارەمدا پرۆفیسۆر جان ئیلهان قزڵخان، پسپۆڕی بواری سایکۆلۆژی و سایکۆترۆماتۆلۆژی، توێژینەوەیەکی لەسەر لایەنی دەرونی کچانی ئێزدی و نەخۆشی سترێسی پۆست ترۆما لەلایان پێشکەشکرد. دوای ناردنی کۆمەڵێك لە کچ و ژنانی ئێزدی بۆ ئەڵمانیا لەلایەن حوکمەتی هەرێمەوە بۆ چارەسەرکردن، پرۆفیسۆر جان ئیلهان سەرپەرشتی چارەسەرکردنیان دەکات و چارەسەری پۆست ترۆمایان پێشکەش دەکات. هەروەها دکتۆر نەزەند بەگیخانی توێژینەوەیەکی لەسەر توندوتیژی سێکسی و لاقەکردن لای داعش پێشکەشکرد کە پێشتر لە چەند کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا پێشکەشی کردووە و باسی لە کارە مەیدانییەکانی کرد بە تایبەت لە کەمپی خانکێی دهۆك و کاری لەسەر ۱۲ کچی ئێزدی ڕزگاربووی ژێر دەستی داعشی وەکو سامپڵی توێژینەوەکەی کردووە ، دکتۆر نەزەند ئاماژەی بەوەدا کە هێشتا توێژینەوەکەی کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە. لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا پێشنییاری ئەوە کرا کە ڕۆژێ تایبەت بە ژن بۆ لەمەودوا لە هەموو ساڵێکی گەلاوێژدا بوونی هەبێت و وەك دەستکەوتێکی گرنگ بۆ گەلاوێژ دانرا لە نۆزدەهەمیین ساڵیدا.




هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw