سولی ئۆن وێب
"بەھمەن قوبادی" لە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیی لەگەڵ پەیامنێرانی ئیتاڵیدا گوتی: ھیوادارم کورد لەو قەیرانەی ئێستای ناوچەکە کەڵک وەربگرێت و بە یەکپارچەبوون بگات.
فیلمی "ھەندێک جار چاو لە سەرێی بکە" لە دەرھێنانی "بەھمەن قوبادی" لە چوارچێوەی کۆمەڵە فیلمی "چەند وتەیەک لەگەڵ خوداکان" Words With Gods لە نمایشێکی تایبەتدا لە تۆرینۆی ئیتاڵیا نمایشکرا و ئەم سینەماکارە کوردە لە ڕێگای سکایپەوە لە وتووێژ لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندیی ئەم وڵاتەدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە نمایشی "ئاڵای بێ وڵات" A Flag Without a Country نوێترین بەرھەمی بڵندی خۆی لە ئاستی جیھاندا گوتی: یەکەمین نمایشی ئەم فیلمە لە جەنیوەری ساڵی ٢٠١٦ لە وڵاتی ئەمەریکا دەستپێدەکات و لە دواییشدا لە وڵاتەکانی دیکەی دنیاش نمایش دەکرێت.
پەیامنێرێکی ئیتاڵی لە "بەھمەن قوبادی" پرسیاری کرد کە ئەمڕۆ ڕۆژی ئاڵایە و ئێوەش فیلمێکتان بە ناوی "ئاڵای بێ وڵات" سازکردووە ئەم سینەماکارە کوردە لە وەڵامدا گوتی: ئەم ڕۆژە یەکێکە لە گرینگترین ڕۆژەکانی نەتەوەی کورد، چونکە ئەم میللەتە زوڵملێکراوە تا ئێستا ئاڵای ھەیە بەڵام بەشوێن زەوییەکەیدا دەگەڕێت. بە شێوەی سروشتی لە سەرەتادا دەبێت وڵات دروست بکرێت پاشان ئاڵای بۆ سازبکرێت بەڵام کورد ئاڵای ھەیە و دیارە پێشتر وڵاتی بووە و لێیان ونکردووە و لەم سەردەمەی ئێستاشدا بەشوێن ئەم وڵاتەیدا دەگەڕێت.
قوبادی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەگەر بە سەرنجەوە ئاڵای کوردستان ببینین لە خۆیدا چوار پارچەییەک ھەیە کە خۆرەکە بەشێکی ئەم چوار پارچەیەی لە خۆگرتووە و ھەروەھا تیشکەکانی ئەم خۆرەش ٢١ دانەیە و بۆ من ئەو مانایەی ھەیە کە لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا دەبێت کورد یەکگرتوو بێت و چەند ساڵێک لەم سەدەمە تێپەڕیوە و ئەوە ڕووینەداوە و دەبێت لە یەک دوو ساڵی داھاتوو ئەوە ڕووبدات و کوردستانێکی سەربەخۆ بەتایبەت لە عێراقی ئەمڕۆدا پێکبێت.
ڕۆژنامەنووسانی ئیتاڵیی سەبارەت بە ئاڵۆزیی و ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی کوردستان پرسیاریانکرد و قوبادی لە وەڵامدا وتی: ئێستاکە ھەموو کورد دەبێت بە یەکدەنگییەک بگەن و ئەگەر کورد بەو یەکدەنگییە نەگات و لە لایەنی ئایدیۆلۆژییەوە بەو یەک سنوورییە نەگات قەت ناتوانێت سنوورەکانی خۆشی بە سنوورێکی جوگرافیایی بگەیەنێت.
سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" لە کۆتایی ئەم چاوپێکەوتنەدا وتی: کوردەکان تاکوو سنوری مێشک و سنووری ئایدیۆلۆژییەکان نەکەن بە یەک ناتوانن وڵاتێک دروست بکەن. بەو ھیوایەم کە کورد لەو قەیرانەی ئێستای ناوچەکە کەڵک وەربگرێت و بە یەکپارچەبوون بگات.