ڕۆژێک بۆ سەما لە کۆیە

15/12/2015    01:02

ڕۆژێک بۆ سەما لە کۆیە 


Şano

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ڕاز حەسەن

پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شەهید جەعفەر/کۆیە ڕۆژی شەممە ١٢/١٢/ ٢٠١٥کاتژمێر ١١:٣٠ پێش نیوەڕۆ هەستا بە سازدانی وۆرک شۆپی سەمای هاوچەرخ بۆ هونەرمەندی سەماکار (کاروان عومەر) لە هۆڵی پەیمانگاکە، کە تایبەت بوو بە مێژووی سەمای هاوچەرخ پاشان نمایشکردنی پارچە سەمایەک بە داتا شۆو لە کۆتایدا ئەنجامدانی وۆرک شۆپێکی پراکتیک بۆ بەشداربووان و ئامادە بوان.
لە سەرەتادا  کاروان عومەر باسی لە دەستپێکردنی کارەکانی خۆی کرد لە ناو سەماداو دواتر باسی مێژوی سەما کرد هەر لەو جوڵانەی مرۆڤەکان کە لە ناو ئەشکەوتەکان وێنە کراوە کە ئەو جوڵانە خۆی لە خۆیدا جۆرێک بووە لە سەما، پاشان ئەو باسی لە ئاستەکانی سەما کرد کە لە یەکەم ئاستدا سەما زۆر کۆمەڵایەتی بووە کاتێک کە کۆبونەتەوە هەرکەسێک حەزی کردووە خۆی پێشکەش بکات، لە ئاستی دوەمدا ڕیتمێکی ئاینی زاڵ بووە بەسەر سەمادا،تاکو ئێستا کە چۆن گەیشتووە بەو پێشکەوتنەی ئێستا ئەو وتی "مێژووی سەما زۆر کۆنە و جوڵە ڕیتمیەکان لە سەردەمانێکی دێرینەوە یەکان گیر بووە لەگەڵ ژیانی مرۆڤەکاندا هەر لە مرۆڤی کۆنەوە کۆمەڵێك جوڵەی ڕیتمی هەبووە کە بەدەوام هاوکار و هاوڕێی مرۆڤەکان بوون ئەمەش لە پێناو دەربڕینی خۆشی و ناخۆشیەکانیاندا بووە".
دواتر کاروان عومەر باسی لەوە کرد کە ئەگەر ئێمە بمانەوێت بزانین مێژوی سەما لای کورد لە کەیەوە بووە و چۆن بووە کە تاوەکو ئێستا نەکراوە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو وێنەو نەخشانەی ئەو سەردەمە کە دەتوانن یارمەتی دەربن بۆ تێگەیشتن لە مێژوی جوڵە لای ئێمە.
کاروان عومەر ڤیدیۆیەکی (١٥) چرکەیی قوتابیەکانی خۆی بە داتاشۆو پیشانی ئامادەبوان دا هەرەوها کەمێک باسی لەو کتێبە کرد کە وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی بەناوی (بالێت)، پاشان چەند کارتێکی کارەکانی دابەش کرد بە سەریاندا.
لە کۆتایدا هەندێک لە قوتابیان و مامۆستای پەیمانگاکە هەستانە سەر سەکۆی شانۆکە و لەگەڵ مامۆستا کاروان چەند تەکنیکێکی جوڵەی سەرەتاییان تاقیکردەوە.
کاروان عومەر مامۆستا و شارەزا لە بواری سەمادا لە پەیمانگای هەنەرە جوانەکانی سلێمانی خوێندویەتی پاشان لە ساڵی ١٩٩٨ دەچێتە سویسرا و لەوێ بەشێوەیەک ئەکادیمی دەرسی سەما دەخوێنێت ئێستا خاوەنی ٣پۆلی وانە وتنەوەی سەمایە، کتێبی بالێتی لە ئەڵمانیەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی کە لەلایەن هیوا فاوندایشن بە چاپ گەیەندراوەو لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ بڵاوکرایەوە ، ئەو دەڵێت "ئەوەی من لەوێ فێری دەبم دەمەوێت بێمەوەو منیش بە خەڵکی خۆمانی بگەیەنم تا ئەوانیش سودمەند بن لێی و بتوانن لە ڕەگەی سەماوە ئازاد بن."











هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw