سولی ئۆن وێب تەلارساز: ئیمرە ئەرۆڵات شوێن: تورکیا، ئیستانبوڵ ساڵ: ٢٠١٢ فۆتۆکان: تۆماس مایەر پێشتر باسی ئەوەم کرد کە تەلارسازی مزگەوت هێندەی تەلارسازی کەنیسە سەرکەوتوو نەبووە لە ڕەخساندن و دروستکردنی ئەو کەشە ڕووحییەی کە پێویستە بۆ بەجێهێنانی مەراسیمە ئاینییەکان بە ڕای من گەورەترین هۆکار بۆ ئەو شکستە ئەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە ئەو تەلارسازانەی مزگەوت دیزاین ئەکەن بە دیدێکی مۆدرن و هاوچەرخ ناڕوانن لەم شوێنە و هەر هەمان ڕێچکە و شێواز پەیڕەو ئەکەن کە پێش چەندەها ساڵ پەیڕەو کراوە لە دروستکردنی مزگەوت، بۆیە بە دەگمەن مزگەوتێك ئەبینین دووربێت لەو شێوازە ئۆرنەمێنتاڵە کلاسیکییەی کە باو بووە. ئەوەی کە ئەمەوێت باسی بکەم بریتییە لە نموونەیەکی زۆر سەرکەوتوو و تا ڕادەیەکی زۆر خۆی دوورخستۆتەوە لە شێواز باوەکەی تەلارسازی ئیسلامی و بەرهەمەکەشی کارێکە کە بەڕاستی جێگەی تێڕامانە. لەم مزگەوتەیا تەلارسازەکە بەتەواوی خۆی دوورخستۆتەوە لە کێشە سەرەکییەکانی دیزاینکردنی مزگەوتێكی تەقلیدی کە خۆی لە فۆڕم ئەبینێتەوە و لەبری ئەوەی بە تەنها تەرکیزی خستۆتە سەر کڕۆکی ڕلیجەس سپەیس (religious space). ئەوەی ئەم مزگەوتە لە هاوشێوەکانی جیا ئەکاتەوە و ئەیکات بە نموونەیەكی سەرکەتوو بریتییە لە شێوازی ئیشکردنەکەی، سایتەکە لە ناوچەیەکی دەشت و نشێویی و گرددایە، تەلارسازەکە لە بری ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە مزگەوتەکە بخاتە سەر گردەکە بەڵکو فۆڕمی مزگەوتەکەی بە تەواوی شاردۆتەوە لە باوەشی گردەکەیا و خستویەتییە ناو نشێوییەکەوە وبە تەواوی تێکەڵی تۆپۆگرافی ناوچەکە بووە, تەنها پێکهاتەی تەلارسازی کە لە دەرەوە ئەبینرێت بریتییە لەو کانەپییەی کە کۆی مزگەوتەکەی لە ژێردایە. کەسێك جیهانی دەرەوە بەجێئەهێڵیت کاتێك دەچیتە ئەم مزگەوتەو و بەناو پارکەکەیا بۆی دائەبزیت و بۆ خوارەوەی گردەکەو بە ناو دیوارەکان و تا دەگاتە ناو مزگەوتەکە ( هەستێکی زۆر سامناکە) ئە ئەمەیە کە من باسی ئەکەم دابڕینی کەسەکان لە ژینگەی دەرەوە بۆ چەند ساتێك بۆ ئەوەی بەڕاستی هەست بکات لەگەڵ خوا قسە ئەکات. بەشی ناوەوەی مزگەوتەکە وەك سپەیسێكی ئەشکەوت وایە کە لە هەمان کاتا دراماتیك و خۆش و ترسێنەرە کە بە تەنها لەگەڵ خوا قسە بکەیت، لە بەشی سەرەوەی دیواری قیبلەیا شکاندنێك هەیە کە ڕووناکی لێیەتە ژوورەوە بۆ ئەوەی جەخت لە ئاڕاستەیی ڕوو لە قیبلەیی بکاتەوە و ڕووناکی پیا تێپەڕبێت بۆ ناو سپەیسی نوێژکردنەکە. ئەم ئیشە یاری ئەکات لە نێوان ئەوەی کە ئیشی دەستی مرۆڤە یاخود ئیشی سروشتە، ئەو کۆنتراستەی لە نێوان پلیکانە بەردەکەی کە بە لێژی سروشتی لاندسکەیپەکە دائەبزێت لەگەڵ سەقفە تەنکە کۆنکریتییەکە کە ئەبێت بە کەنۆپییەکە زیاتر ئەم پەیوەندییە دوانەییە دەرئەخات. کارێکی هاوبەشی سولی ئۆن وێب و پەیجی هونەر و تەلارسازی