چاپەمەنیی مانگ پێشانگایەکی کتێب لە شاری بانە دەکاتەوە

13/12/2015    13:10

چاپەمەنیی مانگ پێشانگایەکی کتێب لە شاری بانە دەکاتەوە 


Têkst

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا



سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ١٣ی ١٢ی ٢٠١٥ چاپەمەنیی مانگ لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشانگایەکی کتێبی کردەوە. پێشانگاکە ڕۆژانە لە کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانییەوە تا ٥:٠٠ی ئێوارە لە هۆڵی زانکۆی پەیام نوور بەڕووی خوێنەراندا کراوەیە و بەرهەمی چاپکراوی هەردوو زمانی کوردی و فارسیی لەخۆگرتووە. بڕیاریشە هەتا ١٧ی ١٢ی ٢٠١٥ پێشانگاکە بەردەوامیی هەبێت.


دەربارەی ئەم پێشانگایە هادی کیا بەرپرسی بەشی چاپ و بڵاوکردنەوە لە چاپەمەنیی مانگ، بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "ئەم پێشانگایە لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی یەک هەفتە لەناو زانکۆ پەیام نووری بانە بۆماوەی هەفتەیەک دەوامەی دەبێت، ئەو کتێبانەش کە لە پێشانگاکەدا نماییش دەکرێن زۆربەیان کتێبی فارسین، هەروەها کتێبە چاپکراوەکانی مانگ و هەندێک کتێبی دیکەی کوردیش کە هی چاپەمەنییە کوردییەکانی ناوخۆی ئێرانن و بەشێک لە چاپکراوەکانی باشووری کوردستانیش لەخۆدەگرێت."


وتیشی: "ئەگەر بۆمان بگونجێت شایەد لە بەهاری ساڵی داهاتوو لە پێشانگای نێونەتەوەیی کتێبی تاران بەشداری بکەین، هەروەها ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان یارمەتیمان بدات و کارئاسانیمان بۆ بکات، لە پێشانگای هەولێریش بەشداری دەکەین."


چاپەمەنیی مانگ ساڵی ٢٠١٣ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە و بنکەی سەرەکیی لە ناوەندی شاری کەرەجە و فرۆشگای ناوەندیی چاپەمەنییەکەش لە شاری بانەیە، یەکەمین کۆمەڵە کتێبی چاپەمەنییەکە سالی پار بڵاوکرایەوە، تا ئێستا ٣٠ ناونیشانی کتێبی جۆراوجۆری بەزمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاوکردووەتەوە.



هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw