ڕێبین خدر
پێشه‌كی
بۆ من هه‌میشه "ڕه‌گ، ڕیشه" جێگه‌ی لێڕامان و وردبوونه‌وه بووه. وێڕای ئه‌وه‌ی ده‌مباته‌وه سه‌ر پرسیاره گرنگه‌كانی فه‌لسه‌فه (چۆن هاتین؟ چۆن دێین؟ ده‌بێ چیبكه‌ین؟) پرسیارگه‌لێكی دیكه‌م بۆ درووست ده‌كا و له‌ناومدا په‌رت ده‌بن و كاریگه‌ری داده‌نێنه سه‌ر تێكسته ئه‌ده‌بییه‌كانم. هه‌رئه‌وه‌شه واده‌كات له (له‌دایكبوون، خێزان، گه‌شه‌كردن..) زیاتر قوڵببمه‌وه. كاتێ هه‌ست به‌وه ده‌كه‌م له خۆمدا، ده‌پرسم بۆچی ئه‌مانه بوونه‌ته كێشه بۆ من، یان بوونه‌ته خاڵی گرنگ و بنه‌ڕه‌تیی؟ پێموایه به‌هۆی بیركردنه‌وه له (خێزان، هاوخوێنیی، خزم، چیڕۆكی سه‌ره‌تا ‘ئاده‌م و حه‌وا‘) زیاتر ئه‌وه‌م تێدا خوڵقا. تایبه‌تیش (خێزان). له‌وه‌ته‌ی بیرم كردۆته‌وه، خێزان یه‌كێك بووه له ته‌وه‌ره هه‌ره گرنگ و هه‌ستیاره‌كانی من. ڕه‌نگه به‌و هۆیه‌ی له خێزانێكی قه‌ره‌باڵغ و پڕ میواندا له‌دایكبووم. خێزانێك كه شوێنی كه‌سێكی ته‌نیای به ئاسانی تێدا نه‌ده‌كرایه‌وه. میوان، كۆمه‌ڵبوون، پێكه‌نین و دیالۆگی تێكه‌لاَو و هه‌ندێكجار پڕ له هه‌رایش. من كه‌سێك نه‌بووم كه باوكێكی زاڵم و ده‌ست به كوته‌كم هه‌بێت ( هه‌رچه‌نده باوكه‌كان له خاڵێكدا هه‌موویان به‌یه‌ك ده‌گه‌نه‌وه) به‌لاَم باوك یان (برا گه‌وره) موگناتیس و ڕاكێشه‌ری بیری من نه‌بوون. ئه‌وه‌ی من سه‌رنجم له‌سه‌ری نیشته‌وه و وای كرد له (خێزان) ورد ببمه‌وه، قه‌ره‌باڵغی، میوان، نه‌بوونی ته‌نیایی بوو. چۆن ده‌توانم له‌ناو جیهانێكی ئاوا قه‌ره‌باڵغ و كۆمه‌ڵییدا جێگه‌ی خۆم بكه‌مه‌وه و بۆ ساتێك ته‌نیا بم؟ ئایا ده‌توانم له كێشه و برینه‌كانیان هه‌ڵبێم؟ ده‌توانم به‌شدارییان بكه‌م و بچمه سه‌ر كۆمه‌ڵه‌كه و ببمه ژماره‌یه‌ك؟ ده‌توانم له دووره‌وه ڕاوه‌ستم و بیریان لێ بكه‌مه‌وه؟ ده‌توانم به‌هه‌مان ڕێگه‌ی ئه‌واندا بڕۆم؟ دواتریش كه كات زیاتر ڕۆیشت پرسیم ( ئایا ده‌بێت خێزان هه‌ر هه‌بێت؟ ڕێگایه‌كی تر هه‌یه؟) من له بیركردنه‌وه له خێزانی خۆم، بیرم له هه‌بوون و نه‌بوونی خێزان كرده‌وه. پێش ئه‌وه‌ی هه‌رچییه‌ك له‌و باره‌وه بخوێنمه‌وه، برینه‌كه له مێشكمدا گه‌شه‌ی كردبوو.
بەڵام نابێت ئه‌وه له‌بیر بكه‌م كه من كێشه و بنبه‌ستبوونی خێزانیشم ده‌بینی. تایبه‌ت خێزانی كوردیی و كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی. ئه‌گه‌ر قه‌ره‌باڵغی و نه‌بوونی ته‌نیایی له‌و خێزانه‌دا بۆ من بووبوو به زام، ئه‌وا دیوار و سێبه‌ره‌كانیشی به سه‌ختی بێ ئومێدیان كردبووم و (ده‌مكه‌ن). كێشه‌ی ژنم تێدا ده‌بینی، كێشه‌ی ئاڕاسته‌كردن به په‌روه‌رده‌یه‌ك و مێشك شوتنه‌وه، كه منداڵ به هه‌موو جۆرێك ئاڕاسته ده‌كرێ و ناتوانێ له‌و ئاڕاسته‌كردنانه به ئاسانی ڕزگاری ببێت. كاتێ گه‌یشتم به بابه‌تی ئاڕاسته‌كردن و درووستكردنی كێڵگه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مان منداڵ درووست ببێته‌وه كه خۆیان ده‌یانه‌وێ، پێداگرتر له‌سه‌ر بابه‌تی خێزان و سه‌رهه‌ڵدانی خێزان گیرسامه‌وه. هه‌وڵمدا بزانم چۆن مرۆڤ ده‌توانێ له ناو خێزاندا به‌خته‌وه‌ر بێت؟ ئه‌م كێشه نه‌بڕاوه و هه‌لاَیساوانه چین كه دانامركێنه‌وه؟ پرسیارم له باره‌ی ‘شوێنی خوشك له خێزاندا‘ كرد و كردم به وتارێك به ناونیشانی (خوشكه‌كان له كوێی ئه‌م خێزانه‌دا ده‌ژین؟) كاتێ بیرم ده‌كرده‌وه و ده‌مڕوانی، ده‌مبینی خێزانی چه‌قی هه‌موو كێشه‌كانه و ده‌توانین له‌وێوه له هه‌موو شته‌كانی تر بڕوانین، هاتم و دێم هه‌موو لایه‌ن و كایه‌كم په‌یوه‌ندیدار كرده‌وه -ده‌كه‌مه‌وه به خێزان و ئینجا لێم ڕوانین -ده‌ڕوانم بزانم چی ڕووده‌دات. خێزان چۆن هونه‌ر له خۆده‌گرێت؟ سێبه‌ره‌كانی خێزان چی له هونه‌ر ده‌كه‌ن؟ ئه‌م خێزانه‌ی من تێیدا له‌دایكبووم، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه ئیسلامیه چۆن له هونه‌ر و هونه‌رمه‌ند ده‌ڕوانێت؟ چه‌ك و ئاڕاسته‌كانی ئه‌و خێزانه چین به‌رانبه‌ر هونه‌رمه‌ند؟ ڕه‌نگه به‌شێكی ئه‌م پرسیارانه‌م له تاكه ڕۆمانه‌كه‌م (باڵۆنێك له ئاسمانی سووردا) بووبن به وێنه و ڕوودا و كاره‌كته‌ر.
