سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: لاژە تەها
ئەمڕۆ شەممە ۲۱ی ۱۱ی ۲٠۱٥ سێهەمین ڕۆژی چالاکییەکانی نۆزدەهەمین فێستیڤاڵی ڕوناکبیری گەلاوێژ تایبەت بە ئەدەبییاتی تورك و نووسەری بە ڕەچەڵەك کورد یەشار کەمال، لە ۳ پانێڵدا بەڕێوەچوو، کە لەلایەن بەکر شوانییەوە سەرپەرشتی دەکرا، لەژێر ناوی (یەشار کەمال)، تێیدا بە بەشداری کۆمەڵێك کەسایەتی و نووسەر و ڕوناکبیری تورك و کورد گفتوگۆ کرا لەسەر ئەدەبییاتی تورك و ئامادەیی کورد تێیدا و ئەدەبیاتی یەشار کەمال بە تایبەتی.
سێهەمین ڕۆژی فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە کورتە ڤیدیۆیەك دەستی پێکرد کە لەلایەن شێوەکاری تورك ئەحمەد گوینەشتەکین ئامادەکرابوو بۆ یەشار کەمال لەگەڵ شیعری گۆچانی سووریی کە لە تورکییەوە وەرگێڕدرابوو بۆ کرمانجی.
لە پانێڵی یەکەمدا کە تایبەت بوو بە کلتوور و ئەدەبییاتی توركی، ڕۆماننووس ئەردۆگان ئاکهانلی بابەتێکی تایبەتی لەسەر (ئەدەبییاتی توركی-تێڕوانینێکی گشتی) پێشکەشکرد، باسی لە ئەزمونی نوسینی ڕۆمان کرد لە تورکیا و ڕۆمانەکانی یەشار کەمال بە تایبەتی، دواتر نووسەر و توێژەر موسلیم یوجەل قسەی لەسەر (وێنەی کورد لە ڕۆمانی تورکیدا) کرد و ئاماژەی بە پرسی کورد دا لە ڕۆمانە تورکییەکاندا، پاشان نووسەر بولەنت ئوستا بابەتی (ئاڕاستە و تەگەرەکانی ئەدەبیاتی هاوچەرخ و شوێنی ئەدەبیات لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا)، و نووسەر وتی: "سەرەڕای ئەم هەموو جەنگە من ئێستا لە فێستڤاڵێکدام کە بۆ ماوەی ۱۹ ساڵە بەردەوامە، ئەمە گرنگییەکی زۆری هەیە"، لە کۆتاییدا ڕۆماننووس یاوز ئەکینجی بابەتی (ئەدەبیات لە ڕۆژانی کارەساتدا) ی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی هونەرمەند و نووسەران دا لەم دۆخەدا و گرنگی فێستیڤاڵێکی لەم چەشنەی بەرز نرخاند وەکو خەباتێك ڕووبەڕوی کارەسات و جەنگەکانی ئێستا.
لە پانێڵی دووهەمدا خاتوو ئایشە سەمیحە بابان هاوژینی یەشار کەمال وتەیەکی دەربارەی یەشار کەمال پێشکەش کرد، دواتر ڕەخنەگر خاتوو ئایشەگوڵ تۆزەرەن بابەتێکی دەربارەی (مۆدێلی ئەدەبیاتی یەشار کەمال: گەرمای زەرد-گڕە) پێشکەش کرد، هەروەها شێوەکاری تورك ئەحمەد گوینەشتەکین بابەتی (پۆرترێتی یەشار کەمال بە ڕەنگ)ی پێشکەش کرد.
پانێڵی سێهەم نووسەر و توێژەر موسلیم یوجەل بابەتی (چاوەڕوانی لای یەشار کەمال)ی پێشکەش کرد، هەروەها میدیاکار و وەرگێڕ بەکر شوانی بابەتێکی پێشکەش کرد دەربارەی (بۆچوونی یەشار کەمال دەربارەی زمانی کوردی).
هەروەها فیلمی دیکۆمێنتاری (دەنگی خاك-یەشار کەمال) پێشکەشکرا لە دەرهێنانی دەرهێنەر و میدیاکار سیروان ڕەحیم.
دوابەدوای کۆتایی هاتنی پانێڵەکانی سێهەمین ڕۆژی فێستیڤاڵ، میوانانی فێستیڤاڵ بانگهێشت کرابوون بۆ تەماشاکردنی شانۆیی (حەللاج) لە دەرهێنانی بەکر ڕەشید و نوسینی فوئاد مەجید میسری لە هۆڵی ڕۆشنبیری کاتژمێر ٤:٠٠ ی ئێوارە و ڕۆژانی دواتریش بەردەوام دەبێت.
کۆتا چالاکی سێهەمین ڕۆژی فێستیڤاڵ، شەوی شیعری گەلاوێژ بوو بە سپۆنسەری ماڵی چالاك.

