ئامادەکردنی: ڕاز حەسەن لە ژێر دروشمی (لە سایەی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی پێشمەرگە سروود بۆ ئازادی دەڵێین) وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری کۆیە سێیەمین فێستیڤاڵی هونەری (پیاوی هەموو وەرزەکان) ساز کرا. هەردوو رۆژانی ١٦و ١٧ ی /١١/٢٠١٥ لە هۆڵی سەنتەری گەنجانی کۆیە کاتژمێر ٣:٣٠ پاش نیوەرۆ بە ئامادەبونی هەندێک لە هونەرمەندانی شارەکانی کوردستان و قەزایە کۆیە و هونەردۆستانی ئەو قەزایە فیستیڤاڵەکە بەڕێوەچوو. لە سەرەتادا فیستیڤاڵەکە بە پێشانگایەکی فۆتۆگرافی کرایەوە کە فۆتۆکانی هەریەک لە فۆتۆگرافەران (یونس محەمەد- هەولێر، ڕەنج عەبدوللە- سلێمانی، ڕێبین چالاک- کۆیە، ناسح عەلی خەیات، سلێمانی، عەتا حەمەسالح) کرایەوە. پاشان وتەی فیستڤاڵ خوێندرایەوەو ئاماژە بەوە کرا کە " بە مەبەستی شکاندنی نەریتی یادکردنەوە و بەردەوام خولانەوە و خۆخواردنەوە لە ناو ژانی لە دەستدانی ئازیزانمان و لە پێناو بەدیهێنانی دەیان خەونی هونەری و رەنگاڵەیی هونەرمەند (محێدین رەزا حەمەلاو) لیژنەی باڵای فیستیڤاڵی هونەری پیاوی هەموو وەرزەکان بە ڕاوێژکردن لەگەڵ بنەماڵەی هونەرمەند یادکردنەوەی ساڵانەی ئەو هونەرمەندە دەکا بە فیستیڤاڵ کە شایەنی هونەری کوردی و شاری کۆیە و ئەو هونەرمەندەش بێت". لە لێدوانێکدا (ئومێد رەزا) تایبەت بە سولی ئۆن وێب وتی " دوا کاری هونەرمەند کاستینگ کردن بوو لە فیلمی (بێکەس) کە لەلایەن (کارزان قادر)ەوە دەرهێانی بۆ کرابوو (محێدین ڕەزا) هەر لە ناو فیلمەکەشدا وەفاتی کرد، لە هەموو شارێکدا کاری هونەری کردووە بۆیە فیستیڤاڵەکە بە ناوی پیاوی هەموو وەرزەکانە". هەروەها لە درێژەی فیستیڤاڵەکە باس لەوە کرا کە ئەو هونەرمەندێک بوو لە تەمەنێکی کورتی پر لە کێشمە کێشدا دەستی هەبووە لە دەیان پرۆژەی زانستی و هونەری و خێرخوازی هەرەها لە دەیان شانۆ بەژداری کردووە و کاری دەرهێنان و سیناریۆ و مۆنتاژو یاریدەدەری دەرهێنەری بۆ فیلمی کورت و کلیپ و بەرنامەی تەلەفیزیۆنی کردووە لە ئەنجامدا بەرهەمی هونەری کۆیەی گەیاندووە بە زۆر شوێنی کوردستان و دەرەوەی کوردستان. لە دوای پێشانگای فۆتۆگرافی و وتەی فیستیڤاڵ دەستکرا بە لێدانی چەند کلیپێکی کوردی جۆراو جۆری هەر چوار پارچەی کوردستان و پاشان کۆتایی هات بە یەکەم ڕۆژی فیستیڤاڵەکە. دووەم رۆژی فیستیڤاڵەکە بریتیبوو لە نمایشکردنی فیلمەکان و دابەش کردنی خەڵات بەسەر کلیپ و فیلمە یەکەمەکان. خەڵاتەکان بەم جۆرە بوون: خەڵاتی یەکەم بەخشرایە کلیپی (مەڕۆ) لە تێکستی سیروان جاف و گۆرانیبێژ ڕۆژ کەریم، هەردی عومەر کاری سیناریۆ و دەرهێنانی بۆ کردووە هەرەوەها لایەنی بەرهەم هێن کوردسات تیڤی یە. خەڵاتی دووەم بەخشرایە کلیپی (شەنگال) کە تێکستی گۆرانییەکە لەلایەن ئەلیند زاخۆییەوە نوسراوە و سیناریۆو دەرهێنانی راژیف گاندیە هەروەها لە وتنی گۆرانیبێژ ئەلیندە لایەنی بەرهەم هێنی ئەم کلیپە کۆمپانیای رۆژە لە ئەڵمانیا. خەڵاتی سێیەم بەخشرایە کلیپی (گەورێ) لە تێکست و میلۆدی هەروەها وتنی ئادارە سیناریۆ و دەرهێانی فەسیح پاکدۆغان لایەنی بەرهەم هێنی ئەم کلیپە دەنگ پرۆدەکشنە لە باکوری کوردستان. هەروەها خەڵاتی فیلمەکان: خەڵاتی یەکەم درا بە فیلمی (ئەپارتمانی مێرولەکان) سیناریۆو دەرهێنانی ئەم فیلمە تۆفیق ئەمانیە، شەوبۆ سولەیمانی و فەرشید گەوێڵی کاری نواندنیان بۆ کردووە ئەم فیلمە بەرهەمی بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیانە، بەشداری چەندین فیستیڤاڵی جیهانی کردووە و براوەی چەند خەڵاتێکی گرنگە. خەڵاتی دووەم بۆ فیلمی (مایکرۆفۆن) بوو کەریم غەفور کەریمۆک سیناریۆو دەرهێنانی بۆ کردووە و نواندنی لەلایەن سۆلاڤ شەیدا و پێشەوا ناسیح و سرود سەلاح ە فیلمەکە بەرهەمی بەڕێوبەرایەتی هونەری سینەمای هەولێرە و بەشداری چەندین فیستیڤاڵی جیهانی کردووە و براوەی چەند خەڵاتێکی گرنگە. خەڵاتی سێیەم درا بە فیلمی (تۆمار) سیناریۆو دەرهێنانی هەوراز محەمەدە مۆنتاژ و دەنگدانی لەلایەن سەنگەر عەبدوڵاوە بۆ کراوە ئەم فیلمە بەرهەمی بەڕێوبەرایەتی هونەری سینەمای سلێمانییە، بەشداری چەندین فیستیڤاڵی جیهانی کردووە و براوەی چەند خەڵاتێکی گرنگە. لە کۆتایدا (ڕەوەز مەولود) ئەندامی لیژنەی باڵای فیستیڤاڵ بە سولی ئۆن وێبی وت" دەمانەوێت لەسەر هەر چوار بەشەکەی هونەر فیستیڤاڵەکە ئەنجام بدەین بەڵام لەبەر ئەوەی زۆربەی کارەکان خۆبەخش بون نەمان توانی بە شانۆ بەشداری بکەین".