سولی ئۆن وێب
فیلمی بڵندی "ئاڵای بێ وڵات" لە دەرھێنانی "بەھمەن قوبادی" لە نۆیەمین خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پاسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" بۆ وەرگرتنی خەڵات کاندیدکراوە.
فیلمی "ئاڵای بێ وڵات" A Flag Without a Country نوێترین بەرھەمی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" و لە بەرھەمھێنانی پارێزگاری ھەولێر کە بەم دواییانە قۆناغە تەکنیکییەکانی کۆتایی ھاتووە و لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم"ەوە ئامادەکراوە، لەگەڵ ٤ فیلمی سەرکەوتووی بڵندی دیکە لە سەرتاسەری کیشوەری ئاسیا لە نۆیەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پاسیفیک" ASIA PACIFIC ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بۆ وەرگرتنی خەڵات کاندیدکراوە.
ئەم ٥ فیلمە لە نێوان زیاتر له دوو ههزار فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری کیشوەری ئاسیا و لە بەرھەمھێنانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان چوونە قۆناغی کۆتای و بەشی پێشبڕکێی "ئۆسکاری ئاسیا"ییەوە کە بریتین لە: فیلمی "لە نێوان ئیماندارەکان" Among The Believers لە دەرھێنانی "ھێمال تریویدی" و "محەمەد عەلی نەقەوی" لە وڵاتانی پاکیستان و ئەمەریکا، فیلمی "وڵاتێکی دیکە" Another Country لە دەرھێنانی "مۆری ڕینۆڵدر" لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا، فیلمی "شارەوانی چین" The Chinese Mayor (Datong) لە دەرھێنانی "ژوو ھائۆ" لە وڵاتی چین، فیلمی "ڕوانین لە بێدەنگی" The Look Of Silence (Senyap) لە دەرھێنانی "جاشوا ئۆوینھایمێر" لە وڵاتانی ئەندۆنیزیا، دانیماڕک، نۆڕویژ، فینلەندا و بەریتانیا و فیلمی "ئاڵای بێ وڵات" A Flag Without a Country لە دەرھێنانی "بەھمەن قوبادی" لە ھەرێمی کوردستان.
ئاڵای بێ وڵات" لە سەر داوای پارێزگاری ھەولێر لە ھەرێمی کوردستان و لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم" بەرھەمھاتووە و "بەھمەن قوبادی" ماوەی دوو ساڵ کاتی خۆی بۆ سازکردنی ئەم فیلمە بڵندە تەرخانکردووە.
ئەم فیلمە ژیانی دوو گەنجی ئەمڕۆی کورد لە ھەرێمی کوردستان بۆ بینەر باس دەکات کە سەرقاڵی سازکردنی وڵاتەکەیانن کە ساڵانێکی زۆرە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتە زلھێزەکانی عێراقدا بووە و ئەمڕۆکە دەرفەتێکیان بۆ ڕەخساوە کە نیشتمانەکەیان دروست بکەن. بەڵام تاکوو دەیانەوێت خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن لە شوێننێکی دیکەوە و لەم سەردەمەی ئێستاکەدا لە لایەن گروپی تیرۆریستی داعش ھێرش دەکرێتە سەر کوردستان و ئەم گەنجە کوردانە ناچارن کە وەکوو باوک و باپیرانیان لە ڕابردوودا دیسانەوە چەکەکانیان ھەڵگرن و ڕووبکەنە بەرەکانی جەنگ و ڕووبەڕووی شەڕێکی داسەپاو بوەستن.
خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پاسیفیک" APSA دەوڵەتی کۆئینزلەندی ئوستوڕاڵیا بە پشتیوانی یۆنسکۆ و ھەروەھا فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی یەکێتی بەرھەمھێنەرەکانی فیلم (فیاپف) ھەموو ساڵێک بە باشترینەکانی سینەمای "ئاسیا پەسیفیک" دەبەخشێت. مەبەست لە پێشکەش کردنی ئەم خەڵاتانە، ڕێزلێنانە لە دەستکەوتە سینەماییەکانی فیلمەکانی ناوچەی "ئاسیا پاسیفیک" و ھەروەھا دروستکردنی بازاڕێکی جیھانی فیلمە.
ڕێوڕەسمی کۆتایی نۆیەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پاسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" بە سەرۆکایەتیی "مایکل ھاوکینز" Michael Hawkins شەوی پێنجشەمە ٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ لە شاری بریسبان لە ویلایەتی کۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوراڵیا بەڕێوەدەچێت و تیایدا سینەماکارانی سەرکەوتووی بەشە جۆراوجۆرەکان، لەوانە: باشترین فیلم، باشترین دەرھێنان، باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی، باشترین فیلمی ئەنیمەیشن، باشترین سیناریۆ، باشترین فیلمی گەنجان، باشترین ئەکتەری پیاو و ھەروەھا باشترین ئەکتەری ئافرەت لە لایەن ئەندامانی لیژنەی دادوەرانەوە دەناسێندرێن و خەڵات بەسەریاندا دابەشدەکرێت.