کارزان کاردۆزی
لە ساڵی ١٩١٣ دا، دوای ئەوەی کە دەرهێنەری فەرەنسی لوی فۆییاد بۆ زیاتر لە حەوت ساڵ کاری دەرهێنانی سەدان کورتە فیلمی کۆمیدی و درامیی و مێژوویی دەکات، بۆ یەکەمجار دەست دەکات بە دەرهێنانی زنجیرە فیلمێکی تاوانیی لە ژێر ناوی "فانتۆماس" دا.
چیرۆکی زنجیرە فیلمەکانی ''فانتۆماس'':
کۆی کارەکان لە پێنج فیلم و زیاتر لە پێنج کاتژمێر پێکهاتوون و سەرچاوەکەیان پەرتووکەو پڕ فرۆشیارەکانی نووسەرانی فەڕەنسی مارسیل ئالین و پییر سۆیڤیسترە؛ چیرۆکی فیلمەکە باس لە تاوانبارێکی فیڵبازی زیرەک دەکات بە ناوی فانتۆماس کە خەریکی کاری چەتەیی ئەڵماس و ئاڵتوون و کاری تێکدەرانەیە، ئەو پۆلیسە نهێنیەی کە هەمیشە لە هەوڵی گرتنیدایە، جۆڤ و هاوڕێ زیرەکە ڕۆژنامەنووسەکەی، فاندۆر (وەکوو شارلۆک هۆڵمز و دکتۆر واتسن). ئەم سێ کەسە هەمیشە لە گەمەیەکی بێ کۆتایی ڕاکردن و خۆ حەشاردان و دۆزینەوەی یەکتردان. هەمیشە لە بازنەیەکدا بە دوای یەکتردا دەخولێنەوە کە هیچیان لەم جەنگە دابڕاوەنین. فانتۆماس کاتێک کە کرداری چەتەیی و دزینی ئاڵتون و ئەڵماس ناکات، کاری تێکدان و تیرۆرریستی دەکات؛ لە تەقاندنەوەی شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێل و ماڵ و دوکان و بانک و بۆ لەناوبردن و کووشتنی دووژمنەکانی. زۆر لە گرتەکانی فیلمەکە تێکەڵبوونێکی سرووشتی و ڕاستەقینەی وێنەگریی سەر شەقام و کۆڵانەکانی شاری پاریسە لەگەڵ وێنەگریی فانتەسی ناو ستۆدیۆکاندا. ئەم تێکەڵبوونی سروشتی و فانتەسیە دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری کورتە فیلمەکانی دوو لە دەرهێنەرانی سینەمای فەڕەنسی کە لە تەمەنی لاوێتیدا فۆییاد ئاشنای فیلمەکانیان دەبێت، لە فیلمە فانتەسیەکانی دەرهێنەر جۆرج میلی و فیلمە سروشتی و دۆکۆمنتاریەکانی براکانی لومێردا.
یەکێک لە بیرۆکە سەرەکیەکانی زنجیرە فیلمە تاوانکاریەکانی فۆییاد هەمیشە جەنگی نێوان چاکە و خراپەیە کە تیایدا هەردوولا بە یەکسانی دەجەنگن و لە کۆتایدا هیچیان بەسەر ئەویتریاندا زاڵ نابێت و جەنگەکە هەمیشە بەردەوامە. هەر کاتێک یەکێک لە تاوانبارەکان دەستگیر دەکرێت؛ ئەمە دەبێت بە هەنگاوێکی نوێ بۆ دۆزینەوەی چەتەکانی لەوان گەورەتر، یان هەمان تاوانبار ڕادەکات و جارێکی تر جەنگی نێوانیان دەست پێدەکاتەوە. لەم دنیایەدا بە خێرایی کەسەکان دێن و دەڕۆن، زۆر لە کارەکتەرە سەرەکیەکان لە ناودەچن و کەسانی تر جێگەیان دەگرنەوە و جەنگی سەر شەقامەکان و ناو شارەکانی فەرەنسا هەر بەر دەوامە. چەندە فیلمەکانی فۆییاد چیرۆکەکانیان ملیۆدرامیاتیکی و پڕ لە ڕووداو و کردارە و هەمیشە لە گۆڕانیی ئاڵۆزیدان لە ساتێکەوە بۆ ساتێکی تر لە هەمان کاتدا زۆر بیرۆکە و گرتەی سوریالیزم و ئەبستراکت دەبینێرت کە هەندێکیان هەمیشە لە فیلمەکانیدا دووبارە دەبنەوە؛ خوێن لە دیوارەوە دێتە دەر، بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و بایەلۆجی، هەندێک جار کارەکتەرەکان سیمای خۆیان تێکەڵ دەکەن لەگەڵ گیانەوەرانی تردا، ئافرەتی باڵدار، سیفینکسی نیوەی شێر و نیوەی مرۆڤ، جلوبەرگ پۆشین و فڕین وەکوو شەمشەمەکوێرەیەک، یاخود گۆڕینی سیما و ناسنامە و دزینی ناسنامەی کەسانی تر؛ چەتە دەبێت بە پۆلیس و پۆلیس دەبێت بە چەتە.
زیاتر لە کارەکانی پێشتری تری فۆییاد، زنجیرە فیلمەکانی 'فانتۆماس' بینەرێکی زۆریان دەبێت لە سینەماکانی فەرەنسا و ووڵاتانی ئەوروپادا و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بۆ فیلمەکانی داهاتووی؛ فۆییاد بەردەوام بێت لەسەر دروستکردنی زنجیرەیەکی نوێی فیلمی تاوانکاریدا، ئەمجارە لە زنجیرە فیلمی 'لیس ڤامپیریس' دا. گەرچی فیلمەکانی زنجیرەی تاوان و چەتەیی فۆییاد ناوبانگێکی تایبەتی بۆ ئەو پەیدادەکەن و بینەرێکی زۆریان دەبێت، بەڵام ڕەخنەگران لەو ساڵانەدا و هەروەها لە ساڵانی داهاتووشدا هەمیشە هێرشیان دەکردە سەر فیلمەکان و وەکوو کارێکی منداڵانە و سووکیان پێناسەدەکرد کە دوورن لە هونەرەوە بە تایبەتی لە بەکارهێنانی چیرۆک و ڕووداو و کرداری تاریکیی چەتەیی و دزی و کوشتن و فێڵبازی و هەڵخەڵەتاندن و تێکەڵکردنیان بە ژانری کۆمیدی. ئەمە دەبنە هۆی ئەوەی کە لە ساڵانی داهاتوودا فیلمەکانی فۆییاد لەلایەن ڕەخنەگران و مێژوونووسانەوە پشتگوێ بخرێن و وەکوو کارێکی بازاڕی و دوور لە هونەر سەیربکرێن، تاوەکوو لە ساڵانی ناوەڕاستانی پەنجاکادا بۆ جارێکی تر فیلمەکانی لە لایەن ڕەخنەگرانی گەنجانی گۆڤاری "کایو دوو سینەما" و دەرهێنەرانی داهاتووی شەپۆلی نوێی فەرەنسیەوە دێنەوە بەر باس و بۆ جارێکی تر فیلمەکانی فۆییاد لە سینەماکانی فەرەنسادا بۆ نەوەیەک و بینەرێکی نوێ نمایش دەکرێنەوە.
*ئەم خوێندنەوانەی نووسەر بۆ ئەم فیلمانە بەشێکن لە پڕۆژەی کتێبێکی گەورە دەربارەی هونەری سینەما بەناوی "سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر" کە بڕیارە لە پایزی ساڵی ٢٠١٦دا بڵاوبکرێتەوە.