کۆمەڵەی ٦۸ دەستی بە چالاکیەکانی کرد

06/12/2015    00:36

کۆمەڵەی ٦۸ دەستی بە چالاکیەکانی کرد 


Têkst

لاژە تەها 

ئەمڕۆ شەممە ٥ی ۱۲ی ۲٠۱٥، کۆمەڵەی ٦۸ دەستیکرد بە هەوڵ و چالاکییەکانی، دەستپێکی چالاکییەکانی ٦۸ بە سیمینارێك بوو لەژێر ناونیشانی (بزوتنەوەی ئایاری ۱۹٦۸ی خوێندکارانی زانکۆی فەرەنسا و گرێدانەوەی بە دۆخی ئەمڕۆی زانکۆکانی هەرێم) کە لەلایەن دکتۆر ئازاد حەمە، مامۆستای زانکۆ پێشکەشکرا، لە ناوەندی غەزەلنووس.

سەرەتا بە وتەیەکی لاوك ئەبوبەکر، ڕێکخەری کۆمەڵەی ٦۸ دەست بە سیمینارەکە کرا، دەربارەی دەستپێکی هەوڵ و چالاکییەکانی کۆمەڵەکە وتی: "وەکو دەستپێك پێمان باش بوو زنجیرەیەك سیمینار سازبدەین، کە بابەتەکانی زادەی ئەو پەیام و ئامانجانە بێت کە کۆمەڵەکە لە پێناویدا پێکهاتووە و کاری بۆ دەکات."

د.ئازاد حەمە لە سیمینارەکەدا باسی لە هۆکار و سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئایاری ۱۹٦۸ کرد بە تایبەتی لە فەڕەنسا و وتی: "مرۆڤایەتی پێویستی بە ئایر لەسەر ئایارە، شۆڕشی ٦۸ پێویست بوو، گۆڕانکارییە گەورەکانی دروستکرد و کاریگەرییەکانی لە ئێستادا دەبینین" هەروەها بیروڕای چەندین بیرمەندی جیهانی و فەڕەنسی دەربارەی شۆڕشەکە خستەڕوو.

دەربارەی بارودۆخی خوێندن و خوێندکاران لە زانکۆکانی کوردستان ئازاد حەمە وتی: "نێوەندی ئەکادیمیمان لێوانلێوە لە قەیران. بارودۆخی زانکۆکانمان بارودۆخێکە حەسودی پێنابرێت، بەڵام چی بکەین؟ چۆن گۆڕانکارییە گەورەکان دروست بکەین؟ ئەم هەژارییە مەعریفییە کێ بەرپرسە لێی؟ ئێمەی تاك بەرپرسین لێی و تاك بەرهەمی بیرکردنەوەکانی خۆیەتی".

کۆمەڵەی ٦۸، کۆمەڵەیەکی زانستی و کلتوری چالاککارە، بە زنجیرەیەك سیمینار دەستی بە هەوڵ چالاکییەکانی کرد، بڕیاریشە لە ڕۆژانی داهاتوودا چەندین چالاکی زانستی و کلتووری ئەنجام بدات.





هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw