سولی ئۆن وێب
فیلمی سینەمایی "حکایت عاشقی" واتە "چیرۆکی ئەوینداریی" A Tale of Love لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "ئەحمەد ڕەمەزانزادە" و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری ناوداری لوڕ "مەسعوود جەعفەری جەوزانی" سەبارەت بە کارەساتی دڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە و بە ڕۆڵ بینینی ئەکتەری ناوداری کورد "شوان عەتووف" و ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران "بەھرام ڕادان" لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە میانەی سێیەمین خولی ھەفتەی فیلمە سینەماییەکانی "ماڵی ئاسیا" لە شاری بەرشەلۆنە لە وڵاتی ئیسپانیا نمایشکرا و بە زۆرترین دەنگ توانی دوو خەڵاتی سەرەکیی و گرینگی "باشترین فیلم" و "باشترین سیناریۆ"ی بەشی "پانۆڕاما" (باشترین بەرھەمەکانی سینەمای ئاسیا) بەدەستبێنێت.
ھەروەھا خەڵاتی باشترین دەرھێنانی ئەم بەشەش بە سینەماکاری ناوداری کۆریی "ھۆنگ سانگ سوو" بۆ دەرھێنانی فیلمی سینەمایی "تەپۆڵکی ئازادیی" بەخشرا.
ھەفتەی فیلمە سینەماییەکانی "ماڵی ئاسیا" بە مەبەستی پێشکەشکردنی وێنەیەکی ھاوچەرخ لە کۆمەڵگای کیشوەری ئاسیا لە سەدەی بیست و یەکدا دامەزراوە.
سێیەمین خولی ئەم ھەفتە فیلمە بە نمایشی ٥٠ فیلم لە سینەماکارانی ٢٠ وڵاتی کیشوەری ئاسیا لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: "بەشی سەرەکیی"، "بەشی تایبەت" (فیلمە تازە درەوشاوەکان بە ناوەرۆکی چیرۆکە ناواقعییەکان، ئەنیمەیشێن، دیکۆمێنتاریی و فیلمە خەیاڵاوییەکان) و ھەروەھا "بەشی پانۆڕاما" (باشترین بەرھەمەکانی ئاسیا) لە ڕۆژانی ٥ تا ١٠ی دیسەمبەری ٢٠١٥ لە شاری بەرشەلۆنا لە وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوەچوو.
لە یەکەمین فیلمی بڵندیی "ئەحمەد ڕەمەزانزادە"دا چەندین ئەکتەری ناوداری کورد و ئێرانی ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: "شوان عەتووف" لە ھەرێمی کوردستان، ئەکتەری ناوداری ئێرانی "بەھرام ڕادان"، ئەکتەر، شانۆنامەنووس و دەرھێنەری بەئەزموونی شانۆی کوردستان و ئێران دکتۆر "قەتبەدین سادقی"، ئەکتەری بەئەزموونی کرماشانی "بەھمەن زەڕین پوور"، ئەکتەری لاوی سنەیی خاتوو "شیلان ڕەحمانی"، ئەکتەری کورد "پەیام عەلەوی"، خانمە ئەکتەری منداڵی کوردستان "کیمیا مورادیان" و چەندین ئەکتەری دیکە.
فیلمی سینەمایی "چیرۆکی ئەوینداریی" کە لە لایەن ناوەندیی سینەمایی فاڕابی
ئێران لە ئاستی جیھاندا بڵاودەکرێتەوە لە یەکەمین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا
و لە دوو سانسی جیاوازدا لە ڕۆژانی ٤ و ٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٥ و بە پەیامی ئاشتی و برایەتیی و جیھانێک بەدوور لە شەڕ، لە بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای ھەڵبژاردەی جیھان" Focus on World Cinema لە میانەی سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنتڕاڵ" Montreal لە وڵاتی کەنەدا چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن "ئەحمەد ڕەمەزانزادە" دەرھێنەری بیجاڕیی ئەم فیلمە، ئەم دوو نمایشەی فیلمەکە بە فۆتۆگرافەرانی شەڕ و ھەوڵەکانی ئەوان بۆ بە وێنەکردنی ڕاستییەکانی جیھان پێشکەش کرد.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی زیاتر لە ٤٠٠ فیلم لە سینەماکارانی ٨٠ وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێیەلە ڕۆژانی ٢٧ ئۆگۆست تا ٧ی سێپتەمبەری ٢٠١٥ لە شاری مۆنتڕاڵ لە وڵاتی کەنەدا بەڕێوەچوو.
فیلمی "چیرۆکی ئەوینداریی" لە یەکەمین نمایشی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "سەودای سیمورغ" لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر لە شاری تاران چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە لەوحەی فەخری باشترین ئەکتەری تەواوکەریی پیاو بە "بەھمەن زەڕین پوور" ئەکتەری پێشەنگی کرماشانی ئەم فیلمە بەخشرا.