بە ئامادەبوونی سەرۆکی سویسرا، فیلمەکەی مانۆ خەلیل نمایشکرا

12/12/2015    18:04

بە ئامادەبوونی سەرۆکی سویسرا، فیلمەکەی مانۆ خەلیل نمایشکرا 


Cînema

سولی ئۆن وێب

پەرەسێڵکەی دەرهێنەری کورد مانۆ خەلیل هێلانەی خۆی بە جێ هێشت و فڕی. دوای کۆتا پێهێنانی کاری ئەم فلیمە لە پۆست پرۆدەکشن و وەرگێڕانی بۆ چەند زمانی نێودەوڵەتی، فیلمی پەرەسێڵکە دەبێتە فیلمی کردنەوەی فێستیڤاڵی نەتەوەیی سویسرا لە شاری سولوتورن و بە ئامادەبوونی سەرۆکی سویسرا بەڕێز ئالاین بیرسیه ئەم فیلمە نمایش دەکرێت.

فێستیڤاڵی سۆلۆتورنی فیلمی سویسری وەک مەککەی فیلم دەناسرێت چونکە لە ٥١ ساڵییەوە و هەتا ئەمڕۆ بە گەورەترین فێستیڤاڵی نەتەوەیی سویسری ناودەبرێت، خەڵاتەکەشی ٦٠ هەزار یۆرۆیە. پێش دوو ساڵ فیلمی مانۆ خەلیل (مێشەڤان)  کە خاوەن زیاتر لە ١٥ خەڵاتە و بەشداری سەدان فێستیڤاڵە، ئەم خەڵاتەی بە دەست هێنابوو.

پەرەسێڵکە نوێترین فیلمی دەرهێنەری ڕۆژئاڤای کوردستان، مانۆ خەلیلە. فیلمێکی درامییە، چیرۆکی کچێکی سویسری دەگێڕێتەوە، کە هەموو ژیانی لەو باوەڕەدا بووە کە باوکی کوردی باشووری کوردستانە و لە شەڕی دژ بە ڕژێمی سەدام وەک قارەمانێک جوانەمەرگ بووە. بەڵام دوای ٢٨ ساڵ، هەست دەکات کە باوکی لە ژیاندا ماوە، بۆیە بەرەو کوردستان بە ڕێ دەکەوێت و بۆی دەگەڕێت. 

ئەم فیلمە بە تەکنیکی هەرە مۆدێرن وێنەگیراوە و هەر بەو شێوەیەش نمایش دەکرێت.

ڕۆڵە سەرەکییەکان لە لایەن کچە ئەکتەرێکی سویسریی بە ناوی (مانون پفروندەر) و کوڕە ئەکتەری کورد (ئیسماعیل زاگرۆس) دەگێڕدرێت. هەروەها لەم فلمەدا دەیان ئەکتەری کوردی بەهێز ڕۆڵی تیا دەگێڕن وەک (بەنگین عەلی، ناسر حەسەن، ماجد م. وەیسی، رەمەزان قاسم، جەمیل زکری، ڕێکێش شەهباز، لیلیان نایف، کریستیان ساموێل وێبێر) و هەروەها کچە ئەکتەری نوێ (دێژین جەمیل) ڕۆڵی تیا دەگێڕن.

ماوەی فیلمەکە ١٠٢ دەقیقەیە، لە سەرەتای ساڵی نوێ دەست بە گەڕان دەکات لە فێستیڤاڵە جیهانیەکاندا و ڕۆژی ٤/٢/٢٠١٦ لە هەموو هۆڵە سینەماییەکانی سویسرا نمایش دەکرێن.

فیلمەکە بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی (فرەیم فلم)ی مانو خەلیلە و بە بەشداری تەلەڤزیونی ئارتێ و تەلەڤزیۆنی سویسریی بەرهەمهاتووە.


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw