سولی ئۆن وێب ڕۆژی سێشەممە، ۲۲ی ۱۲ی ۲٠۱٥، لەدەستپێکی چالاکییە هونەرییەکانی کۆمەڵەی ٦۸، لە هۆڵی عەلی جۆڵای کۆلێژی هونەرە جوانەکانی شاری سلێمانی، هەردوو کورتە فیلمی (ڕیکۆرد) و (زەوی ونبووان) ی دەرهێنەر هەوراز محەمەد، نماییشکران، دواتر گفتوگۆیەکی کراوە لەنێوان ئامادەبووان و دەرهێنەر بەڕێوەچوو. هەوراز محەمەد، دەرهێنەری هەردوو کورتە فیلمی ڕیکۆرد و زەوی ونبووان، پاش نماییشکردنیان باسی لە ناوەڕۆك و چیرۆکی فیلمەکان کرد، و وتی: "فیلمەکان گێڕانەوەی قۆناغێکن لە ژیانی کۆمەڵگەی ئێمە". دەربارەی کورتە فیلمی زەوی ونبووان، کە بۆ یەکەمین جاربوو نمایش بکرێت، چیرۆکی فیلمەکە بریتییە لە گەڕانی پیاوێك بەدوای کەسوکارەکەیدا، وتی: "مرۆڤی کورد، هەمیشە بەدوای ناسنامەی خۆیدا دەگەڕێت، بەدوای شتێکدا کە لێی ونبووە، من ئەم پەیامەم لەناو چیرۆکی زەوی ونبوواندا دۆزیوەتەوە". هەروەها لەبارەی کورتە فیلمی ڕیکۆردەوە کە بەشداری ۲۷ فێستیڤاڵی کردووە و براوەی ٥ خەڵاتە، فیلمەکە دەربارەی کۆچی گەنجانە لە زەمەنی دوای ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆدا. دەرهێنەر ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵیداوە لەڕێگای کۆمیدیاوە ناخۆشی و دەردەسەرییەکانی ئەو سەردەمە بگێڕێتەوە. لاوك ئەبوبەکر، ڕێکخەری کۆمەڵەی ٦۸، دەربارەی گرنگی نماییشکردنی فیلم لەناو زانکۆی سلێمانی بۆ خوێندکاران و کارکردن لە کایەکانی کلتوور، بەتایبەتی لە کایەی هونەردا، وتی: "هەبوونی ئەم هەوڵ و چالاکییە کلتورییانە گرنگن بۆ دروستکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی جوانبینیی تاکی خوێندکار. تا لە ڕێییەوە دونیابینییەکی فراوانی هەبێت و کلتورێکی پێشکەوتوو و نوێخوازی لێ بەرهەم بێت. کە هەر ئەمەشە ئامانجی پێکهێنان و کارکردنی کۆمەڵەی ٦۸ ". جێگای ئاماژە پێکردنە ئەمە بۆ یەکەمین جارە لە زانکۆی سلێمانیدا لەلایەن گروپێك لە خوێندکارانەوە فیلم نماییش بکرێت، و تێیدا خوێندکاران و مامۆستایان و میوانانی دەرەوەی زانکۆ ئامادەبن. فۆتۆ:لاژە تەها