سولی ئۆن وێب ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەلەری "کاڵ" لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشانگایەکی تایبەتی بۆ کارە هونەرییەکانی هونەرمەندی شێوەکار ڕوناک ڕەسوڵ پوور کردەوە، "خەونی باخ" ناونیشانی پێشانگاکە بوو و ژمارەیەک لە کارەکانی هونەرمەندی ناوبراوی تێدا نماییش کرابوو، کە سەرجەمیان هەڵبژاردەیەک بوون لە کاری وێنەسازیی بۆ ژمارەیەک لە پەرتوکی تایبەتی منداڵان کە لە باکوری کوردستان بە زمانی کوردیی "کرمانجی" چاپ و بڵاودەکرێنەوە. دەربارەی کارەکانی ناو پێشانگاکە ڕوناک ڕەسوڵ پوور بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "پێشتر من لە پرۆژەیەکی دیکەدا کارمکردووە، کە بەریتیبوو لە وێنەسازی بۆ ژمارەیەک لە کتێبی منداڵان لە باکوری کوردستان بۆ ئەو خوێندنگایانە چاپکران کە گرنگی بە زمانی کوردیی "کرمانجی" دەدەن." وتیشی: "ئەو چیرۆکانەی کە لەو کتێبانەدا کاریان تێدا کراوە، چیرۆکی فۆلکلۆرن، فۆلکلۆری ناوچەی بۆتان، جولەمێرگ و هەکاری و چەند ناوچەیەکی دیکە و کۆکراونەتەوە، دراون بە ئێمە و ئێمەش کاری وێنەسازییمان بۆ کردووە. ئەو پێشانگایەی کە لە سنە بەڕێوەچووە لە هەر کتێبێک فرەیمێک، دوو فرەیممان هەڵبژاردووە و وەکو پێشانگا دامانناوە."