سولی ئۆن وێب
لەو دەفتەری تێبینیانەی کە بیکێت جێی هێشتوون ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە کۆمەڵێک کەس کاریگەریی گەورەیان لەسەر ژیان و کارکردنی بیکێت جێهێشتووە ئەوانیش بریتین لە جەیمس جۆیس، چارلی چاپلن، بەستەر کیتۆن و هاردی و لۆرین.
لەو دەفتەری تێبینیانەدا بیکێت وێنەی ئەم کەسایەتیانەی کێشاوە. ئەم دەفتەرانە لە ئێستادا لە زانکۆی ڕیدینگ لە پاڵ دەقی ئۆریجیناڵی ڕۆمانی "Murphy"دا دانراوە، ئەم زانکۆیە بە بڕی ١.٢٣ ملیۆن دۆلار ئەم دوو بەرهەمەی بیکێتی کڕیووە.
ئەم دەفتەری تێبینیەی بیکێت پڕە لە وێنەی کێشراوی جەیمس جۆیس و پیاوێک بە سمێڵێکی هاوشێوەی چاپلنەوە. هەروەها بیکێت لەو دەفتەرەدا وێنەی هەریەکە لە دایک و باوک و گۆتەشی کێشاوە.
بیکێت بینەرێکی هەمیشەیی ژانری کۆمیدیی بووە و چەندین سەعات تەماشای فیلمەکانی بیکێت و بەستەر کیتۆنی کردووە.
دکتۆر کۆنۆر کارڤیل لە زانکۆکەوە دەڵێت، "بیکێت عاشقی ئەو فیلمانە بووە و بە خوێندنەوەی کارەکانی بیکێت و تەماشاکردنی شانۆگەریەکانی تێدەگەیت کە چاپلن چ کاریگەریەکی لەسەر ژیانی بیکێت دروستکردووە."
"لە شانۆیی 'لە چاوەڕوانی گۆدۆدا' هەردوو کارەکتەرەکە کڵاوێکی هاوشێوەی کڵاوەکەی چاپلنیان لەسەردایە. بیکێت بۆ خۆشی هەمان شێوازی کۆمیدی لە شانۆگەریەکانیدا بەکارهێناوە."
ڕۆمانی "Murphy" یەکێک نییە لە باشترین کارەکانی بیکێت، بەڵام دکتۆر کارڤیل پێی وایە کە ئەم ڕۆمانە ئەو زانیاریانەمان پیشان دەدات کە بیکێت ئەو ساڵانەی بەسەری بردووە لە بەڕیتانیا و ئەوروپا.
سەرجاوە: herald.ie