دوای مردن

13/12/2015    17:04

دوای مردن 


Cînema

کارزان کاردۆزی

"ییڤگینی فرانسەڤیچ باوا" یەکێکە لە دۆزەرەوان و باوکانی رۆحی سینەمای وڵاتی ڕووسیای پێش شۆرشی ئۆکتۆبەری سۆڤیەت و سینەمای مۆنتاژی نوێ. ئەستەمە بڕوا بکرێت، بەڵام تەنها لە ماوەی چوار ساڵی کورتی ژیانی سینەمایدا، لە نێوان ساڵانی ١٩١٣ بۆ ١٩١٧ دا؛ "ییڤگینی باوا" ٨٢ کورتە فیلم دروست دەکات. زۆربەی بە شاکارە سەرەتاییەکانی سینەمای ڕوسیا دادەنرێن و درێژی فیلمەکانی لە نێوان ١٢ بۆ ٤٠ خولەک دەبن و لە ئێستادا تەنها چەند فیلمێکیمان بۆ ماوەتەوە. باوا ستایڵ و فۆرمێکی تایبەتی بۆ خۆی دروست کرد لە فیلمەکانیدا لە ڕێگەی بەکارهێنانی دیزاینی تاقمی تایبەتی  و ئاڵۆزی بەکارهێنانی ئێکسپریشنیستی ڕووناکی و جوڵاندنی کامێرا و هەروەها سەرەتایەک لە بەکارهێنانی مۆنتاژ و ئاڵوگۆڕی گرتەی نزیک بە شێوەیەکی دراماتیکی، دوور لەو  ستایڵ و فۆڕمانەی لەو ساڵانەدا لە سەرەتای لە دایکبوونی سینەمای بێدەنگدا بەکاردەهاتن. 

لەناو ئەو فیلمانەی کە بۆمان ماوەتەوە،  فیلمی "دوای مردن" ە، کە  یەکێک لە شاکارترین کارەکانی باوا و سینەمای سەرەتای ڕووسیا. سەرچاوەی فیلمەکە کورتە چیرۆکی "کلارا میلیچ" ی نوسەری ڕووسیی ئیڤان تورگنیڤە.  لە فیلمەکەدا "باوا" نزیک دەبێتەوە لە بە وێنەگرتنی بابەتی ئەدەبیی کلاسیکی ڕووسی لە نیشاندانی تەنهایی و ئاڵۆزیی خۆشەویستی و مردن بە  دروستکردنی کەشێکی وێنەگریی کە زیاتر بینەر نزیک دەکاتەوە لە هەستی ناخی تاکی سایکۆلۆژیی کارەکتەرەکانی، دوور لە گۆڕانکاریی ئاڵۆزی چیرۆک. کارەکتەر و چیرۆکی فیلمەکە تێکەڵبوونێکی تورگینیڤ و چیخۆف و دۆستۆڤۆسکیانەیە لە هەوڵدانێکدا بۆ دەبرینی هەستی ناخی کارەکتەرەکان، بە تایبەتی کارەکتەری لاوی ئەندری باگرۆڤ، کە وەکوو کەسێکی نموونەیی ڕێبازی نیشان دەدرێت. دوای مردنی دایکی، هەمیشە لە تەنهایدا دەژی و زۆربەی کاتەکانی لە ماڵەوەدا بەسەر دەبات. ئەو کەسێکی تەنیایە و دەیەوێت پارێزگاری لەو تەنهاییەی بکات، بەڵام ئەم ژیانە ئارامەی لە پڕێکدا گۆرانکاری بەسەردا دێت کاتێک کە لە ڕۆژێکی  زستاندا لە باخچەیەکی بەفراویدا کچێک دەبینێت  و بۆ چەند ساتێک سیمای ئەو سەرنجی ڕادەکێشێت، بەڵام بە خێرایی دەڕواتەوە ماڵەوە و کچەکە لە بیر دەکات. لە ڕۆژانی داهاتوودا، هەمان کچ  بە دوای ئەودا وێڵ دەبێت، داوای درووستبوونی پەیوەندی خۆشەویستی لێ دەکات، بەڵام ژوورەکەی و پەرتووکەکانی ژیانی تەنهایی بۆ ئەندرێ گرنگترە لە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کەسانی تر. کاتێک کە هەواڵی خۆکوشتنی هەمان کچ دەبیستێت، ئەندرێ لە ناخەوە دەهەژێت، خۆی بە تاوانبار دەزانێت و لە ئاڵۆزیەکی دەروونیدا دەژی. شەوانە لە خەونەکانیدا کچەکە سەردانی دەکات و بە نزیکبوونەوەی ئەو، مردنیش لە ئەندرێ نزیک دەبێتەوە. "دوای مردن"  فیلمێکە کە تیایدا "باوا" بلیمەتانە ئەم هەستانەی ئەندرێ نیشان دەدات لە ڕێگەری بەکارهێنانی وێنە و خەون  و بیرەوەریەکانیەوە. ئەو ساتە بچوکەی کە ئەو کچەکە دەبینێت کاتێکیش کە بڕیار دەدات بە تەنها بمێنێتەوە  و فەرامۆشی بکات، ئەو دوو ساتانە دەبن بە دوو هەست کە هەمیشە لە ناخیدا دووبارە دەبنەوە وەکو هەستێکی پەشیمانی و ناتوانێت لە دەستیان ڕابکات، تەنها دەبێت لە پەشیمانیدا بژی لە تاوانبارکردنی خۆی وەکو هۆکاری لە ناوچوونی کچەکە. لەبەر بوونی وەکو کەسێکی ڕێبازیی ناتوانێت هەمیشە لەگەڵ ئەو بیرەوەری و بڕیارە هەڵەیەدا بژی کە دەبێتە هۆی مردنی کەسێکی تر، هەر بۆیە لەگەڵ ڕۆشتنی کاتدا بیرەوەریەکانی ئەو کچە ئەویش بەرەو مردن ڕادەکێشێت.

کەم فیلم هەیە لە ساڵانی سەرەتای سینەمای بێدەنگدا بەم شێوەیە بیرەوەری، دەمارگیریی، نەست لاڕێیی، خەون، سەروو سروشت و ئاڵۆزیی سایکۆلۆژی ناخی تاکێک بەو بلیمەتیانە و تەنها لە ڕێگەی وێنەوە گرتەکانی نمایش بکات. وەکو زۆربەی کارەکانی تر، بە کەمی "باوا" نووسینی کاردی تایتلی لە فیلەکەدا بەکاردەهێنێت؛ گرتەکانی درێژن، زانایانە کامێرا دەجوڵێنێت و تاقم و ڕووناکی بەکاردەهێنێت. لە یەکێک لە بلیمەتترین گرتەکانی فیلمەکەدا؛ بۆ سێ خولەک کامێرا دەجوڵێت و چەندان شوێن و ئاڵوگۆری جوڵەی کارەکتەرەکان گۆرانکاری کۆمپۆزیشنی گرتەکان دەکات بە بێ بوونی بڕینێکی مۆنتاژی و بێ بەکارهێنانی تیکستێکی نووسین، کامێراکەشی هەمیشە لە جوڵەدایە لە ڕێگەی چوونە دواوە و پان بە ڕاست و چەپدا. بلیمەتیی بەکارهێنانی کامێرا دەگەڕێتەوە بۆ سینەمەتۆگرافەر و کامێرامانی "باوا"، بۆریس زاڤلییڤ کە وێنەی زۆربەی فیلمەکانی  باوا دەگرێت و یەکێک بوو لە گەورە وێنەگرانی ساڵانی سەرەتای سینەمای ڕووسیا. 

*ئەم خوێندنەوانەی نووسەر بۆ ئەم فیلمانە بەشێکن لە پڕۆژەی کتێبێکی گەورە دەربارەی هونەری سینەما بەناوی "سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر" کە بڕیارە لە پایزی ساڵی ٢٠١٦دا بڵاوبکرێتەوە.

هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw