سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
"شوێنێکی تری جەنگ" ناونیشانی دوایین کۆمەڵە شیعری نووسەر و شاعیر دڵشاد عەبدوڵلایە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان دەستدەکەوێت. ئەم کتێبەی شاعیر لەسەر ئەرکی خۆی چاپکراوە و ناوەندی غەزەلنووس لە سلێمانی ئەرکی بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆ گرتووە، تێکستە شیعرییەکانی نێو کتێبەکە لەنێوان ساڵانی ٢٠١١ تا ٢٠١٤ نووسراون و ئەزمونی جیاوازی نووسەر لەخۆدەگرن.
دەربارەی ئەم کتێبە شیعرییەی خۆی، نووسەر و شاعیر دڵشاد عەبدوڵڵا بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "کتێبەکە بریتییە لە کۆمەڵێک دەقی شیعر و پێشەکییەک سەبارەت بە شیعری تازەی کوردی و دیدی خۆم لەبارەی شیعرەوە، دەقەکان لە ساڵی ٢٠١١ تا ٢٠١٤ نووسراون و ئەزمونی جیاوازن، هەندێکیان شیعری زۆر کورتن لەشێوەی هایکۆ، ئەوانی تر قسیدەی درێژ و هەندێکیش مامناوەندن، کە چۆنییەتی کارکدرن تیایاندا جیاوازە."
دەربارەی ژیانی شاعیر و پەیوەندیی بە شیعرەوە، نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەیدا نووسیویەتی: "ناتوانی ژیانی شاعیر لەبەرهەمەکانی دەرهاوێژیتە دەرەوە، هەرچەند شیعر سیفەتی ئاوێنەی نییە بەڵکو مەوشوورییەو ئەوەی تێیدا دەردەکەوێ ئەوە نییەکەهەیە. بەو تێگەیشتنەوە شیعرم گواستەوە بۆ ( ناکەس). بەو واتایەی لەڕاستەوخۆیی دوورکەوتمەوە بۆ قووڵایی، قووڵایش بە هەموو بایەک ناجووڵێ."
جێی ئاماژەبۆکردنە دڵشاد عەبدوڵڵا لە پێشکەیی کتێبەکەیدا ئاماژە بە نوێگەریی لە نووسیندا دەکات و باس لە رەچەشکێنی دەکات لە نووسینی شیعردا، هەروەها ئەزمونی چل ساڵەی خۆی لە نووسیندا بۆ خوێنەران دەخاتە ڕوو.
