نا لێبووردەیی گریڤیز

05/12/2015    20:24

نا لێبووردەیی گریڤیز 


Cînema

کارزان کاردۆزی

لە ساڵی ١٩١٦ دا جیهان لە ئاڵۆزییەکی جەنگی و ئابوریدا دەژیا. وڵاتانی ئەوروپا لە گەرمەی جەنگی جیهانی یەکەمدا بوون. لە ئەمەریکا، بۆ چەندان ساڵ کرێکاران و جووتیاران داوای مافی خۆیان دەکرد و ڕۆژانە لە شارە گەورەکاندا لەگەڵ پۆلیسدا خۆپیشاندان و پێکدادان ڕوویدەدا. لەم نێواندەدا، گریفیز خەریکی وێنەگرتنی فیلمێکی نوێ بوو لە ژێر ناوی 'دایک و یاساکە'، چیرۆکێکی درامیی کۆمەڵگەیی دەگێڕایەوە لەسەر چینی هەژارانی ئەمریکا، بە تایبەتی کرێکاران و مانگرتنیان لە کارگەکاندا لە بەرانبەر سیستمی سەرمایەداری و سەختی کارکردنیان و کەمی مووچەیان کە بەئەستەم دەیانتوانی بژێوی ژیانی ڕۆژانەیانی پێ دابین بکەن. 

کرێکارەکان وەکوو پاڵەوان نیشان دەدران و دووژمنەکانیان کەسانێکی سەرمایەداری دەوڵەمەندبوون. کارەکتەری ئەم سەرمایەدارە دەوڵەمەندانە لە فیلمەکەدا سەرچاوەکەیان کەسایەتی خێزانی سەرمایەداری وەکو ڕۆکەفێلەر بوو کە زۆربەی جومگەی ئابووری و میدیایی ئەمریکای لە ژێر دەستدابوو. 

لە بەهاری ساڵی ١٩١٦ دا، سەربازانی گاردی بەرگری سوپای ئەمریکی لە یەکێک لە کانە خەڵووزەکانی خێزانی ڕۆکەفێلەردا بۆ سەرکووتکردنی خۆپیشاندانی کرێکاران و کۆتای هێنانی مانگرتنیان بە زرێپۆش و چەکی قورسەوە پەلاماری کرێکارەکان دەدەن و نەک تەنها کرێکارەکان، بەڵکوو ژن و منداڵەکانیشان دەکووژن. ئەمە دەبێتە سەرچاوەی سەرەتای چیرۆکی فیلمە نوێکەی گریفیز کە دەیوویست  ژیانی کەسانی چینی هەژاری ئەمریکی نیشان بدات کە گیریان خواردووە لە داوی نایەکسانی و نا دادپەروەری کۆمەڵگاکەدا و ڕزگاربوون ئەستەم بوو بۆیان.

ئەم نایەکسانیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤەکان پەنا بەرنە بەر تاوان بۆ دابینکردنی بچووکترین بژێووی ژیانی ڕۆژانەیان. 'دایک و یاساکە' چیرۆکی لاوێکە کە تەنها بە 'کورەکە' ناو دەبرێت لە فیلمەکەدا لەگەڵ خۆشەویستەکەی، کە ئەویش تەنها بە "ئازیزەکە" ناو دەبرێت. 'کورەکە' ڕابردوویەکی تاریکی هەیە وەکوو تاوانبارێک، دوای ئالوودەبوونی بە خۆشەویستی "ئازیزەکە" و دروستکرنی ژیانی خێزانی و لە دایکبوونی منداڵەکەیان، 'کورەکە' واز لە ژیانی تاوان دەهێنێت، بەڵام لە لایەن هاورێ کۆنەکانیەوە هەڵدەخەڵەتێنرێت لە کردارێکی تاوانباریدا دەستیگر دەکرێت و  دەخرێتەوە زیندان. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژیانی بەختەوەری خێزانی بەرەو داڕمان بڕوات، هەروەها ژیانیشی لە مەترسیدایە کاتێک کە داگا بڕیاری لە سێدارەدانی دەردەکات لەسەر کردارێکی کووشتن کە ئەو بێتاوانە تیایدا.
  
