سولی ئۆن وێب ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا لە کاتێکدا چەند هەفتەیەک لەمەوپێش بەشێک لە بینای کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سەڵڵاحەدین لە شاری هەولێر بەهۆی شۆرتی کارەبا و خراپیی بیناکەوە ئاگاری تێبەربوو و پاشان ناڕەزایەتی خوێندکارانی لێکەوتەوە و چەند جارێک و بە داواکاریی جیاواز جیاواز هۆڵەکانی خوێندنیان بایکۆتکرد، لە هەمان کاتدا و هەفتەی رابردوو لەناو بینای سەرەکیی کۆلێژی ناوبراو ژمارەیەک لە کاری پەیکەرسازیی قوتابیانی قۆناغی چوار کە لەناو بیناکەدا داندرابوون دەشکێنرێن و تا ئێستایش لێکۆڵینەوەی تەواو لەو ڕووداوە نەکراوە. ڕووداوی شکاندنی ئەو پەیکەرانە لەناو بینای ناوەندێکی خوێندنی هونەری، دەنگدانەوەیەکی فراوانی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئاماژە بەوە کرا کە ڕووداوەکە بەدەستی کەسانێک ئەنجام دراوە کە باکگراوندێکی ئایینیان هەیە. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەربارەی ئەو ڕووداوە دەست سولی ئۆن وێب کەوتووە، ئاماژە بەوە دەکرێت ئەو پەیکەرانەی کە شکێنراون لەناو بینای کۆلێژی ناوبراو، لەلایەن کارمەندێکی کۆلێژەکەوە شکێنراون کە کارکوزارە و باکگراوندێکی ئیسلامیی هەیە، بەڵام تا ئێستا بەتەواوەتی نەزانراوە کێ هانیداوە بۆ ئەو کارە. بەگوتەی چەند شایەت حاڵێک لەکاتی شکاندنی ئەو پەیکەرانەدا، بەشێک لە قوتابیان لەگەڵ مامۆستای سەرپەرشتیاری بەشی پەیکەرسازی لەهۆڵی خوێندندا دەبن، دواتر کە بە ڕووداوەکە دەزانن، ڕێگە لەو کارمەندە دەگیرێت و ناهێڵن زیان بە پەیکەرەکانی دیکە بگەیێنێت. قەندیل سوارە یەکێک لەو قوتابیانەیە کە پەکەرەکەی لەو ڕووداوەدا شکێنراوە و قوتابی قۆناغی چواری بەشی پەیکەرسازییە، دەربارەی ڕووداوەکە بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "لەم ڕووداوەدا مەوزوع شکاندنی پەیکەری من نییە، بەڵکو مەوزوع ئەوەیە لە ناوەندێکی خوێندنی هونەری کە ئەکادیمیای هونەرە، پەیکەرەکە شکێنراوە، ئەگەر لە دەرەوە پەیکەرەکان شکێندرابان زۆر ئاسایی بوو. لێرە ترسەکە لەو فکرەیە کە لە ناوەندی خوێندنی هونەردا پەیکەر دەشکێنێت، من کێشەم لەگەڵ کەس نییە کێشەی من تەنها ئەوەیە کە لەناو خودی کۆلێژی هونەردا پەیکەرەکان شکێنراون." سولی ئۆن وێب هەوڵیدا لێدوانی ڕەسمیی ڕاگری کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانۆی سەڵڵاحەدین دەربارەی رووداوەکە وەربگرێت، بەڵام هەوڵەکانی بێ ئاکام بوو. هەر سەبارەت بەم ڕووداوە سەرۆکی بەشی پەیکەرسازیی کۆلێژی ناوبراو ئامادەنەبوو لە ئێستادا دەربارەی ڕووداوەکە بۆ سولی ئۆن وێب بدوێت و ئاماژەی بەوەشدا کە کێشەکان بەرەوچارەسەرکردن دەچن و لە ئاییندەدا ڕوونکردنەوەی تەواو بڵاودەکەنەوە. هەموو چوار ساڵ جارێک لەلایەن لیژنەیەکیەکەوە کە لە بەشی پەیکەرسازیی کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سەڵڵاحەدینەوە سەرپەرشتی دەکرێت، گۆرانکاری لەو پەیکارانەدا دەکرێت کە لەناو بینای کۆلێژەکەدا دادەنێرێت، و بەشێک لە پەیکەرەکان لەلایەن ئەو لیژنەیەوە لادەبرێن و پەیکەری نوێ لەکاری نوێی قوتابیان لە جێگەیان دادەنرێت، بەڵام ڕووداوی شکاندنی ئەو پەیکەرانەی ناو بینای کۆلێژی هونەرەجوانەکان بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی لیژنە و سەرۆکی بەشی پەیکەرسازی ئەنجام دراوە و تا ئێستایش بەشێوەیەکی ڕەسمی هیچ کەسێک بەهۆی ئەو ڕووداوەوە سزا نەدراوە.