هه‌موو ئه‌وانه‌م بۆیه گوتن تا بڵێم سەرەتا (ڕه‌گ و ڕیشه) چۆن زیاتر منیان جولاَند و وایان كرد ئێستایش له بابه‌تی "شیعر و شاعیر و په‌یوه‌ندیان به زمان" ڕوانگه‌یه‌كی تر بخه‌مه ڕوو. ڕوانگه‌یه‌ك كه چه‌نده گریمانه و ده‌رگا كردنه‌وه‌یه بۆ بیركردنه‌وه له (زمان، شیعر، گه‌شه‌كردن، په‌روه‌رده، خێزان...) ئه‌وه‌نده‌یش پرسیاركردنه‌وه‌ی دووباره‌یه له (بوون، هه‌بوون، ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ده‌ربازبوون، دووپاته‌بوونه‌وه...) ئێستا كه من له (خێزان) دووام و گوتم مۆڵگه‌یه‌كه بۆ ئاڕاسته‌كردن و خوانێكی ئاماده‌كراوه بۆ ئه‌وانه‌ی له‌دایك ده‌بن، ده‌توانم فراوانتریشی بكه‌مه‌وه : كۆی جیهان و زه‌وی هاوشێوه‌ی خێزان مۆڵگه‌یه‌كن بۆ ئاڕاسته‌كردن و خوانێكی ئاماده‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی له‌دایك ده‌بن و دێنه ناو ئه‌و جیهانه‌وه. تا ئێستا مرۆڤ توانیویه‌تی ڕێگایه‌كی تر بدۆزێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی دوای له‌دایكبوون منداڵه‌كه بچێته جیهانێك له‌و جیهانه ئاماده‌كراوه‌ی خۆمان نه‌چێت؟ نه‌چێته ناو جیهانێك كه تا ئێستا خۆی دووباره ده‌كاته‌وه؟ ئێمه ده‌بێ زوو به زوو بزانین ئه‌و جیهانه‌ی تێیداین شتێكی نوێی ئه‌وتۆی تێدا نییه، به‌و واتایه شتێكی نوێی تێدا نییه كه (گه‌شه‌كردن و په‌روه‌رده و ململانێ و بینین و له‌دایكبوون و مردن به‌هه‌مان شێوه‌ی خۆیان دووپات ده‌بنه‌وه) جیهانی ئاماده‌كراو جیهانێكه مرۆڤ تێیدا له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی خۆی ده‌ڕوات و جار جاره‌یش ده‌ڵێت (مێژوو خۆی دووباره ده‌كاته‌وه) یان ( له‌ژێر ئه‌و ئاسمانه شینه هیچ شتێكی نوێ نییه) یان ئایینه‌كان كه خۆیان ته‌سلیمی جیهانی ئاماده‌كراو كردووه و وه‌لاَمیان بۆ خۆیان دۆزیوه‌ته‌وه و ئاسووده‌گیان هه‌ڵبژاردووه، و به سڕكراوی ده‌ڵێن ( ئه‌م جیهانه سه‌فه‌رێكه و جیهانێكی تر چاوه‌ڕێمانه) له ڕاستیدا درووسكردنی جێهانێكی تر به‌مشێوه‌یه كه ئاینزاكان چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن، گه‌وره‌ترین خۆسڕكردنه له ئاست جیهانی ئاماده‌كراو و هه‌بوو. به‌ته‌واوی ئه‌م بیرۆكه‌ی ئایینه‌كان واده‌كات ته‌سلیم به جیهانی ئاماده‌كراو و هه‌بوو ببن و هه‌موو شته‌كانی قبووڵ بكه‌ن. ئه‌وان بێزاریی و ڕاڕایی و دڵه‌ڕاوكێیه‌كان ده‌كوژن و په‌ره به دووپاتبوونه‌وه ده‌ده‌ن. ناتوانن ڕێگه‌یه‌ك بكه‌نه‌وه یان بیر له ڕێگایه‌ك بكه‌نه‌وه جیهانی دووپاتبووه‌وه ڕزگار بكه‌ن، ناچار خۆیان له‌وه‌ها پرسیارێك ڕزگار ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن : جیهانێكی تر هه‌یه. بیرۆكه‌ی هه‌بوونی جیهانێكی تر، دڵنیاییان ده‌داتێ و وا ده‌كات بێزاریی و دوودڵییه‌كانیان وه‌لابنێن و خۆیان ته‌سلیم به چاره‌نووس و وه‌لاَمی ئاماده بكه‌ن. به‌م شێوه‌یه ئه‌وان ده‌بنه داینه‌مۆی دووپاتكردنه‌وه‌ی جیهان وه‌ك خۆی. هه‌روه‌ها دوژمنایه‌تی هه‌موو ئه‌و ڕه‌وت و ئاڕاستانه‌یش ده‌كه‌ن كه بیر له ده‌روازه‌كردنه‌وه بۆ جیهانێكی تر ده‌كه‌ن له‌ناو ئه‌و جیهانه‌دا. به نموونه ‘خه‌یاڵ‘ بۆ ئه‌وانه كوشنده‌یه، و لێی ده‌ترسن، چونكه خه‌یاڵ لادانێكه و ترازانێكه له ‘جیهانی ئاماده‌بوو‘ هه‌موو ئه‌و ڕێ و ڕێچكانه‌یش كه خه‌یاڵ ده‌بێته سه‌رچاوه‌یان ئه‌وان سڵی لێ ده‌كه‌نه‌وه، و هه‌وڵده‌ده‌ن جڵه‌وگیریان بكه‌ن.
له‌دایكبوون و خوانی ئاماده‌كراو
گه‌ر پێشووتر پرسیارمان كردبێ : ده‌توانین له جه‌نگ، ده‌توانین له ململانێ گه‌وره‌كان، ده‌توانین له داگیركاریی و خوێنڕشتن ڕزگارمان بێت؟ ئێستا ده‌توانین بۆ ساتێك بپرسین : ئایا ده‌توانین له‌و جیهانه (جیهانی ئاماده‌كراو) ڕزگارمان بێت؟ من ناوی ده‌نێم ‘جیهانی ئاماده‌كراو‘ یان زه‌ویی ئاماده‌كراو‘ كه له‌ناویدا ئاڕاسته‌یه‌كمان گرتووه و ناتوانین بچینه ناو جیهانێكی تره‌وه. ناتوانین خۆمان له‌وه بدزینه‌وه فێری زمان نه‌بین، فێری ئاماژه و جوڵه و ئاڕاسته‌كانی ئه‌و جیهانه ئاماده‌كراوه نه‌بین. فێری ئه‌و هه‌موو شتانه نه‌بین كه مرۆڤ له سه‌ریان ده‌ڕوات. منداڵی ساوا وه‌ك كه‌ره‌سته و ئامێرێك ئاماده‌ده‌كرێت تا هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌سه‌ر تۆمار بكرێت و ببێت به‌و مرۆڤه‌ی كه هه‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بژی و به‌رگه بگرێت. پڕۆسه‌ی فێركاریی جێكه‌وتووه و وه‌ك ڕاهاتنێكی لێهاتووه، به‌جۆرێك تێكه‌ڵی مرۆڤ بووه هیچكه‌س نییه نه‌زانێت چۆن ئه‌مه ده‌كرێت. به‌ڕاده‌یه‌ك وا ده‌بینرێت فێركاریی بوونیشی نه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه منداڵ به‌هۆی كه‌سانی ده‌وروبه‌ری دایك و باوكی و وه‌رگرتنی ده‌نگ و ڕه‌نگه‌كان خۆبه‌خۆ فێر ده‌بێت. ئێستا كه‌س هه‌یه ئه‌و منداڵه ڕزگار بكات و بیباته جێهانێكی تر؟ شتێك هه‌یه وابكات ئه‌م منداڵه ‘زمان و هه‌موو فێركارییه‌كانی تر...‘ ی به‌سه‌ردا نه‌سه‌پێنرێن؟ كاتێ ده‌ڵێین سه‌پاندن، مه‌به‌ستمان له‌وه نییه منداڵ به زۆر فێر ده‌كرێت و سته‌می به‌رانبه‌ر ده‌كرێت، به‌ڵكو پێ به پێ ئه‌م فێركاریی و ڕاهاتن و خوگرتنانه له‌سه‌ر فێركاریی و تۆماركردن بوونه‌ته له جۆرێك قه‌تسیبوون و سه‌پاندن. سه‌پاندن شوێنی خۆی ده‌كاته‌وه له كاتێكدا هیچ ڕێگایه‌كی تر نابێت و نییه و ئه‌و كه‌سه‌یشی ئاڕاسته ده‌كرێت كه‌سێكی لاواز و كاغه‌زێكی سپییه، كورتییه‌كه‌ی تازه له دایكبووه و هاتووی نوێیه. لێره و له‌مباسه‌دا ناتوانین خۆمان ببووێرین و ڕه‌ها بكه‌ین له بابه‌تی (بوونی مرۆڤ و چۆنییه‌تی سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌كردنی مرۆڤ) چونكه په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌واو هه‌یه له‌نێوان بابه‌تی زمان و بوون، گه‌شه‌كردن و فێربوون، مێژووی گه‌شه‌كردن و بیناكردنی خێزان و شارستانییه‌ته‌كان. زۆربه‌مان له‌باره‌ی چیڕۆكی ‘ته‌ڕه‌زان‘ ه‌وه ده‌زانین. چیڕۆكی ته‌ڕه‌زان بۆ من یه‌كجار سه‌رنجڕاكێشه. نووسه‌ری ئه‌مه‌ریكایی ‘ئێدگار ڕایس‘ ساڵی 1912 ڕۆمانی (ته‌ڕه‌زانی مه‌یموونان) بلاَو ده‌كاته‌وه و ده‌یكا به زنجیره‌ی ڕۆمان و له سینه‌مایشدا چیڕۆكی ته‌ره‌زان ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆر باشی ده‌بێت. ده‌كرێ چیڕۆكی ته‌ره‌زان بۆ ئه‌و باسه به نموونه بگرین، كه چۆن كه‌سێكی ترازاو و جیابووه‌وه له شارستانییه‌ت و فێركارییه جێكه‌وتووه‌كانی مرۆڤ وه‌ك كه‌سێكی نامۆ و سه‌یروسه‌مه‌ره ده‌رده‌كه‌وێت. واته بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ڕه‌زان ببێته‌وه به مرۆڤ ده‌بێ ڕازی بێت به‌و یاسا و ده‌ستوورانه‌ی كه بۆ مرۆڤێك ئاماده‌كراون. ته‌ره‌زان ئاڕاسته‌یه‌كی تر ده‌گرێ و وه‌ك ئاژه‌ڵێك ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌و ئاماژه و هێماكانی ئاژه‌لاَن له‌بری زمان و هێماكانی مرۆڤ به‌كاردێنێت. به‌لاَم بۆ جیهانی مرۆڤان ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی نامۆیه و لادانێكی گه‌وره‌یه. ئێستا ده‌توانین له دوو خاڵدا خوانی ئاماده‌كراو ‘زه‌وی ئاماده‌كراو‘ چڕبكه‌ینه‌وه :
1.مرۆڤ له‌دایك ده‌بێت ده‌كه‌وێته ناو جیهانێك كه هه‌موو شته‌كانی بۆ ئاماده‌كراون و له‌سه‌ر ئه‌و شتانه ڕاهێنانی پێ ده‌كرێت و فێرده‌كرێت. ناشتوانێ به‌رهه‌ڵستی بكات و وه‌لاَم بداته‌وه كه ئه‌و ئه‌مانه‌ی ناوێت و ده‌یه‌وێ ئاڕاسته‌یه‌كی تر بگرێته به‌ر. وه‌كچۆن سیمۆن دی بۆڤوار ده‌ڵێت "ژن درووست ده‌كرێت" هه‌مانشێوه مرۆڤیش درووست ده‌كرێت. به‌لاَم مرۆڤ له مه‌ودا و زه‌مینێكی فراوانتردا و جیا له‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زێكی دیكه‌دا تووشی هه‌لاَوێران و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه بێت. كلتوور و دابونه‌ریت و ده‌ستووره‌كان ژن ده‌كه‌ن به‌وه‌ی كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ژن چۆن بێت. ئه‌مه ده‌كرێ گرێ بدرێته‌وه به قۆناغه‌كانی مێژوو و چۆنییه‌تی گۆڕانی ده‌ستوور و ڕێساكان، په‌یوه‌ندی نێوان ژن و پیاو، چۆنییه‌تی جێكه‌وتنی كۆت و به‌نده‌كان بۆ هێنانه‌دنیای ژنێك، كه درووستكراوه. مرۆڤ درووست ده‌كرێت، به‌لاَم بێ ئه‌وه‌ی بتوانین وێنای جۆرێكی تری مرۆڤ بكه‌ین، ئه‌گه‌ر بیكه‌ین ئه‌و مرۆڤه چۆنه؟ ئه‌گه‌ر بیكه‌ین مرۆڤ ده‌بێ چ ڕێگایه‌كی تر بگرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مرۆڤه‌ی ئێستا نه‌بێت؟ ئایا ده‌توانێت له‌م ڕێسا و ده‌ستوورانه ڕزگاری بێت كه به‌ستراون به بوونیه‌وه و له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونیه‌وه تێی ده‌ئاڵێن؟
2. ئایین له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و خوانه ئاماده‌كراوه، بێده‌نگ ده‌بێت و ئاسانترین ڕێگا هه‌ڵده‌بژێرێت، كه به كوشتنی خه‌یاڵ و مانه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و خوانه كۆتایی دێت. زانست له زۆربه‌ی حاڵه‌تدا نایه‌وێ له‌و جیهانه ده‌رچێت، به‌ڵكو كه‌شفی ئه‌و جیهانه ده‌كات. هه‌رچه‌نده زۆرجاریش كه‌شفكردنه‌كانی یاریده‌ده‌رن و ئاماژه‌ن بۆ ڕێگاكردنه‌وه‌یه‌ك. (لێره‌دا باس له چۆنییه‌تی ئه‌و كه‌شف و به‌ره‌وپێشچوونانه ناكه‌ین كه له ڕێگه‌ی زانسته‌وه هاتوونه دی و، كاریگه‌رییه باش و خراپه‌كانیشی ناخه‌ینه ڕوو). زه‌وی ئاماده، خۆی دووپات ده‌كاته‌وه و ململانێكانی ناوه‌خۆیشی به‌رده‌وام دووپات ده‌كاته‌وه، به‌جۆرێكی وا كه زۆرجار سه‌ره‌ڕۆیی ده‌گاته كوشتاری گه‌وره و مرۆڤه‌كان چێژیش له وێرانكاریی و له‌ناوبردن و هه‌راسانكردنی یه‌كتر ده‌بیننه‌وه. به‌ڕاده‌یه‌ك كه بگوترێت ئه‌وه سرووشتی مرۆڤه كه تێكه‌ڵه‌یه‌كه له فریشته و شه‌یتان، تێكه‌ڵه‌یه‌كه له ژیان و مه‌رگ، له ڕق و ئه‌وین، بۆیه ڕاگرتنی هاوسه‌نگی زه‌وی له ململانێكاندایه. كه‌واته به‌مپێیه مرۆڤ كاتێ دێته‌بوون مه‌حكوومه به‌وه‌ی ژیان دووپات بكاته‌وه و ئه‌و ڕێچكه‌یه بگرێت كه بۆی دیاری كراوه. ‘خوانی ئاماده‘ خوانێكه كه خواردنه‌كانت بۆ دیاری كراون و ئاماده‌كراون، بۆت نییه داوای خواردنێكی تری جیاواز بكه‌ی، یان بڵێی من ئه‌و خوانه ڕه‌ت ده‌كه‌مه‌وه. گه‌ر ڕه‌تی بكه‌یته‌وه چی ده‌كه‌ی؟ یان خوانێكی تر كامه‌یه؟
شیعر وه‌ك خواردنێكی جیاواز ( جیهانێكی دیكه)
تاكو ئێستا ئه‌وه‌ی من هه‌ستم پێكردبێت و له‌باره‌یه‌وه زانیبێتم، تاكه ڕێڕه‌و و ده‌روازه كه بكرێته‌وه به‌سه‌ر جیهانێكی تر له به‌رانبه‌ر جیهانی ئاماده و هه‌بوودا (جیهانی دووپاتبووه‌وه) ده‌روازه و ڕێڕه‌وی هونه‌ر و ئه‌ده‌به. چونكه :
1.هونه‌ر و ئه‌ده‌ب به یاریده‌ی خه‌یاڵ و خه‌یاڵ جولاَندن له‌و جیهانه ئاماده‌یه داده‌بڕێن، یان لێی لاده‌ده‌ن و لادانی تێدا درووست ده‌كه‌ن. مرۆڤ له شوێن و ژینگه‌ی خۆی داده‌بڕن،و واده‌كه‌ن بیر له شوێن و ژینگه‌ی خۆیشی بكاته‌وه. واته ڕێگۆڕینی ئه‌وان چه‌نده له پێناو دۆزینه‌وه‌ی جیهانێكی دیكه‌یه، ئه‌وه‌نده‌یش له پێناو ده‌سكاریكردنی جیهانی ئاماده‌یه.
2.كه‌ره‌سه و ناوه‌ڕۆكه‌كانی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب كاركردنه‌وه‌ی ته‌واو ڕوون و ئاشكران له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و ده‌ستووڕ و ڕێسا سه‌پێنراوانه‌ی كه مرۆڤ دوای له‌دایكبوونی به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پێنرێن، وه‌ك : زمان، بیركردنه‌وه، خه‌یاڵ، بینین، جوڵه، هه‌ڵبژاردن، دیاریكردن و ئیراده....هتد. به‌و واتایه‌ی ئه‌وه‌ی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب ده‌یكه‌ن چوونه‌وه‌یه بۆ ئه‌و ساته‌یش كه مرۆڤ (منداڵ) هێشتا زمانی نه‌پژاوه، ئاڕاسته نه‌كراوه، كۆنتڕۆڵ نه‌كراوه...هونه‌ر و ئه‌ده‌ب له‌وێوه بۆ هێنانه كایه‌ی زمان و خه‌یاڵ و فراوانتركردنه‌وه‌ی مه‌وداكان ده‌كه‌ونه كار. هه‌ر بۆیه من ده‌ڵێم تاكه جیهانێك كه له‌به‌رانبه‌ر جیهانی ئاماده بكه‌وێته كار و هه‌بێت، جیهانی هونه‌ر و ئه‌ده‌به. چونكه زوو به زوو كار له‌سه‌ر ده‌ستوور و ڕێساكانی ده‌كات و له‌ناویاندا ناتوێته‌وه.
لێره‌دا من شیعر به نموونه وه‌رده‌گرم، چونكه ده‌مه‌وێ له‌ناو هه‌موو ئه‌و نه‌ریته سه‌پێنراوانه‌ی جیهانی ئاماده‌كراو ‘زمان‘ بۆ ئه‌م باسه‌م بكه‌مه ته‌وه‌ر. ئاشكرایه و ئاماژه‌یشمان پێدا كه ئه‌و جیهانه‌ی تێیداین و ڕۆژانه مرۆڤی تازه‌ی بۆ دێت زمان و ڕێگاڕۆیشتن و ئاڕاسته‌كانمان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت و فێرمان ده‌كات چۆن مرۆڤانی تر كردوویانه، ئێمه‌ش هه‌مانشت په‌ره پێ بده‌ین. زمان یه‌كێكه له‌و سه‌پێنراوانه، كه مرۆڤ ناتوانێت له فێرنه‌بوونی خۆی ببووێرت و خۆی لێ لابدات. مندالاَن فێری زمان ده‌كرێن و له‌سه‌ر وشه‌كان ڕاده‌هێنرێن، پێویسته هه‌ر منداڵێك بزانێت ڕه‌نگی سوور –هه‌ر ئه‌و ڕه‌نگه‌یه كه ئه‌وانیتری پێشخۆی پێیانگوتووه سوور. ده‌بێ فێری یاساكانی زمان و چۆنییه‌تی درووستكردنی ڕسته بێت. نابێت وشه‌یه‌ك به خراپی گۆ بكات و شته‌كان پاش و پێشبخات. ئه‌گه‌ر وابكات تووشی كێشه ده‌بێت و سه‌رگه‌ردان ده‌بێت. پێویسته له دواتردا به‌هه‌مانشێوه‌یش فێر ببێت هه‌موو ئه‌وانه‌ی فێریانبووه وه‌كخۆی كه هه‌یه بنووسێت. ئێستا منداڵێكمان له‌به‌رچاوه كه له‌دایكبووه و هاتۆته سه‌ر زه‌وی، چ ڕێگایه‌كی دیكه له‌به‌رده‌م ئه‌و منداڵه‌دا هه‌یه تا ڕووبه‌ڕوو ببێته‌وه له‌گه‌ڵ زمانێك كه سه‌پێنراوه و جێی خۆی گرتووه؟ منداڵه‌كه ناتوانێت فێربوونی زمان ڕه‌ت بكاته‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر لاڵیش بێت به زمانی ئاماژه و له‌ڕووی هه‌مان ئه‌و زمانه‌ی كه ئه‌وانیتر فێر ده‌كرێن ڕاده‌هێنرێت، ئه‌و ئاماژه‌كان به جۆرێك ده‌كات و به‌كاریان ده‌هێنێ كه له ڕێیانه‌وه ‘زمان‘ ی ئێمه به‌ئاگاده‌هێنێته‌وه و له‌و ڕێیه‌وه لێی تێده‌گه‌ین. شیعر جۆرێكی تری زمانه، یان كاركردنه له‌ناو زماندا و لادانه له‌و ده‌ستوور و ڕێسایانه‌ی كه هه‌ر له منداڵییه‌وه مرۆڤیان پێ ڕاده‌هێنرێت. له شیعردا سوور هه‌میشه سوور نییه، هه‌میشه‌یش شته‌كان له شوێنی خۆیاندا نین و ڕێزمانیش تێكده‌شكێ و به‌لادادێ. شیعر خواردنێكی تره و جیاوازه، خواردنێكه له خواردنی خوانی ئاماده ناچێت. ئه‌وه‌ی كه له شیعردا ئاگر قسه ده‌كات و ڕووناكی بیر ده‌كاته‌وه، له هیچ شوێنێكی تردا بوونی نییه و زمان هه‌رگیز له هیچ كوێیه‌كی تر ئه‌مه به‌خۆیه‌وه نابینێت. كه‌واته شیعر بۆ یه‌كه‌مجار ده‌روازه‌یه‌كی جیاواز و جیهانێكی تر ده‌بینێته‌وه له به‌رانبه‌ر زمانی سه‌پێنراو و ئاماده‌كراو بۆ مرۆڤ.
له‌نێوان شاعیر و منداڵدا ( له‌ناوبردنی زمان یان كونكردنی زمان)
زۆر كه‌س ده‌ڵێن شاعیر له منداڵ ده‌چێت، هه‌ندێك كه‌س چونكه پێیانوایه جیهانی شاعیر پاك و بێگه‌رده وه‌ك جیهانی منداڵیی. هه‌ندێكیش چونكه شاعیر وه‌ك منداڵ به كه‌سێكی خه‌یاڵیی خه‌یاڵفراوان ده‌بینن، به كه‌سێكیش كه وه‌ك چۆن منداڵ به پێی یاسا و ده‌ستووره‌كانی گه‌وران ناڕوات، شاعیریش به پێی یاسا و ده‌ستووره‌كانی ده‌وروبه‌ر ناڕوات. منیش ئه‌و له‌یه‌كچوونه‌ی نێوان منداڵ و شاعیر هه‌ست پێده‌كه‌م و ده‌بینم. به‌لاَم له‌یه‌كچوونه‌كه زیاتر ده‌بینم كاتێك شاعیر هه‌وڵده‌دات بگه‌ڕێته‌وه دۆخی منداڵیی و بچێته‌وه ئه‌وكاته‌ی كه هێشتا فێری زمان و ڕێوڕه‌سمه‌كانی تر نه‌كراوه. له‌م ڕوانگه‌وه شاعیر وه‌ك منداڵێك ده‌بینم كه نایه‌وێت فێری زمان ببێت و بچێته جیهانی ئاماده‌كراو، به‌لاَم مرۆڤه‌كان ناچاری ده‌كه‌ن به‌و زمانه و كۆتی ده‌كه‌ن. شاعیر منداڵه‌كه‌ی ناو سكی كه یه‌كجار به‌هێزه و ده‌سبه‌رداری نه‌بووه، به ئاگا ده‌هێنێته‌وه و له‌به‌رانبه‌ر زماندا ڕاده‌وه‌ستێت. ئه‌و منداڵێكه به‌هۆی خه‌یاڵه‌كانی، به‌هۆی بێزاریی و دووپاتبوونه‌وه‌كان نایه‌وێت به‌رده‌وام بێت له‌ناو جیهانی هه‌بوو و ئاماده‌كراودا. لێره‌دا شاعیر وه‌ك دوژمنی زمان ده‌بینین، ئه‌و نایه‌وێ به زۆر بكرێته ئه‌و مرۆڤه‌ی ئه‌و هه‌موو ساڵه بوونی هه‌یه و په‌ره به جیهانی خۆی ده‌دات. شاعیر دژی زمان، ئاڕاسته‌كردن، كۆنتڕۆڵكردن...هه‌موو شته‌كانی دیكه ده‌وه‌ستێت و ده‌بێته تێكده‌ری زمان – تێكده‌ری ناو زمانی سه‌پێنراو. پێ به پێ ئه‌و تۆڵه و خۆڕاپچكاندنانه‌ی شاعیر له‌ناو زماندا ده‌یانكات ده‌بنه داهێنان و ڕازاندنه‌وه‌ی زمان.
له كاتێكدا شاعیر ده‌یه‌وێ له زمان ڕزگاری بێت و ده‌رچه‌یه‌ك بكاته‌وه، هه‌روه‌ها بگه‌ڕێته‌وه بۆ دۆخی بێ زمانیی و كاتی ساوایی ( ئه‌و كاته‌ی كه بێ زمان بوو). ئه‌مه به‌رهه‌ڵستییه‌كه شاعیر له‌به‌رانبه‌ر ده‌ستوور و ڕێسا سه‌پێنراوه‌كانی جیهانی هه‌بوودا ده‌یكات. به‌لاَم شاعیر كه ناتوانێت زمان له‌ناو ببات و به ڕه‌هایی جیهانی ئاماده‌كراو ڕه‌تبكاته‌وه، زمان تێكده‌دات. ورده ورده به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شاعیر له‌گه‌ڵ زمان، ده‌بێته خۆشه‌ویستی شاعیر بۆ زمان. له كاتێكدا شاعیر به‌و جۆره زمانی خۆشده‌وێت كه كوده‌تای به‌سه‌ردا بكات و تێكی بدات. ئه‌مه‌یش وه‌ك به‌دیلێك بۆ نه‌هێشتنی زمان و گه‌ڕانه‌وه‌یش بۆ منداڵیی و سه‌ره‌تای هاتنه‌بوون خۆبینینه‌وه له‌ناو زماندا. پێده‌چێت شاعیر ئه‌و ئه‌ومنداڵه بێت كه زمانی خۆشناوێت (چونكه به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه) به‌لاَم ئه‌و شوێنه‌ی له‌ناو زماندا خۆشبوێت كه ده‌كرێ لێیه‌وه گورز له زمان بوه‌شێنێ و كوده‌تای به‌سه‌ردا بكات، دووریش نییه شیعر هه‌ر له‌و شوێنه نیشته‌جێ بێت.
كه‌واته شیعر ئه‌و زمانه داهێنراوه‌یه كه مرۆڤ په‌لكێشی جیهانێكی دیكه ده‌كات، له‌به‌رانبه‌ر زمانی سه‌پێنراو و جیهانی ئاماده‌كراودا. شیعر ده‌بێته كه‌ناڵێك كه مرۆڤ له جیهانی دووپاتبووه‌وه ڕزگار ده‌كات. زمان له شیعردا ئاڕاسته‌یه‌كی ته‌واو جیاواز وه‌رده‌گرێت و ئه‌و زمانه نییه كه مرۆڤ له‌گه‌ڵ هاتنه‌دنیای به‌سه‌ریدا ساغ ده‌كرێته‌وه. هه‌ر بۆیه‌ش شیعر وه‌ك زمانێكی لاده‌ر له جیهانی هه‌بوو، له‌لایه‌ن ئایینه‌كان كه په‌ره‌پێده‌ری جیهانی هه‌بوو و ئاماده‌ن هێرشی گه‌وره‌ی ده‌كرێته سه‌ر و به زمانی درۆ و حه‌ڕام و كفر و لاده‌ر سه‌یر ده‌كرێت. ته‌نها ئه‌وكاته ستایش ده‌كرێ كه جڵه‌وگیر بكرێ و له‌خزمه‌ت جیهانی ئاماده‌كراو و هێڵه دینییه‌كاندا بێت (واته جیهانی ئه‌ودیو و جیهانی دووپاتبووه‌وه). له‌مڕۆدا له‌لایه‌ن به‌شێك له زانستخوازانیش، به‌زۆرییش ئه‌وانه‌ی شۆك ده‌بن و تووشی لێوه‌له‌رزه دێن له‌به‌رانبه‌ر ده‌سكه‌وته‌كانی زانست، شیعر هێرشی ده‌كرێته سه‌ر و به شتێكی به‌سه‌رچوو و كۆن له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. چونكه پێیانوایه ئه‌وه‌ی شیعر ده‌یه‌وێ بێڵێت كۆتایی هاتووه و زانست وه‌لاَمی هه‌موو شتێكی داوه‌ته‌وه و ده‌داته‌وه. ئه‌وان هه‌ڵوه‌دا و شه‌یدای وه‌لاَمه‌كانن و پێی شاگه‌شكه ده‌بن، وه‌كچۆن ئایینخوازانیش هه‌ڵوه‌دای وه‌لاَمه‌كانن و گره‌وی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. شیعر زانست ڕه‌تناكاته‌وه و دژایه‌تی ناكات، به‌لاَم به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز له زانست كار له‌گه‌ڵ زه‌وی و بوون و ژیاندا ده‌كات. شیعر هه‌میشه به‌دوای ئه‌وه نییه حه‌قیه‌قت كه‌شف بكات و مه‌ودای نێوان ئه‌ستێره‌كان دیاری بكات. شیعر به جۆرێكی زۆر جیاواز كار له‌گه‌ڵ حه‌قیقه‌ت و واقیعدا ده‌كات و ئه‌و ئه‌ستێرانه‌یش كه له‌ناو زانست‌دا كه‌شف ده‌كرێن و مه‌وداپێو ده‌كرێن، له شیعردا شتانێكی جیاوازن و زۆربه‌ی جار هه‌ر ئه‌ستێره‌یش نین. چونكه زمانی شیعر زمانی زانست نییه، زمانی ئایینه‌كان نییه. ئه‌مه به گشتی بۆ ته‌واوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ریش ڕاسته.
شیعر ته‌سلیمی جیهان و واقیعی هه‌بوو نابێت و زمانێكه له به‌رانبه‌ر سه‌پاندنی زمان و تۆماركردن و باركردنی مرۆڤ په‌یدا ده‌بێت. له دواییشدا به‌هۆی تێكدان و سه‌راوژێركردنه‌وه‌ی زمان، ده‌بێته داینه‌مۆ و ته‌كانده‌ری زمان. ئه‌گه‌ر شیعر له به‌رانبه‌ر زمانی سه‌پێنراودا هه‌ڵسێته‌وه و ململانێ بكات، ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ له‌به‌رانبه‌ر هه‌بوون و بوونی مرۆڤیش به‌و شێوه‌ی كه هه‌یه به‌رگری ده‌كات. هه‌ر بۆیه‌شه شیعر گرێ‌دراو و وابه‌سته‌ی بوونه و لێی جیا نابێته‌وه.
شاعیر كه‌وتۆته خواره‌وه (منداڵه‌كه یاریی به زمان ده‌كات)
سیستم بۆ منداڵ نامۆیه و هێشتا نه‌یخستۆته سه‌ر هێڵه‌كانی خۆی. تاكه قۆناغێك كه مرۆڤ له هه‌موو قۆناغه‌كانی دیكه زیاتر له سیستم دابڕاوه و لێی یاخی بووه، قۆناغی منداڵییه. منداڵ به‌دوای ڕێكخستن و یه‌كگرتنه‌وه‌ی شته‌كاندا هه‌وڵ نادات. زۆربه‌ی كات شته‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ن تێكده‌دا و گوێ به ڕێكخستن نادات. ئه‌وه‌ی منداڵ فێر ده‌كات بچێته ناو سیستمه‌وه و ببێته كه‌سێك ڕێز له ڕێكخستن بگرێت گه‌وره‌كانن ( ئه‌وانه‌ن كه پێش منداڵه‌كه هاتوونه‌ته دنیا). منداڵ زمان نازانێت، كۆنهاتووه‌ن منداڵ فێری زمان ده‌كه‌ن. كاتێكیش منداڵه‌كه هه‌ڵه‌یه‌ك له زماندا ده‌كا و كه‌مێك له سیستمه زمانییه‌كه لاده‌دات، پێی پێده‌كه‌نن و وه‌ك شتێكی سه‌یر ده‌یبینن. منداڵ بۆی ئاساییه به ڕه‌نگی سوور بڵێت شین، بۆشی ئاساییه به باوكی بڵێ دایه. ئه‌مه بۆ هیچ كه‌سێكی دیكه ئاسایی نییه، جگه له شاعیر. شاعیریش چه‌شنی منداڵ له‌گه‌ڵ سیستم و یه‌كه‌ی ڕێكخراودا ناكۆكه. ئه‌و زیاتر شته‌كان تێكده‌دا و یارییان له‌گه‌ڵ ده‌كات. وه‌كچۆن منداڵ له منداڵییه‌تی ده‌خرێت و قۆناغه‌كه‌ی داده‌ڕمێنن به خستنه ناو سیستمه‌وه و له قاڵبدانی. وه‌كچۆن منداڵ له سیستم و یاسا و ده‌ستووره‌كانیدا ده‌توێته‌وه، ئاوایش شاعیر له‌ناو سیستم و كۆته‌كانی تێكده‌شكێ و خۆی له‌ده‌ست ده‌دات. بۆ منداڵ شته‌كان زۆر ئاسان و ئاسایی ڕووده‌ده‌ن، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی له فیلم كارتۆندا ده‌یبینین : ئاژه‌لاَن قسه ده‌كه‌ن و فیله‌كان هه‌ڵده‌فڕن و، كاره‌كته‌ره‌كان له جیهانێكی سه‌مه‌ره‌ی خه‌یاڵییدان. ئه‌وه‌ی له شیعریشدا ده‌یبینین لای شاعیر هه‌مان شته و جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی نییه. شاعیر منداڵێكه كه به‌رگه زۆر و زه‌وه‌نده‌كانی له خۆی داماڵیون و چۆته‌وه سه‌رده‌م گڕوگاڵیی و تێكدانی ڕێسا و ده‌ستووره‌كانی زمان. هه‌روه‌ها بینینیشی وه‌ك هی منداڵ لێكردۆته‌وه و جیهانی به جۆرێك وا لێكردووه كه ئه‌وانیتر پێیان ناكرێ بیبینن و ته‌نانه‌ت ئاره‌زوویشی ناكه‌ن (چونكه ئه‌وان یه‌خسیر بوون له‌ناو سیستمدا). كاتێ شاعیر ڕووبه‌ڕووی زمان ده‌بێته‌وه و ده‌یه‌وێ شه‌ڕی له‌گه‌ڵدا بكات، ناتوانێت له‌ناوی ببات، به‌ڵكو ده‌چێته ناوییه‌وه و ده‌ست ده‌كا به تێكدانی. كاتێك ده‌ڵێین تێكدان، مه‌به‌ست له تێكدانێكه كه زمانێكی تری جیاوازی له‌ناودا درووست ده‌كات.
كاتێ شاعیر خۆی له‌ناو جیهانێكی تردا ده‌بینێته‌وه كه درووستی كردووه له به‌رانبه‌ر جیهانێكی داپۆشراو به ئاڕاسته‌كردن و سه‌پاندن، هه‌ست به غه‌ریبیی و ته‌نیایی ده‌كات. هه‌ندێك له شاعیران هه‌ستی ئه‌وه‌یان لا درووست ده‌بێت كه ئه‌وان بوونه‌وه‌رێكی غه‌ریبن و پێویسته فه‌رامۆش بكرێن. هه‌ندێكیشیان وا هه‌ستده‌كه‌ن له ئه‌ستێره‌یه‌كی دیكه كه‌وتوونه‌ته خواره‌وه و هه‌موو شتێكی ئه‌و جیهانه‌ی كه هه‌یه بۆ ئه‌وان نامۆیه. گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ته‌واو ڕاستیشه، چونكه شاعیران گه‌ڕاونه‌ته‌وه ئه‌و قۆناغه‌ی منداڵیی كه هێشتا زمان و فێركاییه‌كان ده‌ستیان پێنه‌كردووه، به هێزی ئه‌و منداڵه‌یش جیهانێكی تریان بۆ خۆیان هه‌ڵبژاردووه و نه‌چوونه‌ته ناو سیستمی ئه‌قڵ و زمان و ده‌ستووره‌كانی ئه‌وانی دی.
شیعر ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه، شاعیر فڕێ ده‌درێت
هه‌ركه‌س سه‌ربرده‌ی ژیانی شاعیران بخوێنێته‌وه و لێ بكۆڵیته‌وه، ده‌بینێ چه‌ند شاعیر له‌دار دراون، تیرۆر كراون، فڕێدراون، ده‌ربه‌ده‌ر كراون و كه‌وتوونه‌ته ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره. ئه‌مه ئێستایش له جیهاندا هه‌ر بوونی هه‌یه و هێشتا زمانی شیعر زمانێكه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی سیستمه‌كان، ده‌ستووره‌كان، دادگاكان، مزگه‌وته‌كان، كڵێساكان، ئایدۆلۆژیاكان ده‌سه‌لاَته‌كان...دایه. كاتێ ئه‌مه ده‌ڵێین ڕه‌نگه بڵێن هه‌ر شاعیران و شیعر نییه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دان، زۆر كه‌سانی دیكه و بواری تریش هه‌ن به‌هه‌مانشێوه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه و ڕاوه‌دوناندان. ئه‌مه ڕاسته. من نامه‌وێت شاعیر و شیعر به قوربانیبوونیان به‌رز بكه‌مه‌وه و بیانخه‌مه سه‌ر هه‌موو شته‌كانی تر. ئه‌مه ڕێگه‌یه‌ك نییه من بیگرمه به‌ر. به‌ڵكو ده‌مه‌وێت ڕوونی بكه‌مه‌وه بۆچی شاعیران به‌مشێوه‌یه و، شیعر به‌مجۆره مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. چونكه :
له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌مان به‌وه‌دا كه هیچ جیهانێك نییه جگه له جیهانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ڕاسته‌وخۆ ڕووبه‌ڕووی جیهانی ئاماده‌كراو و دووپاته‌وه‌بوو ببێته‌وه. هونه‌ر و ئه‌ده‌ب دووباره زمان و وێنه و خه‌یاڵێكی دیكه ده‌هێننه كایه‌وه و ناهێڵن ئه‌و جیهانه به وه‌ستاوی بمێنێته‌وه بكه‌وێته ژێر سێبه‌ری سه‌پاندن و سیستمی ڕه‌قی جێكه‌وتوو.من شیعرم هه‌ڵبژارد تا له زمان و زمانی شیعر به تایبه‌ت وردببمه‌وه. شیعریش وه‌ك یه‌كێك له ژانره‌كانی ئه‌ده‌ب هه‌روه‌ك ئاماژه‌مان پێدا جیهانێكی تر خه‌ڵق ده‌كا و زمانێكی تر داده‌هێنێت. به‌مه جیا ده‌بێته‌وه له زمانی وه‌ستاو و ئاماده‌كراو، زمانێك كه تێیدا ده‌ستور و ڕێسا و حوكمه‌كان یاریی ده‌كه‌ن و ململانێیه دووپاتبووه‌كانی خۆیان دووباره ده‌كه‌نه‌وه. زمانی شیعر له‌و ڕووبه‌ڕه زمانییه ده‌ترازێ كه سیستمێك درووست ده‌كات لێده‌رچوونی نییه. ئایینه‌كان ته‌سلیمی ئه‌و ڕووبه‌ره زمانییه بوون و یاسا و ده‌ستووره‌كانی خۆیان (چاكه وخراپه) – (حه‌لاَڵ و حه‌ڕام) –( سپیی و ڕه‌ش)...ی خۆیان له‌ناو ئه‌و سیستمه‌دا جێده‌كه‌نه‌وه، كه سه‌ر به جیهانی ئاماده‌كراو و هه‌بووه. پێغه‌مبه‌رانیش هه‌ر سه‌ر به‌و جیهانه‌ن و خه‌ڵوه‌ت و گۆشه‌گیریی ئه‌وان له پێناو جیهانێكه كه جیاده‌بێته‌وه له جیهانی شاعیران، ئه‌وان لاناده‌ن و چه‌كووش له سیستم ناده‌ن، به‌ڵكو به هێز و گوڕێكی زۆره‌وه ده‌یانه‌وێ ببنه سه‌ردار و داینه‌مۆی سیستمێكی ڕێكخراوی توێنه‌ره‌وه.
ئایینه‌كان شیعر به پێی جیهانی خۆیان (جیهانی ئاماده‌كراو) كه جیهانێكی وه‌ستاوه و یاسا و ده‌ستووره‌كانی خۆیان له چاكه و خراپه و ده‌ستووره‌كانی تر ده‌پێون و دادگایی ده‌كه‌ن. ئه‌و جیهانه‌یش كه درووستیان كردووه (پاداشت و سزا) ده‌كه‌ن به مینبه‌رێك تاوه‌كو له ڕێگه‌یه‌وه باشتر كار له‌سه‌ر جیهانی ئاماده‌كراو بكه‌ن و سزا و پاداشته‌كه فڕێبده‌نه ناو هه‌موو خانه‌كانی. له كاتێكدا ئایینه‌كان شیعر سزا ده‌ده‌ن و دادگایی ده‌كه‌ن، شیعر زمان و جیهانی ئه‌وانی ده‌مێكه جێهێشتووه و به پێوه‌ری زمانیی و ده‌ستووره‌كانی ئه‌وان ناتوانرێت بپێورێ. ته‌واو ئه‌و وێنه دێنینه‌وه به‌رچاو كه منداڵه‌كه به سووری ده‌گوت شین و هێشتا له سیستمه زمانییه‌كه‌دا نه‌توابووه‌وه، گه‌وره‌یه‌كیش بۆ وێنه‌كه زیاد ده‌كه‌ین كه له سیستمه زمانییه‌كه‌دا تواوه‌ته‌وه و فێركراوه سوور هه‌ر سووره و منداڵه‌كه له سیستمه‌كه لایداوه. ئینجا بیهێننه به‌رچاو ئه‌و گه‌وره‌یه منداڵه‌كه سزا بدات به‌هۆی ده‌رچوونی له سیستمه‌كه. سزای ئایینه‌كانیش بۆ شیعر هه‌ر له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه ده‌بینن شاعیر چه‌شنی منداڵێك له سیستمی ئه‌وان ده‌رچووه و جیهانی وه‌ستا و ئاماده‌كراوی ئه‌وانی جێهێشتووه. له‌م بارودۆخه‌یشدا هه‌ر پێوانه‌یه‌ك لاسه‌نگ و هه‌ڵه ده‌كه‌وێته‌وه. چونكه ‘سوور‘ ی شاعیر هه‌رگیز ئه‌و ‘سوور‘ ه نییه كه ئایین به سووری تێده‌گه‌ن و ‘فیل‘ ی شاعیر ‘ فیلێكه كه ئایین پێی سه‌یره چۆته بن باڵی په‌ڵه‌هه‌وره‌كان.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش جیهانی شیعر به‌رینتر و فراوانتر له‌و جیهانه‌یه كه ئایینه‌كان تێیدان، بێجگه له دیوه زمانییه‌كه‌ی دیوه خه‌یاڵیی و خه‌ونییه‌كه‌یشی كه ئایینه‌كان به ته‌واوی جێده‌هێڵێت و شوێنێك بۆ ڕاوه‌ستان و چه‌قبه‌ستن ناهێڵێته‌وه. شیعر كاتێ جیهانێكی تر له‌سه‌ر ئه‌و جیهانه ئاماده‌كراوه به‌رز ده‌كاته‌وه، ڕاناكات و نابێته خانه‌ی سۆفییان. به‌ڵكو ده‌ستده‌كات به درووسكردنه‌وه و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه له جیهانی ئاماده‌كراودا. كاتێ شاعیر فڕێده‌درێت و شیعر ڕه‌تده‌كرێته‌وه ئه‌وا ده‌رده‌كه‌وێت كه مرۆڤه‌كان ته‌سلیمی جیهانی ئاماده‌كراو و وه‌ستاو بوون و له‌ناویدا په‌ره به دووپاتكردنه‌وه ده‌ده‌ن. ده‌ڵێن له جیهانی ئیمڕۆدا شیعر به‌سه‌رچووه و چیتر هچ ڕۆڵێكی نه‌ماوه، هه‌ندێك كه‌س ده‌ڵێن شیعر مردووه و به‌دوای ته‌رمه‌كه‌یشیدا مه‌گه‌ڕێن. زۆربه‌یان به كاریگه‌ری دنیای به‌رهه‌مهاتوو و ئابڵۆقه‌دراو به ئامێره‌كان، كاریگه‌ربوون به زانستی مۆدێرن كه پێیانوایه وه‌لاَمی هه‌موو شتێك ده‌داته‌وه هه‌ڵگری ئه‌م بۆچوونه‌ن. له‌سه‌ر من نییه وه‌ك ئه‌وان ڕۆڵی زانست به هه‌ند وه‌رنه‌گرم و له دژایه‌تیدا بڵێم : نه‌خێر ئه‌وه زانسته هیچ ڕۆڵێكی نییه و له گرنگ و بایه‌خه‌كه‌ی كه‌م بكه‌مه‌وه. به‌لاَم ده‌توانم ئه‌وه بڵێم شیعر له‌سه‌ر وه‌لاَمدانه‌وه و دڵنیایی پێدان ناژی. شیعر زینده‌وه‌رێكی پرسیارهێنه و له‌ناو نیگه‌رانییه‌كاندا گه‌را داده‌نێت. به‌و واتایه نا كه شیعر له ڕه‌شبینی و تاریكییدا بژی، به‌ڵكو به‌و واتایه‌ی شیعر له به‌رانبه‌ر جیهانی هه‌بوو و واقیعدا چۆك دانادات و به‌رده‌وام له سیستمه‌كان ده‌دات. پێده‌چێت مرۆڤی ئه‌مڕۆ به‌هۆی ئه‌م هه‌موو سێبه‌رانه‌ی جیهانی ئاماده و وه‌ستاو، چیتر چێژێكی ئه‌وتۆ له شیعر وه‌رنه‌گرێت و خۆی ته‌سلیمی سیستمه‌كان كردبێت. ئه‌وه‌ی گیرۆده‌ی وه‌لاَمه‌كانه و له جیهانی ئاماده‌كراودا تواوه‌ته‌وه شیعری به‌لاوه گرنگ نییه و ناتوانێت باوه‌ڕیش بكات كه شیعر هیچ جێگه و شوێنێكیشی هه‌یه له‌ناو جیهاندا.
به‌ر له كۆتایی ده‌توانم سه‌رنجه‌كانم له چه‌ند خاڵێكدا چڕ بكه‌مه‌وه :
1.زه‌وی، خوانێكی ئاماده‌كراوه بۆ ئه‌وانه‌ی كه دێنه ناوی و هه‌موو شته‌كان له لایه‌ن مرۆڤه كۆنهاتووه‌كان به‌سه‌ر نوێكاندا ده‌سه‌پێنرێن و نوێیه‌كان هیچ هه‌ڵبژاردنێكیان نییه، جگه له‌وه‌ی به جیهانی ئاماده‌كراو و خوانی ئاماده ڕازی ببن. ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (شیعر) تاكه كه‌ناڵێكن، ڕێگایه‌كن كه مرۆڤ تیایدا له جیهانی ئاماده‌كراو ڕزگار ده‌كه‌ن و دووباره كار ده‌كه‌نه‌وه له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و ده‌ستوور و ڕێسایانه‌ی به زۆر یان وه‌ك یاسایه‌ك به‌سه‌ر منداڵه هاتووه‌كاندا ده‌سه‌پێنرین.
2.شاعیر ده‌گه‌ڕێته‌وه قۆناغی منداڵیی به‌ر له قسه‌كردن و ڕووبه‌ڕووی زمان ده‌بێته‌وه، نایه‌وێ زمان و ده‌ستووره‌كانی دیكه‌ی به‌سه‌ردا بسه‌پێنن، له‌وه‌دا هه‌روه‌ك منداڵێك كه سیستمه زمانییه‌كه به ئاسانی وه‌رناگرێت، زمان و ڕێزمان تێكده‌شكێنێ و ده‌ریچه‌یه‌كی تر ده‌كاته‌وه بۆ ڕزگاربوون لێیان كه جیهانی شیعره.
3. شیعر (ئه‌ده‌ب و هونه‌ر) تاكه جیهانێكن ڕاسته‌وخۆ ڕووبه‌ڕووی جیهانی وه‌ستاو و ئاماده‌كراو ده‌بنه‌وه. ڕێگه‌یه‌كی تر ده‌كه‌نه‌وه تا له سیستمه‌كان ده‌رچن.
4. شیعر ته‌سلیمی جیهان و واقیعی هه‌بوو نابێت و زمانێكه له به‌رانبه‌ر سه‌پاندنی زمان و تۆماركردن و باركردنی مرۆڤ په‌یدا ده‌بێت. له دواییشدا به‌هۆی تێكدان و سه‌راوژێركردنه‌وه‌ی زمان، ده‌بێته داینه‌مۆ و ته‌كانده‌ری زمان. ئه‌گه‌ر شیعر له به‌رانبه‌ر زمانی سه‌پێنراودا هه‌ڵسێته‌وه و ململانێ بكات، ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ له‌به‌رانبه‌ر هه‌بوون و بوونی مرۆڤیش به‌و شێوه‌ی كه هه‌یه به‌رگری ده‌كات. هه‌ر بۆیه‌شه شیعر گرێ‌دراو و وابه‌سته‌ی بوونه و لێی جیا نابێته‌وه.
5. شاعیر كه ناتوانێت زمان له‌ناو ببات و به ڕه‌هایی جیهانی ئاماده‌كراو ڕه‌تبكاته‌وه، زمان تێكده‌دات. ورده ورده به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شاعیر له‌گه‌ڵ زمان، ده‌بێته خۆشه‌ویستی شاعیر بۆ زمان. له كاتێكدا شاعیر به‌و جۆره زمانی خۆشده‌وێت كه كوده‌تای به‌سه‌ردا بكات و تێكی بدات.
6. پێده‌چێت شاعیر ئه‌و ئه‌ومنداڵه بێت كه زمانی خۆشناوێت (چونكه به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه) به‌لاَم ئه‌و شوێنه‌ی له‌ناو زماندا خۆشبوێت كه ده‌كرێ لێیه‌وه گورز له زمان بوه‌شێنێ و كوده‌تای به‌سه‌ردا بكات، دووریش نییه شیعر هه‌ر له‌و شوێنه نیشته‌جێ بێت.
7.زمانی شیعر له‌و ڕووبه‌ڕه زمانییه ده‌ترازێ كه سیستمێك درووست ده‌كات لێده‌رچوونی نییه. ئایینه‌كان ته‌سلیمی ئه‌و ڕووبه‌ره زمانییه بوون و یاسا و ده‌ستووره‌كانی خۆیان (چاكه وخراپه) – (حه‌لاَڵ و حه‌ڕام) –( سپیی و ڕه‌ش)...ی خۆیان له‌ناو ئه‌و سیستمه‌دا جێده‌كه‌نه‌وه، كه سه‌ر به جیهانی ئاماده‌كراو و هه‌بووه.
8. له‌مڕۆدا هه‌وڵده‌درێت شیعر په‌راوێز بخرێت و وه‌ك مردووێك نیشان بدرێت، یان جیهانی ئێستا شیعر له خۆی فڕێ ده‌داته ده‌ره‌وه و وه‌ك به‌سه‌رچوو لێی ده‌ڕوانێت. ئاشكرایه شیعر له‌ناو جیهانی ئاماده و گه‌مه‌كانیدا ناتوێته‌وه، ئه‌مڕۆش ئه‌م گه‌مانه ده‌ستیان به‌سه‌ر جیهاندا گرتووه و ده‌وری مرۆڤیان ته‌نیوه. مرۆڤێك درووستبووه و په‌یدابووه كه له‌سه‌ر وه‌لاَمه‌كان ده‌ژی و هه‌ڵوه‌دای نوێترین وه‌لاَمه، ئه‌و ئیتر به ده‌گمه‌ن نه‌بێت هه‌ڵوه‌دای پرسیار و چوونه ناو قولاَیی نیگه‌رانیی و بابه‌ته ڕیشه‌یی و بنه‌ڕه‌تییه‌كان نییه.گیرۆده‌ی ده‌ستی میدیا و موعجیزه‌كانی زانسته، گه‌ر گۆڕانێكیش به‌سه‌ر خوای ئایینه‌كاندا بهێنێت ده‌یانكا به خوای زانست و خوای ده‌سه‌لاَتداریی. ئه‌و له سیستم و جیهانی خواكان ڕزگاری نه‌بووه و بووكه‌ڵه‌یی بوون له بره‌و و گه‌شه‌سه‌ندندایه. كه‌واته پێویسته له‌باره‌ی شوێنی شیعر له‌ناو جیهاندا له‌سه‌ر چۆنییه‌تی ئه‌و مرۆڤه قسه بكه‌ین كه وه‌به‌رهاتووه و ئێستا له جیهاندا هه‌یه.ئه‌گه‌ر شیعر شوێنی نه‌مابێت و به‌سه‌رچووبێت پێویسته له‌وه وردبینه‌وه كه (جیهانی ئاماده‌كراو) چۆن كۆنترۆڵی كردووین و له‌ناو سیستم و ده‌ستووره سه‌پێنراوه‌كاندا نقووم بووین. قسه‌یش له‌سه‌ر ئه‌وه نییه كه ژانره ئه‌ده‌بییه‌كان گورزییان له شیعر دابێت و خستبێتیانه دواوه‌وه، چونكه ئه‌م په‌راوێزخستن و بێ بایه‌خ كردنه هه‌موو ئه‌ده‌بیات و ته‌نانه‌ت هونه‌ریش ده‌گرێته‌وه و جارجاریش فه‌لسه‌فه‌یش.
9.ئایدۆلۆژیاكانیش چه‌شنی ئایین جیهانێك (به‌هه‌شتێك، خه‌ونێك) ده‌خه‌نه به‌رده‌ست و خۆیان ته‌سلیم به جیهانی ئاماده‌كراو ده‌كه‌ن. بۆیه هاوشانی ئایینه‌كان له‌گه‌ڵ زمانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر –شیعردا ده‌كه‌ونه ناكۆكی و هه‌وڵده‌ده‌ن كۆتی بكه‌ن، یان به فه‌رامۆشیی بسپێرن. جیاوازیش ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له‌گه‌ڵ ئایدۆلۆژیا و ئایینه‌كاندا ئه‌وه‌یه ئه‌ده‌ب و هونه‌ر جیهانێك له‌سه‌ر لادان و هه‌ڵسانه‌وه و یاخیبوون له سه‌پێنراوه‌كان درووست ده‌كه‌ن و هیچ خه‌ونێك، به‌هه‌شتێك پێشكه‌ش ناكه‌ن، به‌ڵكو كاریان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و درووسكردنه‌وه‌یه. له‌مڕووه‌وه ده‌كرێ بڵێم تاكه جیهانێك كه خۆی ته‌سلیم به جیهانی ئاماده‌كراو –خوانی ئاماده‌كراو نه‌كردووه، جیهانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ره.
له كۆتاییدا له گرنگترین ئه‌و پرسیارانه‌ی له باسه‌كه‌دا هه‌بوون و بابه‌ته‌كه‌یان جولاَند دووپات ده‌كه‌مه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م باسه ته‌وه‌ر و دیالۆگ و ڕێگای تری لێ ببێته‌وه و ئه‌وانه‌ی بابه‌ته‌كه‌یش ده‌خوێننه‌وه له خوێندنه‌وه‌ی دووباره‌ی پرسیاره‌كان له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه‌ی مندا بكه‌ونه دیالۆگ :
1. ئایا ده‌بێت خێزان هه‌ر هه‌بێت؟ ڕێگایه‌كی تر هه‌یه؟
2. خوشكه‌كان له كوێی ئه‌م خێزانه‌دا ده‌ژین؟ (ئه‌مه ناونیشانی وتارێكی بلاَوكراوه‌یشمه).
3. خێزان چۆن هونه‌ر له خۆده‌گرێت؟ سێبه‌ره‌كانی خێزان چی له هونه‌ر ده‌كه‌ن؟
4. ئه‌م خێزانه‌ی من تێیدا له‌دایكبووم، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه ئیسلامیه، چۆن له هونه‌ر و هونه‌رمه‌ند ده‌ڕوانێت؟ چه‌ك و ئاڕاسته‌كانی ئه‌و خێزانه چین به‌رانبه‌ر هونه‌رمه‌ند؟.
5. . تا ئێستا مرۆڤ توانیویه‌تی ڕێگایه‌كی تر بدۆزێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی دوای له‌دایكبوون منداڵه‌كه بچێته جیهانێك له‌و جیهانه ئاماده‌كراوه‌ی خۆمان نه‌چێت؟ نه‌چێته ناو جیهانێك كه تا ئێستا خۆی دووباره ده‌كاته‌وه؟
6. ئایا ده‌توانین له‌و جیهانه (جیهانی ئاماده‌كراو) ڕزگارمان بێت؟
7. كه‌س هه‌یه ئه‌و منداڵه ڕزگار بكات و بیباته جێهانێكی تر؟ شتێك هه‌یه وابكات ئه‌م منداڵه ‘زمان و هه‌موو فێركارییه‌كانی تر...‘ ی به‌سه‌ردا نه‌سه‌پێنرێن؟
8. ئه‌گه‌ر بتوانین وێنای جۆرێكی تری مرۆڤ بكه‌ین، ئه‌گه‌ر بیكه‌ین ئه‌و مرۆڤه چۆنه؟ ئه‌گه‌ر بیكه‌ین مرۆڤ ده‌بێ چ ڕێگایه‌كی تر بگرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مرۆڤه‌ی ئێستا نه‌بێت؟ ئایا ده‌توانێت له‌م ڕێسا و ده‌ستوورانه ڕزگاری بێت كه به‌ستراون به بوونیه‌وه و له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونیه‌وه تێی ده‌ئاڵێن؟
9. مرۆڤ كاتێ دێته‌بوون مه‌حكوومه به‌وه‌ی ژیان دووپات بكاته‌وه و ئه‌و ڕێچكه‌یه بگرێت كه بۆی دیاری كراوه. ‘خوانی ئاماده‘ خوانێكه كه خواردنه‌كانت بۆ دیاری كراون و ئاماده‌كراون، بۆت نییه داوای خواردنێكی تری جیاواز بكه‌ی، یان بڵێی من ئه‌و خوانه ڕه‌ت ده‌كه‌مه‌وه. گه‌ر ڕه‌تی بكه‌یته‌وه چی ده‌كه‌ی؟ یان خوانێكی تر كامه‌یه؟
10. زمانی شیعر چۆن سه‌رهه‌ڵده‌دا و په‌یوه‌ندی چییه به زمانی ڕێكخراو و هه‌بوو، زمانێك كه له منداڵییه‌وه فێری ده‌كرێین و له‌سه‌ر سیستمی زمانییه‌كه‌ی ڕاده‌هێنرێین؟
11. شاعیران بۆچی زمان تێكده‌ده‌ن و یاریی له‌ناو زماندا ده‌كه‌ن؟ لێكچوونه‌كانی نێوان شاعیر و منداڵ له تێكدانی زمان و ڕانه‌هاتنیان به سیستمی زمانیی چییه؟
12. جیاوازی نێوان جیهانی شیعر و جیهانی ئایین چییه؟ زمانی ئه‌و دووانه چۆن له‌یه‌كتر جیاده‌كرێته‌وه؟
13. جیهانی ئیمڕۆ بۆچی شیعر به گه‌رمی له‌خۆی ناگرێت؟
14. شیعر له جیهانی ئیمڕۆدا ده‌كه‌وێته كوێ؟
ڕێبین خدر
28/11/ 2015


کاریکاتێر: كه‌ريم مێرگه‌يى