سولی ئۆن وێب
فیلمی بڵندی "ئاڵای بێ وڵات" A Flag Without a Country نوێترین بەرھەمی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" و لە بەرھەمھێنانی پارێزگاریی ھەولێر کە بەم دواییانە قۆناغە تەکنیکییەکانی کۆتایی ھاتووە و لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم"ەوە ئامادەکراوە، لە داھاتوویەکی نزیکدا دەچێتە سەر پەردەی سینەماکانی دنیا و لە سەری ساڵی ٢٠١٦دا لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشی جیھانی دەکرێت، بەم بۆنەیەوە ترەیلەرەکەی ئامادەی نمایشکردنە و بۆ ئاشنابوونی زیاتری بینەران لەگەڵ ئەم بەرھەمە سینەماییە بە شێوەی ڕەسمی بڵاوکرایەوە.
ئەم فیلمە کوردییە کە "بەھمەن قوبادی" ماوەی دوو ساڵ کاتی خۆی بۆ سازکردنی تەرخانکردووە، چەند ڕۆژ پێش ئێستا لەگەڵ ٤ فیلمی سەرکەوتووی بڵندی دیکە لە سەرتاسەری کیشوەری ئاسیا لە نۆیەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک"ASIA PACIFIC ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" لە ئوستوڕاڵیا بۆ وەرگرتنی خەڵات کاندید کرابوو.
"ئاڵای بێ وڵات" ژیانی دوو گەنجی ئەمڕۆی کورد لە ھەرێمی کوردستان بۆ بینەر باس دەکات کە سەرقاڵی سازکردنی وڵاتەکەیانن کە ساڵانێکی زۆرە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتە زلھێزەکانی عێراقدا بووە و ئەمڕۆکە دەرفەتێکیان بۆ ڕەخساوە کە نیشتمانەکەیان دروست بکەن. بەڵام تاکوو دەیانەوێت خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن لە شوێنێکی دیکەوە و لەم سەردەمەی ئێستاکەدا لە لایەن گرووپی تیرۆریستی داعش، ھێرش دەکرێتە سەر کوردستان و ئەم گەنجە کوردانە ناچارن کە وەکوو باوک و باپیرانیان لە ڕابردوودا دیسانەوە چەکەکانیان ھەڵگرن و ڕووبکەنە بەرەکانی جەنگ و ڕووبەڕووی شەڕێکی داسەپاو بوەستن.