سولی ئۆن وێب ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا ماڵی وەفایی لە شاری هەولێر کە وەک ناوەندێکی کلتوریی لە شارەکەدا چەند ساڵێکە چالاکییەکانی پێشکەش دەکات، پێشتر لە بینایەکی بچکۆلەی دوور لە ناوەندی شار چالاکییەکانی ڕێکدەخست، لە ئێستادا سەرپەرشتیارانی ئەو ناوەندە بینایەکیان بە ڕووبەرێکی فراوانترەوە و لە سەنتەری شاری هەولێردا ئامادەکردووە و سەرپەرشتیاری ماڵی وەفایی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات هەوڵدەدەن لەمەودوا چالاکییەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرفراوان بکەن لە شاری هەولێر. یەکەمین چالاکیی ماڵی وەفایی دوای فراوانبوونی ماڵەکە بریتییە لە ڕێکخستنی مەراسیمێک بۆ بڵاوکردنەوەی نوێترین ئەلبومی هونەرمەند بەهجەت یەحیا بەهاوکاری ناوەندی ئەندێشە، کە بڕیارە سبەی ٢٨ی ١١ی ٢٠١٢ کاتژمێر ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ لە ماڵی وەفایی بەئامادەبوونی هونەرمەند بەهجەت یەحیا بەڕێوەبچێت. دەربارەی فراوانکردنی ماڵی وەفایی سۆران عەزیز سەرپەرشتیاری ماڵی وەفایی بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "لای هەمووان ئاشکرایە کە شوێنی پێشومان، شوێنێکی بچوک بوو، مەجالی چالاکیی نەبوو، هەڵبەت چالاکیی گەورە، هاوکات شوێنەکە سەنتەری شار نەبوو، زۆربەی دۆستان و برادەران گلەیی دورییان دەکرد، ئەوجا بۆ کتێبفرۆشییەکە زۆر باش نەبوو، بۆیە بیرمان لەوە کردەوە کە شوێنێکی باش بگرین لەناو بازاڕدا، ئەوەی ئێستا شوێنێکی گەورەیە و سەنتەری شارە، مەجالی زۆرترمان هەیە بۆ چالاکیی هەمەجۆر، بۆیە لێرەوە دەبێت شتانی زۆر بکەین." وتیشی: "هەوڵی زۆرمان هەیە چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە و فێستیڤاڵ بەڕێوەبەرین، ئەوەش ناشارمەوە کە کرێی ئەم بینایەی ئێستامان زۆرە و دەبی هەرچیمان کردبێت وابکەین ئەو ماڵە وا لێ بکەین زەرەر نەکەین. چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی ماڵی وەفاییش هەر بەردەوام دەبێت و بەرفراوانتریش دەبێت. لەم ماڵە نوێیەدا مەجالی دانیشتن و قاوەخواردنەوە و زۆرترە و دۆستان دەتوانن بێن و دابنیشن و بەئازادانە گفتوگۆی خۆیان بکەن." ڕونیشیکردەوە: "دەستپێکی کردنەوەی ماڵەکە بریتییە لە مەراسیمێک بۆ هونەرمەند بەهجەت یەحیا بۆ بڵاوکردنەوەی نوێترین ئەلبومی خۆی، ئەڵبەت بەهاوکاریی ناوەندی ئەندێشە." شوێنی نوێی ماڵی وەفایی دەکەوێتە ناوەندی شاری هەولێر بەرامبەر چایخانەی مەچکۆ