پشتیوان کەمال
لە ١٩ی ئەم مانگەدا ناوەندی غەزەلنووس بە بڵاوکردنەوەی ٨٠هەمین کتێب ماڵئاوایی لە ساڵی ٢٠١٥ دەکات لەنێو ئەو کتێبانەدا ڕۆمانی "قارەمانەکان و گۆڕەکان"ی نووسەری ئەرجەنتینیی "ئێرنیستۆ ساباتۆ" لە وەرگێڕانی "حەمە قادر" هەیە. ڕۆمانەکە لە ساڵی ١٩٦١ لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین بڵاوکراوەتەوە. بڕیاریشە لە ١٩ی ئەم مانگەدا بە ئامادەبوونی وەرگێڕ کتێبەکە لە دووتوێی ٧٢٠ لاپەڕەدا بە زمانی کوردی بڵاوبکرێتەوە. "حەمە قادر" دەربارەی وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە بۆ سولی ئۆن وێب دەدوێت.
-ڕۆمانەکە لە چ زمانێکەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی؟
حەمە قادر: ڕۆمانەکە لە زمانی فارسییەوە کراوە بە کوردی، و وەرگێڕە فارسەکەشی (دکتۆر موستەفا موفیدی) بە وەرگێڕی ساباتۆ ناسراوە لە ئێران و هەر سێ ڕۆمانەکەی ساباتۆی کردووە بە فارسی. بەڵام من بە یارمەتی چەند هاوڕێیەکی عەرەبیزان بۆ پەراوێزی زیاتر و ساغکردنەوەی زۆر شوێن گەڕاومەتەوە سەر وەرگێڕانە عەرەبییەکەش. بەخۆشحاڵییەوە هەر دوو وەرگێرانەکە جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبوو و هەندێ پەراوێزی سەرچاوە عەرەبییەکەشم لە وەرگێڕانەکەی خۆمدا داناوەتەوە.
بۆ قارەمانەکان و گۆڕەکانی ئێرنیستۆ ساباتۆت هەڵبژارد بۆ وەرگێڕان؟
حەمە قادر: بۆ من هیچکات "خزمەتکردن بە کتێبخانەی کوردی" نیەتی وەرگێڕان نەبووە و نییە. وەرگێڕەکان دەزانن هەموو وەرگێڕانێک چێژی خۆی هەیە، جۆرێک نووسینەوەیە و تۆش وەک وەرگێڕی نووسەرێکیت تەریب بە نووسەری ڕۆمانەکە. هەڵبەت بێگومان دواتر کتێبەکە دەچێتەوە ناو کتێبخانەی کوردی و "خزمەت"یش دەکات. من وەرگێڕێکی پیشەگەر نیم، ساڵانە کتێبم هەبێت و لەسەری بژیم. ڕەنگە تا کۆتایی تەمەنم یەک دەقی تر نەکەم بە کوردی، ڕەنگە چەند ڕۆژێکی تر دەست بکەمەوە بە وەرگێڕانی کتێبێکی تر. نازانم. گرنگ ئەوەبە بزانم کتێبەکە ڕێگەم دەدات ببمە بەشێک لە جیهانەکەی یان نا. ساڵانێک لەمەوبەر ڕۆمانی "تونێل"م کە یەکەم ڕۆمانی ساباتۆیە، خوێندبووەوە و کردم بە کوردی، بەڵام پێش من خاتوو شیرین.ک وەریگێڕاو و بڵاوی کردەوە و من وازم لە وەرگێڕانەکەی خۆم هێنا. هەرلەوکاتەوە ڕۆمانەکانی دیکەی ساباتۆشم خوێندەوە و ئەدەبەکەیم بەلاوە گرنگ بوو و لە خۆم نزیک دەمبینی. دەمێکە حەزم دەکرد، قارەمانەکان و گۆڕەکان، کە دووەم ڕۆمانێتی بکەم بە کوردی، بەڵام وەرگێڕانەکەی دواکەوت بۆ ئێستا.
گرنگی ئەم ڕۆمانە چییە لە ئەدەبی جیهانیدا؟
حەمە قادر: ئەدەبی ساباتۆ لەو جۆرە ئەدەبانەیە من حەز دەکەم پێی بڵێم "ئەدەبی هەڵدێڕ"؛ ئەدەبێک کە لە ئینسان ئەدوێت لە دۆخی وەستان لەسەر هەڵدێڕێکدا. ئەگەر بڕواتە پێشەوە دەکەوێت، ناشتوانێت بگەڕێتەوە چونکە ڕابردووەکەی گەیاندوویەتییە ئێرە، پێی باشە بوەستێت و بیر لە وەستانی خۆی لەسەر ئەو هەڵدێڕە بکاتەوە. ڕۆمانەکە شاکارێکی گەورەیە و ئەدەبی ساباتۆ لەلایەن زۆر نووسەری گەورەوە ستایش کراوە. ڕۆمانێکە لە گەرمەی بازاڕی "شتە بچووکەکان"دا دەگەرێتەوە بۆ شکۆی پرسیارە گەورەکانی ئینسان، لەسەر مانای ژیان، عەشق، مەرگ، یادەوەریی، هیوا و عەقڵانییەت، خوا، تەنیایی، هونەر و زۆر گەورەچەمکی تر. بەداخەوە ساباتۆ لە ماوەی ٩٩ ساڵ تەمەنیدا تەنیا سێ ڕۆمانی نووسیوە و ئەم کەمنووسییەش کاریگەری هەبووە لەوەی درەنگ ناوبانگی بڵاوبێتەوە. ئەمە جگە لەوەی چەندین وتاری فەلسەفی و ڕەخنەی ئەدەبی نووسیوە و چالاکوانێکی سیاسی و ڕۆشنبیرێکی مەیدانیش بووە. لە دوای بۆرخیس (تا ئەو شوێنەی ئاگادار بم) ناودارترین نووسەری ئەرجەنتینییە. کە زۆر لە نووسەرانی ئەمریکای لاتین ناچێت. نووسینی ساباتۆ زیاتر جۆرێک پەیوەندییە لە نێوان ئەدەبی دۆستۆیڤسکی و تۆڵستۆی. واتە کردنی دوو پرسیار و دانەوەی یەک وەڵام بۆ هەردووکیان. لە مرۆڤەوە بەرەو جیهان بڕۆین؟ یان لە جیهانەوە بەرەو مرۆڤ؟
تەکنیکی ساباتۆ لە گێڕانەوەی ئەم ڕۆمانەدا زیاتر زیهنییە و وەرگێڕانی ڕۆمانێکی لەمجۆرە بێگومان قورسیی خۆی هەیە. من ماوەیەکی زۆر (چەندین مانگ) پێوەی ماندوو بووم و لە وەرگێڕانەکەی ڕازیم و دەتوانم بڵێم خوێنەری کوردی یەکێک لە شاکارترین ڕۆمانەکانی هەموو تەمەنی دەخوێنێتەوە.

