فۆتۆی کارەساتەکانی کوردستان بە هێڵکاری واتای نوێ و جیاوازیان دەدەنێ

25/12/2015    15:28

فۆتۆی کارەساتەکانی کوردستان بە هێڵکاری واتای نوێ و جیاوازیان دەدەنێ 


Şêwekar

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا



"ئێمە ووڵاتێكی جوانتر درووست دەكەین" ناونیشانی پرۆژەیەکی هونەری و فۆتۆگرافیی فۆتۆگرافەر بێساران تۆفیق و کچە ١١ ساڵەکەی، یەنارە. کە تیایدا لەڕێگەی هێلکارییەکانی یەنارەوە مانای جیاواز بە فۆتۆ کارەساتبارەکانی بێساران دەدرێت، فۆتۆکان لەکات و شوێنی جیاواز گیراون و سەرجەمیان ڕوویەکی جەنگ و کاریگەرییەکانی دەگێڕنەوە، بەڵام یەنار بە هێڵکارییەکانی هەوڵی گۆرینی واتای وێنەکان بۆ ژیانێکی ئاسایی و ئاشتییانە دەدات و دەوێت چیرۆکی وێنەکان بەو جۆرە بگۆڕیت. لەم گفتوگۆیەدا سولی ئۆن وێب هەوڵدەدات دەربارەی ئەو پرۆژەیە لەگەڵ فۆتۆگرافەر بێساران تۆفیق بدوێت و زانیارییەکان بۆ خوێنەران بخاتەڕوو، هاوکات بەشێک لە کارەکانی ئەو پرۆژەیەش بڵاودەکاتەوە.






بیرۆکەی ئەم پرۆژەیە لەچییەوە دروستبوو و چۆن دەستتانکرد بە کارکردن تیایدا؟


ناوی پرۆژەكە ( ئێمە ووڵاتێكی جوانتر درووست دەكەین )ـە و بیرۆكەكە ساڵی پار لام درووست بوو بەهۆی ئەو كاول كاری و ئاوارەبوونەی كە رووی كردە ووڵاتمان هەرچەندە ئەم ئیشە ئیشێكی تازە و نامۆ نییە و بە چەند شێوەیەك كراوە، زیندو ترین نمونەی ئەو كارە وێنەی منداڵە ئاوارەكانی ڤێتنامە. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت ئەگەر كەسیك پەیامێكی هەبیێت، چونكە ئەو كارە لە ووڵاتێك یان شوێنێكی تر كراوە ئیتر نابێت بكرێت،  من گوێم بەوە نەدا و دەستم پێكرد، چونكە وێنەكەی مۆنالیزا پێشتر كراوە بەڵام تا ئێستەش هەر دروستی دەكەنەوە بەشێوازی تر، یان ئەگەر دووبارە بوونە و دووبارە كردنەوەی ئیش هەڵەبێت ئەی گۆرانی و ئاوازەكان بۆ دووبارە دەكرێنەوە؟

لە چەند شوێنێك و بە چەند شێوازێكی تر ئەو كارە كراوە، منیش پێم خۆش بوو ئەو كارە بە كامێرای فۆتۆگرافەرێكی كورد و بە هاوكاری منداڵانی كورد ئەو كارە بكەم،  بەڵام لەگەڵ دەستپێكردنی ئیشەكە كێشەم بۆ درووست بوو،  وەك پێویست نەمتوانی منداڵان كۆبكەمەوە، هەوڵمدا لەرێگەی مامۆستای هونەری خوێندنگاكانەوە ئەو كارە بكەم، بەڵام ئەوەش سەری نەگرت پاشان پەنام بردە بەر چەند هونەرمەند و فۆتۆگرافەرو كەسایەتیەكان، لەوەشدا تارادەیەك شكستم هێنا چونكە هەندێكیان بە بیانووی ئەوەی دەستی وێنە كێشانیان نییە  و هەندێكی تر بە بیانووی جوراوجۆر رەتیانكردەوە، دواتر برادەریك كە فۆتۆگرافەرە 3 وێنەی برد بەمەستی ئەوەی كە حەزدەكات خیزانەكەیان بەشدار بن و هەم هاوكاری منیش دەكات بۆ سەرخستنی پرۆژەكە پاش ماوەیەك فۆتۆكانی بۆ گەراندمەوە و سوپاسم كرد بۆ هاوكاریەكەی پاشان مندالەكەی وتی رەسماكانت بینی، ووتم بەڵێ‌ دەستخۆش جوان نەخشاندبووت، ووتی من نەبووم باوكم بوو ئەمە تووشی شۆكی كردم .
دواتر بریارمدا لەگەڵ كچەكەم كە ناوی یەنار ئەو ئیشە بكەم و تائیستاش بەردەوامم، بەو هیوایەی كە بتوانم بەم نزیكانە نماییشی بكەم چونكە لە سەرەتای دەست پێكردنی ئەم كارەوە تائیستا كەسانێك هەیە فۆتۆم داونەتێ‌ بەڵام تا ئیستا نەیانگەراندۆتەوە بۆم و وەڵامی پەیوەندیەكانیش نادەنەوە .






ئەو فۆتۆیانەی کە بەکارهێنراون لە پرۆژەکەدا هی کێن و کەی گیراون؟ کێ هاوکار بوو لەم کارەدا؟

فۆتۆكان سەرجەمیان بەكامیرای خۆم گیراون و خۆم گرتومن، لە كات و شوێن و كارەساتی جیادا، بۆ نمونە وینەی ئاوارەكانی بناری قەندیل و ئاوارەی شاری موسڵ و سوریا و باشووری عیراقی تیایە. كاتێك ئەم پرۆژەیەم پیشانی فۆتۆگرافەری ئیتاڵی و ئیدیتەری پێشتری میترۆگرافی ستیڤانۆ كارینی دا زۆری بەلاوە گرنگ و باش بوو، بۆیە لەسەرەتادا هاوكارییەكی باشی كردم لەرووی هەڵبژاردن و دانانی فۆتۆكانەوە، پاشان بۆی روون بووەوە كە من كیشەی نەبوونی ستافێكم هەیە بۆ هاوكاری، پێشنیاری كرد كە پرۆژەكە بكەین بە هاوبەشی و ئەویش بە هاوكاری منداڵانی كەمپی عەربەت و كەمپەكانی تر و بەشیوازێكی تر كارەكان بكەین. تا ئیستاش پەیوەندی من و شتیڤانۆ ماوە سەبارەت بەو كارە و لە چاوەروانی تەواو كردنیداین و ئەویش ئومێد دەكات كە بتوانن بیكەین بە كتێبێك لە داهاتودا . منیش ئومید دەكەم خەلكانێك بتوانن هاوكارمان بن بۆ تەواو بوونی ئەم پرۆژەیە .






لەم پرۆژەیەدا ویستوتانە چ واتایەکی نوێ بدەن بە وێنەکان؟


بەم پرۆژەیە دەمەوێ‌ خەونی منداڵانەی منداڵی كورد و ئارەزوی هەمووان بۆ ئاشتی بدەم بە گوێ‌ی ئەوانەی پەیام بە شەڕ دەگەیەنن ئێمە لە ناو شەرەكاندا لە دایك بووین، بۆیە نامەوێ‌ لە گۆرەپانی شەردا بمرێت یان شەهید ببێت، دەمانەوێت‌ وڵاتێكی نوێ‌ بەخەونی نەوەی نوێی شەر نەدیوو وێنا بكەین بۆ نەوەی داهاتوو، بۆئەوەی نەوەكان وا هەست نەكەن ئێمە ئارەزوو مەندبووین بۆ شەر، نەمانتوانی وڵات ئاوەدان بكەینەوە، ئەوەتا ئەگەر بەشەرهاتووەكان ساتر و سەنگەر بەرامبەر یەك بگرن ئێمە گۆرەپانی شەر دەكەین بە وڵات بۆ ئاشتی و وڵاتی نوێ‌ بۆ خەون و ئارەزووەكانمان درووست دەكەین .







 ئایا تەنیا یەنار هێڵکارییەکان دەکێشێت  و فکرەکان هی خۆیەتی؟


وێنەكان لە پێشدا چەند كەسێك هاوكارییان كردم، بەڵام هاوكارییەكەیان راستگۆیانە نەبوو، بۆ نمونە برادەرێك خۆی وینەكانی دەكر و دەیگوت منداڵەكەمە، ئەم دەبێتە درۆكردن لە گەڵ راستیی كارەكە و ئەو مانا تەواوەتییەی نابەخشێت كە منداڵێك وینەكە دروست بكات، كەسێكی تریش سالێك زیاترە وێنەی بردووە تا ئیستە نەیگەراندۆتەوە بۆم بە بیانووی جۆراو جۆر، من پێمخۆشە ژمارەیەكی زۆر خەلك لە هەموو تەمەنەكان بەشدار بن، چەنكە ئەم پرۆژەیە ناوی ( ئێمە دەمانەوێ‌ وڵاتێكی تازە دروست بكەین )ـە.  بۆ ئەم پرۆژەیە داوام لە زۆر كەس كرد هاوكارم بن بەڵام ئەو هاوكارییە راستەقینەیەم دەست نەكەوت و كاتێك كەمن بێ‌ هاوكارێك دەمێنمەوە  نابێت لە كارەكە سارد ببمەوە پەنام بردە بەر ئەوەی كە من منداڵم هەیە و ئەو هاوكارم بێت یەنارم بۆ ئەم كارە هەڵبژارد، هەندێك جار خۆی نەخشاندنەكە هەڵدەبژرێت، هەندێك كات خۆم پێی دەڵێم كە ئەو بیرۆكەیە بەكار بهێنێت، ئەمش پاش ئەوەبوو كە ستیڤانۆ كارینی، ئەوكاتە فۆتۆ ئیدیتەری ئاژانسی میترۆگرافی بوو، ئیشەكەی بینی و داوای كرد پێكەوە ئەم كارە بكەین و رای تەواوی ئەویش لەسەرئەوەبوو كە یەناری كچم ئەو ئیشەبكات، چونكە لەناو ئەو فۆتۆیانەی كە بۆم گەرێندرابونەوە ئەوانەی یەنار باشترین بوون. بۆیە ئیستە یەنارم فیركردووە لە بەرنامەی فۆتۆشۆپ تەنها بەو هێڵكاریانە ئەو وینەكانم بۆ رەنگ بكات و هەندێك وێنەی تر بۆی چاپ دەكەم و لەسەر كاغەز بە ماجیك كاری خۆی ئەنجام دەدات . لە ئێستادا خەریكی ئیشین و بە پێی كات وێنەی دەدەمێ‌ و ئەویش كاری خۆی ئەنجام دەدات .
لەكۆتایدا تەمەننا دەكەم ئەم گفتوگۆیەی ئێوە ببێتە هۆی پەیداكردنی ئەو هاوكاریانەی كە من چاوەرێی دەكەم بۆ سەرخستنی كارەكەم و تەمەننا دەكەم لە نزیك ترین كاتتدا بتوانم نماییشی بكەم .
















یەنار لەکاتی کارکردن لە وێنەکاندا





فۆتۆگرافەر: بێساران تۆفیق

هه‌والی زیاتر

3D و سورریاڵ

Şêwekar

27/12/2015

3D و سورریاڵ

zortirîn xwênraw