سولی ئۆن وێب ئامادەکردنی: ژیوار جەوهەر "با جیھان پڕتەقاڵی بکەین" کەمپەینێکی سەر بە نەتەوە یەگرتووەکانە و ھەموو سالێک لە ٢٥ی نۆڤێمبەر بەڕێوەدەچێت، کە دەکاتە ڕۆژی جیھانیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و کچان. ئەم کەیمپەینە تا ڕۆژی ١٠ی دیسەمبەر، واتا ڕۆژی جیھانیی مافەکانی مرۆڤـ، بەردەوامی دەبێت. لە ماوەی ئەم شازدە ڕۆژە لە زۆربەی وڵاتان، چالاکی جۆراوجۆر و فیستیڤاڵی فیلم و کۆڕ و سێمینار ئەنجام دەدرێت و زۆربەی شوێنە مێژووییەکانیش بە ڕەنگی پرتەقاڵی ڕووپۆش دەکرێن. بۆ وێنە، "ئیمپایەر ستەیت بوڵدینگ" لە ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٤ بە ڕەنگی پرتەقاڵی ڕووپۆش کرا، ئەھرامەکانی میسڕ و چەندانی شوێنەواری میژوویی دیکەش. بۆچی ڕەنگی پڕتەقاڵی؟ چونکە ڕەنگی پرتەقەڵی، جگە لەوەی کە وەک ڕەنگێکی پڕشنگدار و گەشبینانە دادەنرێت، نیشانەی ھیوایە بۆ ئایندە. لەو چوارچێوەیەدا ئەم ساڵ "سەنتەری جێندەر و گەشەپێدان" لە زانکۆی ئەمەریکی لە شاری سلێمانی بڕیاریدا بەشداری ئەم کەمپەینە جیھانییە بکات. ئێوارەی دوێنێ ٢٥ی نۆڤەمبەر بە بڵاوکردنەوەی کتێبێک دەستیان بە چالاکییەکانیان کرد. لەو ئێوارەیەدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەر، وەرگێڕ و کەسایەتی ئامادەی بوون، دووەمین کۆمەڵە شیعری خانمە نووسەری کورد چۆمان هەردی بڵاوکرایەوە. ناونیشانی کتێبەکەی چۆمان هەردی بریتییە لە " تێڕامان لە ژنان" کە بە زمانی ئینگلیزی چاپکراوە و دووەمین کۆمەڵە شیعری ئەو خانمە شاعیرەیە کە بە زمانی ئینگلیزی چاپ دەبێت. کتێبەکە بەگشتی دەربارەی ئەو ژنانەیە کە دووچاری توندوتیژی بوونەتەوە و بە تایبەتیش، دەربارەی ژنانی دەربازبووی تاوانی ئەنفالە. هەر لەو ئێوارەیەدا چۆمان هەردی ژمارەیەک لە شیعرەکانی بە زمانی کوردی و ئینگلیزی بۆ ئامادەبووان خوێندەوە. جێگەی ئاماژەبۆکردنە لەم ئێوارەیەدا موزیکی ڕاستەوخۆ پێشکەش بە میوانان کرا و چەند چالاکییەکی دیکە لەلایەن قوتابیان و ئامادەبووانەوە ئەنجامدرا. جگە لەو ئێوارەیە بڕیارە لەماوەی ئەم شانزە ڕۆژەدا لە ناو زانکۆی ناوبراو، چالاکیی تر ئەنجامبدرێت، گرنگترینیان "تاگ سیمینارە" کە لە ٢ی دیسەبەر ئەنجام دەدرێت. ئەم سمینارە، لە لایەن (تەیک ئەکشن گروپ)ەوە ڕێکخراوە و تیایدا توێژینەوەکانی خوێندکاران دەربارەی نادادپەروەرییەکانی ناو کۆمەڵگا و میوزیک و کورتە فیلم پێشکەش دەکرێت. لە دەستپێکی کەمپەینەکەدا وتەی کردنەوەی کەمپەینەکە لەلایەن هەردوو خوێندکاری زانکۆی ئەمریکی ژیوار جەوهەر و شاتوو دیارەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کراو و سولی ئۆن وێب دەقی ئەو وتەیە بۆ خوێنەران بڵاودەکاتەوە: "یەکەم ھەنگاو بۆ ئەوەی بەسەر ھەر کێشەیەکدا زاڵبیت، تێگەیشتنە لە کێشەکە. چۆن توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەنجامدراوە؟ کێشەکان چین؟ ئەو مێکانیزمانە چین کە بەکارھێنراون بۆ بێدەنگکردن، پەراوێزخستن، و جیاکردنەوەی ژنان؟ ئەی کاردانەوەی خەڵکی چییە؟ لە کۆتاییشدا، بۆچی دەمانەوێت کۆتایی بەو نادادییە بێنین و چۆنیش دەتوانین چارەسەری بکەین؟ رێکخراوی بەشی ژنانی نەتەوە یەگرتووەکان لەسەر ئەو بابەتە دەڵێت: "ژنێک لەناو سێ ژندا، لە ماوەی تەمەنیدا، دووچاری تووندووتیژی جەستەیی و سێکسی بووەتەوە- درمێک کە تووشی بەشێکی زۆری ئەو جیھانە بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، جیاوازە لە نەخۆشی، چونکە، وەک چۆن تاوانباران و تەنانەت ھەموو کۆمەڵگاش دەتوانێت ئەوە ھەڵبژێرێت کە تووندووتیژییەکە ئەنجام بدات- بەھەمان شێوەش دەتوانێت بووەستێت لە ئەنجامدانی. تووندووتیژی شتێک نییە کە ھەر دەبێت ئەنجام بدرێت. دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت. بەڵام ئەوە وەک لەناوبردن و ریشکێشکردنی ڤایرۆسێک ئاسان نییە. لێرەدا، ھیچ ڤاکسینێک یان چارەسەرێکی پزیشکی بوونی نییە. تەنانەت تاکە ھۆکارێکیش لە ئارادا نییە کە بۆچی ئەمە ڕوودەدات." ئێمە داواتان لێدەکەین یارمەتیدەر بن و ببنە بەشێک لەم کەمپەینە. تاوەکو ھەموومان ئاگادارنەبین و درک بە کێشەکان نەکەین، ناتواین ھیچ کردارێک ئەنجام بدەین. بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری بە تەنھا زانیاریمان ناداتێ، بەڵکو وامان لێدەکات ھەنگاوی جددی و کاریگەر لەھەمبەر کێشەکان بگرینە بەر- چونکە ھەر کە یەکجار کێشەیەکمان بینی، ناتوانین جارێکی تر چاوپۆشی لێبکەین... ئەم ساڵ، زانکۆی ئەمەریکی خۆی پرتەقاڵی-پۆش کردووە. ساڵی داھاتوو، تەواوی کوردستان پرتەقاڵی دەکەین!" فۆتۆکان: محەمەد بابان هۆنیا کەمال لوئەی پەڕەی تایبەتی زانکۆی ئەمریکی لە فەیسبووک