ئه‌حمه‌د ئه‌مانی
وشه یان تێرمی ئه‌زموون (experience) له جیهاندا جێگه‌یه‌کی یه‌کجار گرنگی هه‌یه و ته‌نانه‌ت ئه‌زموون (experience) به چه‌ند جۆری ئه‌زموونی فیزیکی، زه‌ینی، هه‌ستیانه، ڕۆحی، ئاینی، کۆمه‌ڵگایی، کۆمپێترییه‌کان (جیهانه مه‌جازییه‌کان) و تاکییه‌کان (Subjective) دابه‌ش کراوه، به‌ڵام که‌لتووری کورد له‌م ڕووه‌وه له هه‌مان خانی یه‌که‌می به‌ده‌ویه‌تی خۆیدا قه‌تیس ماوه و هیچ وشه و به‌رانبه‌رێکی بۆ وه‌ها ترمێکی یه‌کجار گرنگ و مرۆڤانه نییه، نه‌بوونی ئه‌م وشه ده‌قێق به‌و مانایه که کورد هه‌رگیز بیری له تێرمێک به‌ناوی ئه‌زموون (experience) نه‌کردووه‌ته‌وه، وه‌ک وشه‌ی کۆمپیوتر، زمانی کوردی ئه‌م وشه‌ی نییه چون ئامێری کۆمپیوتر هین کورد نه‌بووه، نه‌بوونی به‌رانبه‌ری زمانی بۆ ئه‌زموون (experience)یش ده‌قێق به‌و مانایه که کورد ئه‌مشته‌ی فام نه‌کردووه.
که‌واته ده‌توانین به لێکدانه‌وه‌ی ورد بۆ ئه‌م بابه‌ته، ئه‌م ڕیسکه قورسه بکه‌ین و بڵێین که بۆشایی و نه‌بوویی تێرمێکی گرنگ به‌ناوی ئه‌زموون (experience) له کورده‌واریدا سه‌رچاوه‌ی زۆرێک له کێشه‌کانی ئه‌مڕۆی ئێمه‌یه و یه‌کێکه له ئاڵقه ونبووه‌کانی په‌ره‌نه‌سندی که‌لتووری کوردی.
ئه‌زموون (experience) له فه‌لسه‌فه‌شدا به یه‌کێک له گرنگترین تێرمه فه‌لسه‌فییه‌کان دادەنرێت و به پوختی ڕاوه‌ستانی له‌سه‌ر کراوه و له فه‌لسه‌فه‌ی سۆرن کیه‌رکه‌گارد تێرمی ئه‌زموون (experience) ڕۆڵێکی یه‌کجار قورس ده‌گێڕێت. به‌ڵام که‌لتووری کورد هێشتا تاکوو ئێسته خودی ترمێکه‌ی له لا نه‌دۆزراوه‌یه چ بگاته ڕامان لێی، به‌مانایه‌کی روون‌تر، کاتێک ئێمه ده‌ڵێن؛ بۆچی کورد له ئه‌زموونه‌کان وانه وه‌رناگرێت؟ خودی پرسیاره‌که له‌سه‌ر بۆشایی نه‌بوونی تێرمی ئه‌زموون ڕاوه‌ستاوه، واتا کاتێک تێرمی ئه‌زموون لای سایکۆلۆژیای کورد نه‌ناسراوه، وانه له چی وه‌ربگرێت؟
به‌رانبه‌ره‌ی وشه‌ی ئه‌زموون (experience) له یۆنانی کۆندا (experīrī)یه. (experīrī) له زمانی لاتیندا چه‌ندین مانا و ڕیشه‌ی هه‌یه، واتا به‌مانای (تاقی کردنه‌وه، هان دان، دۆزینه‌وه، ئه‌نجام دان) دێت، ورد سرنج بده، مانای وشه‌ی (experīrī) هه‌موو ئه‌و چوار فه‌رمان و وشه له‌خۆ ده‌گرێت که جۆرێکه له ده‌ستێوه‌ردان، خۆی ئه‌مه درووستیشه، واتا تاکوو ده‌ستێوه‌ردانێک نه‌بێت ئه‌زموونێک به‌ده‌ست نایه‌ت، یانی ئه‌زموون (experīrī) شتێکه که له دوای چوار فه‌رمانی (تاقی کردنه‌وه، هان دان، دۆزینه‌وه و ئه‌نجام دان) دێته دی، له کوردی‌دا هه‌ر چوار فه‌رمانه‌که که جۆره‌یه‌که له (ده‌ست تێوه‌ردانه) بوونی هه‌یه، به‌ڵام خانی دواتره‌که‌ی که ئه‌زموون (experīrī)ه نه‌دۆزراوه‌ته‌وه و بیری لێنه‌کراوه، واتا سایکلۆژیای کورد ته‌نها دوستێوه‌ردان ده‌ناسێته‌وه و دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی له کارێک‌دا کرد یان سه‌رکوتوو ده‌بێت یان دۆڕاوه، ئیتر فه‌رامۆشی ده‌کات و ئه‌م سایکۆلۆژیایه ده‌چێته‌وه نووک تاکوو جارێکی دیکه خۆی بۆ ده‌ستێوه‌ردانێکی دیکه ئاماده بکات، بێ ئه‌وه‌ی ڕچاوی ده‌ستێوه‌ردانه پیشووه‌که‌ی بکات چوون فامی نه‌کردووه که ده‌توانێت پێداچوونه‌وه به ده‌ستێوه‌ردانه پێشووه‌که‌یدا بکات.
ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که سایکلۆژیای کورد به‌رده‌وام هه‌رچی ده‌ستێوه‌ردانه به کرده‌یه‌کی نوێ و بێ وێنه له قه‌ڵه‌م بدات، واتا هه‌ر کات که ده‌یه‌وێت ده‌ست بداته کارێکی له‌مێژکراو، هه‌ست به ئه‌نجامێکی یه‌کجار نوێ ده‌کات، ڕه‌نگه ئه‌مه‌ی که کورد به‌رده‌وام (کاره‌ساتی به‌سه‌ردا هات) خێرا ده‌چێته‌وه سه‌ر هه‌مان چێژ بردن له جیهان و شاد بوونه‌وه، ڕیشه‌ی له‌م فام نه‌کردنه‌ی تێرمی ئه‌زموون (experīrī)دا بێت.
به‌م مانایه که سایکۆلۆژیای کورد به هۆی فام نه‌کردنی تێرمی ئه‌زموونه‌وه له هه‌مان دۆخی مرۆڤه سه‌ره‌تایه‌که‌دا ماوه و لای وایه هه‌رچی شته نوێیه. ئه‌مه له کوردییدا چه‌ندان نائاشنا نییه، بۆ نموونه ئێمه‌ی کورد به نیسبه‌ت که‌لتووره‌کانی دیکه له کاتی مشتو‌ومڕ کردن له‌گه‌ڵ که‌سی به‌رانبه‌رماندا زۆر جه‌خت ده‌که‌ین که (دووباره مه‌چۆره‌وه نووک) ئه‌م دووباره و دووباره چوونه‌وه بۆ نووک که ته‌نانه‌ت خۆشمانی وه‌ڕه‌س کردووه ڕاست بۆ فام نه‌کردنی تێرمی ئه‌زموون ده‌گه‌ڕیته‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ختێک بابه‌ته‌که ڕوون‌تر بێته‌وه ناچار ئاوڕێک له وته‌یه‌کی فردریک نیچه ده‌ده‌ینه‌وه، نیچه له کتێبی زانستی سه‌رخۆش، به‌شی 41دا ده‌نووسێت: "موته‌فکر و بیریار ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی خۆی له ئه‌زموون و پرسیاره‌کان ده‌بینێته‌وه، لای ئه‌م بوونه‌وه‌ره وڵامه‌کان له بڕاوه بوون و دۆڕاوه بوون یه‌کجار باڵاتره."
ئه‌م وته‌ی نیچه و بیر کردنه‌وه له تێرمی ئه‌زموون (experience) جۆره فۆرمولێکی تایبه‌ت ده‌خاته به‌رده‌ستمان؛ واتا (فه‌رمانی ده‌ستێوه‌ردان) + (ئه‌زموون-پرسیار) = وڵام. ئه‌مه فۆرمۆلێکی یه‌کجار گرنگه، واتا ده‌ستێوه‌ردان کاتێک له ئه‌زموون-پرسیار ده‌ئاڵێت، (وڵام) ده‌خاته به‌رده‌ستمان، ئه‌و وڵامانه‌ی که ده‌توانێت دواتر ببێته ڕێگه‌خۆشکه‌ر بۆ نه‌وه‌کانی دیکه که دووباره و سه‌ر له نوێ هه‌مان کرده دووباره نه‌که‌نه‌وه، واتا له‌م پڕۆسه‌دا فڵان ده‌ستێوه‌ردان ده‌بێته کرده‌یه‌کی به‌سه‌ر چوو، شتێکی ئێکسپایه‌ر، شتێکی زاڵ بوو به‌سه‌ریدا که ئیتر پێویستی به دووباره کردنه‌وه نییه تاکوو چێژی نوێگه‌ری دووباره‌شی لێببه‌ین.