 لە کاتی وێنەگرتنی فیلمەکەدا و دوای ئەوەی کە فیلمی ڕابردووی  گریفیز، "لە دایک بوونی نەتەوەیەک" لە سینەماکاندا سەرمایەیەکی زۆر بە دەست دەهێنێت و دەبێت بە پڕ بینەرترین فیلمی مێژووی سینەما تا ئەو کاتە، گریفیز بڕیار دەدات کە لە جیاتی فیلمێکی بچوک، فیلمی "دایک و یاساکە'' بکات بە فیلمێکی درێژ، زۆر گەورەتر لە فیلمی "لە دایک بوونی نەتەوەیەک" لە ڕووی بودجە و چیرۆکەوە . لە جیاتی تەنها نیشاندانی ژیانی چینی هەژاری کۆمەڵگەی ئەمریکی، گریفیز چەندان بینا دروست دەکات لە ستۆدیۆکاندا بۆ نیشاندانی کۆشک و شوێنی پشوودان و  ژیانی چینی بۆرجوازی و سەرمایەدارانی خاوەن کارگەکان و بەراوردکردنی ژیانیان بە هەژاران. دوای ئەوەی کە لە سینەمایەکی شاری سان فرانسیسکۆدا،  گریفیز فیلمی ئێپیکی مێژووی 'کابیریا' ی دەرهێنەری ئیتالی جیۆڤانی پاسترۆنی دەبینێت بریار دەدات کە چیرۆکی مێژوویی بۆ فیلمەکە زیاد بکات.

 ڕووداوەکانی لە شاری بابلی کۆندا ڕوو دەدات لە ساڵانی ژێر دەسەلاتی پادشا بێلشازەردا، بە تایبەتی لەو ساڵانەی کە شاری بابل تەرخان دەکات بۆ ئیشتاری  خودای خۆشەویستی. ئەم کردارەی بێلشازەر دەبێتە هۆی تووڕەبوونی قەشە دیندارەکانی شارەکە و هەوڵ دەدەن کۆتایی بە دەسەڵاتداری بیلشازەر بهێنن بە یارمەتی فارسەکان، بە تایبەتی سایرەسی ئیمپراتۆر، کە پەلاماری شاری بابل دەدات. 

بۆ نیشاندانی شاری بابل، گریفیز چەندان تاقمی گەورە دروست دەکات و لە ناوچەکانی هۆڵیوودا و لە وردەکاریدا کۆپی هونەری بیناسازی شارستانیەتەکانی ناوچەی میسۆپۆتامیا دەکاتەوە. هەموو بینا و پەیکەر و تاقمەکان وەکوو خۆیان دروست دەکرێنە و بەهەمان گەورەیی، تەنها لە چەند گرتەیەکی کەمدا نەبێت کە تاقمی بچووکی مۆدل و ئیفێکت بەکار هاتووە. بەڵام گریفیز بەمەشەوە ناوەستێت، سێیەم و چوارەم زنجیرەی چیرۆکی بۆ فیلمەکە زیاد دەکات، لەگێرانەوەی چیرۆکی لە خاچدانی  عیساوە بۆ لە ناوبردنی گروپی کریستیانی پرۆتیستانتی هیوگونۆس لە لایەن کریستیانە کاسۆلیکەکانەوە لە ساڵی ١٥٧٢ دا لە ووڵاتی فەرەنسا، لە نیشاندانی  دوو نمونەی نا لێبووردەیی لە نێوان دینە جیاوازەکاندا. لە کاتی وێنەگرتنی فیلمەکدا، زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە فیلمەکەدا وەکو یاریدەدەری دەرهێنەر کاردەکەن لەگەڵ گریفیزدا، لە ساڵانی داهاتوودا دەبن بە گەورە دەرهێنەری ستۆدیۆکانی هۆڵیوود، کەسانی وەکوو: ئێریک ڤان سترۆهایم، تۆد براونین، وودی ڤان دایک، ئالان دوان و ڤیکتۆر فلیمین کە یارمەتی گریڤیز دەدەن.  فیلمەکە دەبێتە سەرەتایەک تاوەکو فێری پیشەی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی فیلم ببن. 

دوای تەواوکردنی کاری وێنەگرتنی چوار زنجیرەکە و لە کاتی مۆنتاژکردندا، لە باتی نیشاندانی چیرۆکی هەر زنجیرەیەکی دیکە سەربەخۆیانە لە چیرۆکێکی تر، گریفیز زمانێکی نوێ دروست دەکات لە بەکارهێنانی مۆنتاژدا، زمانی مۆنتاژی تەریب و یەکتر بڕ، وە ناوی  'نا لێبووردەیی' دەدات بە فیلمەکە. گۆڕانی خێرایی لە چیرۆکێکەوە بۆ چیرۆکێکی تر و گۆڕینی کات و شوێن  ئەرکێکی ئەستەم دەبێت بۆ گریفیز لە کاتی مۆنتاژدا. گێرانەوەی مێژووی پێنج هەزار ساڵی مرۆڤایەتی، لە دروستکردنی فیلمێک لە چوار چیرۆک و ئاڵوگۆری نێوان چیرۆکەکان لە یەک کاتدا کە دەبوایە بینەر بتوانێت لە گۆڕانی پلاتی و ڕووداوەکان و کارەکتەرەکانی هەر چوار چیرۆکەکە تێبگات  و لەگەڵیاندا بمێنێتەوە بە بێ ونبوون تیایاندا.

ڕەنگە بۆ بینەرێکی ئەمڕۆ، ئەم کرداری بینینە زۆر سادە بێت، بەڵام لە ساڵی ١٩١٦ دا، بینەری سینەمای ئەو کاتە هیچ ئاشنایەکی نەبوو بەم جۆرە گێرانەوەی چیرۆک لە سینەمادا. بە درێژایی فیلمەکە چیرۆکەکان سەربەخۆیانە هەر یەکەیان پڵۆت و گۆرانکاری خۆی هەیە، بەڵام لە کۆتایدا هەموویان وەکوو یەک چیرۆک کۆدەبنەوە  لە گێرانەوەی چیرۆکی ڕقایەتی و نا لێبووردەیی مرۆڤەکان بەرانبەر بە یەکتر. بۆ گرتەکانی کۆتایی فیلمەکە و کۆکردنەوەی ئەم بابەتە و نزیکردنەوەی بینەر لە هەست و چیرۆکی کارەکتەرەکان و ڕاکێشانی سۆز بۆیان، گریفیز پێش بڕکێیەک دروست دەکات لە نێوان مرۆڤەکان و جەنگیان لەگەڵ کاتدا بە بەکارهێنانی مۆنتاژ، ئەم گرتانەی کۆتایی فیلمەکە نوێگەرییەکی گەورە دەهێنێتە هونەری سینەماوە کە تاوەکوو ئێستاش هەمیشە لە فیلمدا دووبارە دەبێتەوە، گرتەی پێشبرکێ و ڕاونان. بۆ ئەوەی ژیانی مێردەکەی ڕزگار بکات، "ئازیزەکە" دەبێت بە ئوتومبێلێک و بە خێرایی بگات بە پارێزگاری شارەکە کە لە شەمەندەفەرێکدا گەشت دەکات، لە کاتێکدا کاتژمێری لە سێدارەدانی "کورەکە" نزیک دەبێتەوە. لە هەمان کاتدا و لە شاری بابل و هەزاران ساڵ پێش ئەو کاتەدا؛ خۆشەویستەکەی بێلشازەر لە  ڕاکردنێکی گالیسکەکەدا بۆ ئەوەی هەواڵی خیانەتکردنی قەشەکان و پەلاماردانی فارسەکان بۆ شاری بابل بە بێلشەزار بگەیەنێت. لە نیشاندانی ئەم دوو پێشبرکێ و ڕاوەدوونانە و ئاڵووگۆری گرتەکان لەگەڵ ئەو کردارە تووندووتیژیانەی کە بە درێژایی مێژوو مرۆڤایەتی بەرانبەر بە یەکتر ئەنجامیان داوە، هەر لە لە خاچدانی عیساوە تاوەکو کوشتنی پرۆتستانەکان و جەنگ و هتد.

گریفیز بۆ یەکەم جار لە مێژووی سینەمادا و بە هونەریترین شێوە؛ کاری مۆنتاژ دەکاتە بەشێکی سەرەکی لە هونەری سینەمادا و هەموو یاسا و نەریتەکانی سینەمای ڕابردوو دەشکێنێت کاتێک کە چوار چیرۆک لە یەک ساتدا و لە چەندان شوێن و کاتی جیاوازدا تەریبیانە بە یەکتر نمایش دەکات. گرتەکانی کۆتایی فیلمەکە بە ڕادەیەک  هەستی بینەرانی ئەو کاتە دەجولێنێت کە لە هەندێک نیشاندانی فیلمەکەدا لە سینەماکاندا؛ بینەران هاوار دەکەن بۆ کارەکتەرانی سەر شاشەکە کە خێراتر بڕۆن و هەوڵی ڕزگارکردن و گەیاندنی پەیامەکەیان بدەن، بە تایبەتی بۆ ڕزگاکردنی ژیانی 'کورەکە' کە پەت لە ملی کراوە و تەنها چەند ساتێکی ماوە بۆ لە سێدارەدانی.  

ئەو هەڵە ڕەگەزپەرستیانەی کە سالێک پێشتر گریفز لە چیرۆکی فیلمی "لە دایکبوونی نەتەوەیەک"دا دەیکات و دەبێتە هۆی ئەوەی کە گریفز بکەوێتە ژێر هەرەشەی چەندان کەس و گروپ کە وەکو کەسێکی ڕەگەزپەرست  ناویان دەبرد. لە بەرانبەردا و لە وەڵامی گریفیزدا، بابەتی خۆشەویستی و لێبووردەیی دەبێتە بەشی سەرەکی لە فیلمی "نا لێبووردەیی"، دەیەوێت پەیامێکی لێبوردەیی و خۆشەویستی پێشکەش بکات بە مرۆڤایەتی لە چوار سەدەی جیاواز و لە ماوەی زیاتر لە سێ کاتژمیر و نیودا.

بەرهەم هێنانی فیلمەکە و نیشاندانی لە سینەماکاندا بودجەیەکی گەورەی دەوێت و گریفز دەیان هەزار ئەکتەر و سەدان دیزاینی جیاوازی بیناسازی و تایبەت بۆ فیلمەکە دروست دەکات. ئەوەی زۆر جێگەی سەرسامیە لە فیلمی  "نا لێبووردەیی"دا، گریفیز سیناریۆیەکی تەواوی نووسینی نەبوو بۆ فیلمەکە، زۆر لە گرتەکانی لە بیریدا و ڕۆژانە لە کاتی وێنەگرتندا دروستی دەکردن. گریفیز هەموو پارە و سەرمایەی خۆی دەخاتە ناو بەرهەمهێنانی فیلمەکەوە و بە بڕوای ئەو فیلمەکە بینەرێکی زۆری دەبێت لە جیهاندا  و وا لە مرۆڤەکان دەکات کە بیر لە هەستی نالێبووردەیی خۆیان بکەنەوە و فیلمەکە دەبێتە سەرەتایەک بۆ کۆتایهێنانی جەنگ لە ئەوروپادا. پاش نمایش فیلمەکە نە کۆتایی بەجەنگ هێنا و نە لە سینەمادا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، تەنانەت نەیتوانی پارەی بەرهەمهێنانەکەشی بەدەست بهێنێتەوە. ئەمە وای لە گریفز کرد کە کۆمپانیاکەی مایەپووچ بێت و لە ساڵانی داهاتوودا نەتوانێت فیلمێکی ئێپیکی گەورەی تر دروست بکاتەوە. فیلمی "نا لێبووردەیی" ستایڵ و فۆرمی گریفیز و زمانی سینەمایی بێدەنگی گەیاندە لوتکە و دەتوانم بڵێم کە هەموو زمانی تەکنیکی سینەما لەم فیلمەدا بوونی هەیە. ئەو وشانەی کە لە پەرتووکەکانی سینەمادا ئێستا باسی تەکنیک و فۆرم دەکەن، زۆربەیان بوونیان هەیە لە فیلەکەدا و یەکێکە لە شاکارترین فیلمەکانی مێژووی سینەما و لە ساڵانی داهاتوودا کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر دەرهێنەرانی تر، هەر لە دەرهێنەرانی لاوی سینەمای سۆڤیەتەوە بۆ دەرهێنەرانی هۆڵیوود.

*ئەم خوێندنەوانەی نووسەر بۆ ئەم فیلمانە بەشێکن لە پڕۆژەی کتێبێکی گەورە دەربارەی هونەری سینەما بەناوی "سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر" کە بڕیارە لە پایزی ساڵی ٢٠١٦دا بڵاوبکرێتەوە.




هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw