سولی ئۆن وێب
پڕۆژەی نووسینی ناوی سلێمانی لە بناری چیای گۆیژە بە ماددەی ئاسن، کە ڕوبەری ۱٠ دۆنمی بۆ دیاری کراوە، وە ڕووبەری تەواوی نوسینەکە ٦٥٠٠ مەتر دووجایە، بە جۆرێك درێژی هەر پیتێك ٥٠ مەترە و پانی سەرجەم پیتەکانی ۳٥٠ مەترە. سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە لە هەوڵی ئەوەدان پاش تەواوبوونی، پڕۆژەکە بچێتە کتێبی گینسەوە بۆ ژمارە پێوانەییەکان، وەك گەورەترین ناو لە جیهاندا.
سەبارەت بە بڕی تێچووی ئەم پڕۆژەیە هاوژین عوسمان لێپرسراوی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "ئەم کارە کارێکی خێرخوازییە، بودجەی لە لایەن حوکمەتەوە بۆ دابین نەکراوە، بەڵکو لە لایەن چەند کەسایەتییەکی شاری سلێمانییەوە پارەکە دابینکراوە. لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە "بیرۆکەی پڕۆژەی ناوی سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۲٠٠۳ و تا ئێستا چەند جارێك و بە چەند شێوازێك داواکراوە، وەکو نوسینی ناوەکە بە ئاوێنە یاخود بە دار، دواجار بە سەرپەرشتی پارێزگاری پێشووی سلێمانی بەهرۆز حەمەساڵح مادەی ئاسن دیاری کرا بۆ نوسینی ناوی سلێمانی لەسەر چیای گۆیژە.
لە ئێستادا چەند بۆچوونێك هەیە لەسەر نوسینی ناوی سلێمانی لەسەر چیای گۆیژە، بەشێکی زۆر لە بۆچوونەکان وەکو پڕۆژەیەکی مێژوویی و هێمایەك بۆ شارەکە لێی دەڕوانن و پێیان وایە سلێمانی شایانی لەمە زیاترە، لەهەمان کاتدا بەشێکی تر وەکو پڕۆژەیەکی نابەجێ ناوی دەبەن و پێیان وایە لەپاڵ هەموو ئەو پڕۆژانەی تردا کە لە بناری چیای گۆیژە کراون، پڕۆژەی نوسینی ناوی سلێمانیش زیاتر دیمەنی سروشتی چیای گۆیژەی شێواندووە و مادەی ئاسن زیانی ژینگەیی دەبێت لە داهاتوودا، بەتایبەتی گەر ڕێگای تایبەتی بۆ ببەن بۆ سەر شاخەکە و ئەمەش دەبێتە هۆی پارچەپارچەکردنی زیاتری گۆیژە و دەبێتە یەکێکی تر لە شێواندنی دیمەنە سروشتییەکانی شار لەپاڵ ڕەنگاو ڕەنگکردنی دیوار و شوێنە گشتییەکان بە وێنەی نا هونەرییانە و ڕەنگی زەق. وە پێیان وایە شاخی گۆیژە و سلێمانی بە سروشت و ڕەسەنایەتی خۆییەوە جوانە، و سلێمانی پێویستی بە دروستکردنی ناوبانگ نیە بەهۆی ناوێکی ئاسنینەوە، سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانی، پێکەوە ژیان و ڕۆشنبیرییە. بە شوناس و تایبەتمەندییەکانی خۆیەوە جوانە.