نیچه له‌م وته‌دا باسی دوو تێرمی گرنگی دیکه‌ش ده‌کات؛ (براوه بوون) و (دۆڕاوه بوون). واتا به‌لای ئه‌و سایکۆلۆژیایه‌ی که موته‌فکر یان بیریاره (براوه بوون) و (دۆڕاوه بوون) ئه‌وه‌نده‌ی وڵامه‌کان گرنگه، گرنگی نییه، که‌واته به‌لای سایکۆلۆژیای نه‌یار به بیر کردنه‌وه ده‌بێت دوو تێرمی (براوه بوون) و (دۆڕاوه بوون) یه‌کجار گرنگ بێت که ڕاست هه‌ر واشه.
لای ئه‌م سایکۆلۆژیا نه‌یار به بیر کردنه‌وه فۆرموله‌که شتێکی ئاسانه؛ واتا (فه‌رمانی ده‌ستێوه‌ردان) = (براوه بوون) یان (دۆڕاوه بوون). واتا لای ئه‌م سایکۆلۆژیایه ده‌ستێوه‌ردان یان به‌رانبه‌ره له‌گه‌ڵ (براوه بوون) یان (دۆڕاوه بوون) و له‌م سایکۆلۆژیا نه‌یاره له بیر کردنه‌وه، بۆشایی و غیابی تێرمی ئه‌زموون (experience) بۆشایه‌کی یه‌کجار زه‌به‌لاحه. ده‌قێق هه‌ر به‌م هۆیه‌شه که ئێمه‌ی کورد یه‌کێک له‌و نه‌ته‌وه-سایکۆلۆژیانه‌ین که حماسه‌ت به‌لامانه‌وه یه‌کجار گرنگه و له دلێری و نه‌ترسیشدا ده‌سانێکی بێ وێنه‌مان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م دلێری و نه‌ترسییه به‌رده‌وام به هۆی نه‌بوونی فام نه‌کردنی تێرمی ئه‌زموونه‌وه دووباره و ده‌یان جاره کاره‌ساته‌کان دووپات ده‌کاته‌وه و ڕاست له‌م ڕووه‌شه‌وه که لای ئێمه‌ی کورد ته‌نانه‌ت تێفکران له ده‌ستێوه‌ردانه‌کانیش به مانای خیانه‌ت دێت، چون لای کورد ئه‌زموونێک بوونی نییه تاکوو لێ تێفکرێت، که‌واته چون ئه‌م تێرمی ئه‌زموونه بوونی نییه، هه‌ر که موفه‌کرێکیش تێیدا ده‌ست بداته بیرکردنه‌وه ته‌نها وڵامی سایکۆلۆژیای کورد بۆ ئه‌م بونه‌وه‌ره نوێیه خائین بوونه، واتا سایکۆلۆژیای کورد وه‌ها بوونه‌وه‌رێکی موتوفکری نه‌بووه تاکوو بتوانێت ناو و به‌رانبه‌رێکی بۆ دابین بکات، هه‌ر بۆیه کاتێک تۆ ده‌ته‌وێت بیر له (فه‌رمانی ده‌ستێوه‌ردان) بکه‌یته‌وه لای سایکۆلۆژیای کورد ئه‌م بیرکردنه‌وه به دژبه‌ری (فه‌رمانی ده‌ستێوه‌ردانه‌که) پێناسه ده‌کرێت که ده‌قێق هه‌مان خائین بوونه!
کێشه‌ی نه‌بوونی تێرمی ئه‌زموون (experience) هه‌ر بۆ ئه‌م بابه‌ته ساکاره کورت نابێته‌وه، به‌ڵکو شه‌به‌نگێکی به‌رڵاوی که‌لتووری کوردی له خۆ ده‌گرێت که به جۆرێک هه‌ر هه‌موویانی ئیفلیج و سه‌قه‌ت کردووه، بۆ نموونه هه‌ر ئه‌م ئه‌زموونی نووسینه له‌به‌ر چاو بگرین، که‌سێکی وه‌ک مارسل پڕۆست دێت و ڕۆمانێک ده‌نووسێت که ده‌بێت ڕۆژان و ساڵانێکی بۆ ته‌رخان بکه‌ی تاکوو بیخوێنیته‌وه، واتا پڕۆست هاتووه ئه‌زموونی ڕۆحی، زه‌ینی، ئاینی و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی له فه‌ڕه‌نسا وشه به وشه و چرکه به چرکه نووسیوه‌ته‌وه تاکوو ئه‌وانی دیکه دابینیشن و بیخوێننه‌وه، له ڕۆژائاوا نه‌ک هه‌ر خوێنده‌وه‌شی بۆ ده‌کرێت که ده‌یان کتێبی دیکه‌ش و هه‌زاران وشه‌ی دیکه‌شیان له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌زموونه تاکه که‌سیه نووسیوه.
به‌ڵام لای سایکۆلۆژای کورد چیرۆکه‌که ڕاست پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یه، واتا ورد تێفکره له‌ناو ئێمه‌ی کورد-دا قسه‌یه‌کی باو هه‌یه که ده‌ڵێت؛ (کابرا لای وایه ئه‌و خه‌ڵکه بێکارن ئه‌م هه‌مووه ته‌ڕه‌ماشه‌ی نووسیوه!) ئه‌م قسه ره‌نگه له نیگای هه‌وه‌ڵدا پێمان شتێکی عامیانه و نه‌فامانه بێت و پاکانه‌ی لێبکه‌ین له کوردی بوونی، به‌ڵام ڕاستیان ده‌وێت ئه‌م رسته‌یه دقاودق هه‌ڵقوڵای سایکۆلۆژیای کورده که به ده‌ست بۆشایه‌ک به‌ناوی نه‌بوونی تێرمی ئه‌زموون (experience)وه ده‌ناڵێنێت، واتا لای ئێمه ئه‌زموون بوونی نییه، هه‌ر بۆیه هه‌رگیز خوێندنه‌وه‌ی نووسین-ئه‌زموونی که‌سێکی دیکه بۆمان گرنگ نییه و به ته‌ڕه‌ماشی ئه‌زانین.
کاره‌ساتێک تاکوو ئه‌م ڕاده‌یه‌یه؛ لای ئێمه‌ی کورد ته‌نانه‌ت وانه وه‌رگرتن له (ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی) خۆشمان بوونی نییه و دووباره ده‌چینه‌وه نووک، چ جای ئه‌وه‌ی بچین و بۆ نموونه ئه‌زموونی ڕۆمانێکی کاک عه‌تا نه‌هایی بخوێنینه‌وه! ئه‌گه‌رنا ده‌بوایه‌ت لانی که‌م ساڵی چه‌ندین یادداشت له‌سه‌ر هه‌ر ئه‌م ڕۆمانانه‌ی کاک عه‌تا به ڕۆژنامه‌کان بگه‌شتایه‌ت، ساڵ که سه‌هله به ده‌یان سالێش ناگات!
ئه‌مه ڕاستییه‌کی زه‌به‌لاح و حاشا هه‌ڵنه‌گره که هه‌موو ئه‌م خۆ ڕادان و شه‌کان شه‌کانه‌ی ئێمه که گۆیا به‌ختیار و عه‌تا و مه‌ریوان و شێرزادمان هه‌یه، خۆنواندنی سایکۆلۆژیایه‌کی نه‌یار به بیر کردنه‌وه‌یه که تێرمی یه‌کجار گرنگی ئه‌زموون کردنی فام نه‌رکردووه و دوای نه‌ختێک خۆ نواندن به‌م چه‌ند که‌سه‌وه، دووباره و سه‌دجاره ده‌چێته‌وه سه‌ر هه‌مان ڕێچکه‌ی فرمۆڵه کۆنه‌که‌ی سایکۆلۆژیای خۆی که (ده‌ستی تێوه‌ر بده) یان ده‌ی دۆڕێنی یان ده‌ی به‌یته‌وه، به بێ ئه‌وه‌ی بیری لێبکاته‌وه، خودی بیر نه‌کردنه‌وه‌که‌ش به‌نده به هه‌مان تێرمی ئه‌زموون، واتا ئه‌زموون خودی بیرکردنه‌وه‌یه، یانی ئێمه دوای هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێک دێین و بیری لێده‌که‌ینه‌وه، ئه‌م تێڕامانه ده‌چێته بیه‌ره‌وه‌ریمان و ده‌بێته ئه‌زموونێک، به‌ڵام کاتێک تێرمی ئه‌زموونه‌که بوونی نییه، واتا بیرکردنه‌وه و تێڕامانێک بوونی نه‌بووه، هه‌ر به‌م هۆیه‌ش سایکۆلۆژیای کورد ته‌نها خودی ده‌ستێوه‌ردان ده‌ناسێت و هه‌رچی جاریشه بۆی شتێکی نوێیه و دووباره بوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو کاره‌ساته و دووباره چوونه‌وه نووک بۆ کاره‌ساته‌کان باشترین به‌ڵگه‌ن که چه‌ند بۆشایی تێرمی ئه‌زموون (experience) کوردی ئازار داوه و ده‌ی دات.
ئه‌م بۆشایی نه‌بوونی تێرمی ئه‌زموون (experience)ه ته‌نانه‌ت به‌مه‌شه‌وه ناوه‌ستێت و قه‌یرانێکی زه‌به‌لاحی دیکه‌شی به درێژایی مێژوو بۆ کورد ساز کردووه؛ بۆ نموونه کاتێک من هان ده‌ده‌م که سه‌ر به‌که‌م به تووره‌که‌ی ئه‌زموونه‌که‌ی کاک عه‌تا نه‌هاییدا، ئاوا خۆشم و بێت و تاڵم بێت به جۆرێک له جۆره‌کان من و کاک عه‌تا پێکه‌وه لینک ده‌بین، واتا خانێکی هاوبه‌ش له نێوان من و کاک عه‌تادا ساز ده‌بێت و ئه‌م خوێنده‌وه‌ی ئه‌زموونه کۆی دانیشتوانی ناوچه‌ی سایکلۆژیای فه‌رهه‌نگی کوردی و دواتر کۆی گشتی دانیشتوانی جیهان پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، به‌ڵام له نه‌بوونی تێرمی ئه‌زموون (experience)دا، زه‌رووره‌تی خوێندنه‌وه‌ش بوونی نییه، هه‌ربۆیه ئێمه یه‌کمان له یه‌کمان تێناگات چون هیچ بازنه‌یه‌کی هاوبه‌شی به‌ستراو به‌یه‌کمانه‌وه نییه، واتا هه‌ریه‌که‌و بۆخۆی به هه‌مان فه‌رمولی (ده‌ستی تێ بده) یان ده‌ی دۆڕێنی یان ده‌ی به‌یته‌وه، تێده‌کوتێت و دواجار که براوه بوو، بۆ خۆیه‌تی و که کاره‌ساتیش بوو داوێنی هه‌ر هه‌موومان ده‌گرێته‌وه بێ ئه‌وه‌ی هیچ کوردێک به کوردێکی دیکه‌وه په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی و زه‌ینی و ڕۆحی و فیزیکی و هتدی بێت.
ته‌نانه‌ت یه‌کێک له هۆکانی قه‌یرانی نه‌بوونی خوێنه‌ر لای ئێمه فام نه‌کردنی تێرمی ئه‌زموونه، واتا ئه‌م هه‌موو کتێبه وه‌رده‌گڕدرێت، ئه‌م هه‌موو کتێبه ده‌نووسرێت، به‌ڵام که‌س خۆی له خوێندنه‌وه‌ی نادات چون سایکۆلۆژیای بوونه‌وه‌ری کوردی هه‌رگیز فامی نه‌کردووه که ئه‌زموون کردن یانی چی تاکوو له ڕه‌هه‌ندی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌که‌وه ببه‌سترێته‌وه به بازنه‌یه‌کی هابه‌وش له ئه‌وی دیکه، ئه‌و بازنه‌یه‌ی که ئه‌وی دیکه به‌ر له من و تۆ ئه‌زموونی کردووه و دوای خوێندنه‌وه‌ی من ده‌بێته خاڵی هاوبه‌شی نێوانمان، بۆ لێک نزیک بوونه‌وه، بۆ نه‌ختێک یه‌کبوون له بازنه هاوبه‌شه‌کاندا.