چوار لە پێنج باشترین ئەکتەری هۆڵیوود ئافرەتن

21/12/2015    23:40

چوار لە پێنج باشترین ئەکتەری هۆڵیوود ئافرەتن 


Cînema

سولی ئۆن وێب

چوار لە پێنج باشترین ئەکتەری هۆڵیوود، لە ڕاپۆرتێکی گۆڤاری فۆڕبیسدا، ئافرەتن کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی دیسانەوە بابەتی جێندەر و نایەکسانی ژن و پیاو لەنێو گەورەترین پیشەسازیی فیلمی جیهاندا سەر هەڵبداتەوە.

میلا کونێس، سکارلێت جۆهانسن، گوینەس پاڵترۆو و ئێما ستۆن هەموویان لە لیستی باشترین ئەکتەرەکانی ساڵی ٢٠١٥ن، لەکاتێکدا جێنیفەر لاورێنس کە لەم ماوەیەی پێشوودا بە یەکەمین خانمە ئەکتەر دانراوە زۆرترین بڕی پارەی پێدرابێت بۆ ڕۆڵبینین لەلایەن فۆڕبیسەوە، لە پلەی هەشتەمی ڕیزبەندییەکەدایە.

باشترین ئەکتەری لیستەکە بەگوێرەی فۆڕبیس ئەستێرەی فیلمی "کاپتنی ئەمریکا" "کریس ئیڤانس"ە، کە بۆ هەر دۆلارێک کە بە ئەو دراوە بۆ ڕۆڵبینینی بڕی ١٨١.٨٠ دۆلار سوودی گەیاندووە بە کۆمپانیاکانی سینەما، ئەمەش بەهۆی سەرکەوتنی فیلمەکانی وەکو "Marvel"، "Avengers: Age of Ultron" و "Captain America: The Winter Soldier". لە پلەی دووەمدا ئەستێرەی فیلمەکانی "Ted"و "Oz the Great and Powerful" دێت "میلا کونێس" کە بۆ هەر دۆلارێک کە بە ئەو دراوە بڕی ٨٧.٣٠ سوودی گەیاندووە.

سکارلێت جۆهانسن لە پلەی سێیەمدایە و هەندێک لە ڕیپۆرتەکانیش باس لەوە دەکەن کە ئەم خانمە ئەکتەرە بۆ ڕۆڵبینینی لە فیلمی "Avengers" بڕی ٢٠ ملیۆن دۆلاری وەرگرتبێت، وە بۆ هەر دۆلارێکیش کە بۆ ئەو سەرفکراوە بڕی ٨٤.٩٠ دۆلاری سوودی گەیاندووە. لە یەکێک لە نوێترین فیلمەکانی تریدا فیلمی زانستیی-خەیاڵیی Lucyی دەرهێنەر "Luc Besson"ە، کە بڕی ٤٦٣ ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە و کە فیلمەکە بە تەنها بڕی ٤٠ ملیۆن دۆلاری تێچووە.

پاڵترۆو و ستۆن لە پلەی چوارەم و پێنجەمدان و کە پاڵترۆو بڕی ٨٢.٩٠ دۆلاری سوودی گەیاندووە و ستۆنیش بڕی ٥٤ دۆلار. 

جێی ئاماژەیە ستۆن لە ساڵی پاردا لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندیەکەدابوو بەڵام بەهۆی شکستیی ئەو خانمە ئەکتەرە لە فیلمی "Aloha" ئەمساڵ دابەزیووە بۆ پلەی پێنجەم لەو لیستەدا.

جیاوازیی جێندەر لە هۆڵیوود ماوەی ساڵێکە مشتومڕی گەرمی لەبارەوە دەکرێت بەتایبەتی پاش بڵاوبوونەوەی ئیمەیڵەکانی کۆمپانیای سۆنی و پیشاندانی ئەوەی کە بڕە پارەیەکی کەمتر دراوە بە خانمە ئەکتەری فیلمی American Hustle بەراورد بە ئەکتەری سەرەکی هەمان فیلم. لە مانگی فێبریوەری ئەمساڵدا، پاتریشیا ئارکویت داوای یەکسانیی کرد بۆ ژن و پیاو بۆ ئەو پارەیەی کە پێیان دەدرێت بەرامبەر بە ڕۆڵبینینیان لە فیلمەکاندا. پاشان هەریەکە لە مێریڵ ستریپ، کەیت بلانچێت، ئێما سۆمسۆن و چارلیزە سیرۆن هەموویان دەربارەی ئەم کێشەیە قسەیان کردووە و داوای یەکسانیی ئەکتەری پیاو و ژنیان کردووە. 

سەرچاوە: The Guardian


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw