گریانی هەمیشەیی لە سینەمادا

27/12/2015    21:10

گریانی هەمیشەیی لە سینەمادا 


Cînema

گفتوگۆ لەگەڵ وودی ئاڵن
وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: ژیوار جەوھەر


ودی ئالن، دەرهێنەری گەورە و ناوداری سینەمای جیهان، لەم دیدارەیدا سەبارەت بە ڕەشبینییەکانی بەرامبەر ژیان ڕوونکردنەوە دەدات، ئەو پێی وایە، ژیان هیچ خۆشبەختییەکی تێدا نییە و ئەوەی هەیە، لە کۆتاییدا تەنها تراژیدیایەکە، هاوکات، دەربارەی خۆشەویستی و ڕۆڵبینینی خۆی لە فیلمەکاندا و ئایندەی کاری سینەمایی خۆی دەدوێت.

*بەڕێز ئاڵن، بەڕاستی پێتوایە کە خۆشبەختی شتێکی مەحاڵە؟
-ئەوە تێڕوانینی منە دەربارەی ژیان، وە ھەمیشە تێڕوانینم بەم شێوەیە بووە و دەبێت. من تێڕوانینێکی زۆر ڕەشبینانەم ھەیە دەربارەی ژیان. ئەو تێڕوانینەم ھەبووە لەو کاتەوەی کوڕیژگەیەک بووم؛ ئەم ڕەشبینییە بەھۆی تەمەن یان شتێکی دیکەوە نییە. پێموایە خۆشبەختی ئەزموونێکی بە ئازار و مۆتەکە و بێمانایە، تاکە ڕێگایەک کە دەتوانیت بەھۆیەوە خۆشبەخت بیت ئەوەیە، کە ھەندێ درۆ بۆ خۆت بکەیت و خۆت فریو بدەیت.

*وابزانم باشترە بڵێم کە زۆربەی زۆری خەڵکی ھاوڕانابن لەگەڵت؟ 
-بەڵام من یەکەم کەس نیم کە ئەم قسەیە دەکەم، یان ئەوەی من کەسێکی ژیربێژ بم. ئەوە پێشتر لەلایەن نیتچە و فرۆیدەوە گوتراوە، ھەروەھا یوگین ئۆنیل-ش. تاک دەبێت ئەندێشە و بیری کەسێکی دی ھەبێت بۆ ئەوەی بژی. ئەگەر بە شێوەیەکی ڕوون و ڕەوان سەیری ژیان بکەیت، ژیان زۆر سەخت و بە ئازارە، لە مامەڵەیەکی زۆر زیانبەخش دەچێت، کە ھەر دەبێت ئەنجامی بدەیت.





*زۆر سەختە بیر لەوە بکەمەوە وودی ئاڵن ژیانێکی بەو چەشنە سەختی ھەبێت.
-من زۆر کەسێکی بەبەختم، و بەھۆی بەھرەکەمەوە ژیانێکی پڕ بەرھەمم بۆخۆم دروست کردووە، بەڵام لە ئەنجامدانی شتەکانی دیکەدا باش نیم و کەم ئەزموونم. من باش نیم لە ژیانکردن، تەنانەت لە سادەترین شتەکانیش. ئەو شتگەلەی کە بۆ زۆربەی خەڵکی دی یاری منداڵانن، بۆ من وەک شۆکێکی دەروونی وان.

*دەتوانیت نموونەیەکم بدەیتێ؟
-پشکنین لە فڕۆکەخانە و ھۆتێل، پەیوەندیەکانم لەگەڵ کەسانی دیکە، پیاسەکردن، گۆڕینەوەی شتێک لە فرۆشگایەک… لە شازدە ساڵیمەوە ئیش لەسەر ئامێری چاپی ئۆلیمپوس دەکەم- کە ئێستاش لە ئامێرێکی تازە دەچێت. ھەموو فیلمەکانم لەسەر ئەو ئامێری چاپە نووسیوە، بەڵام بەم دواییانە، نەمدەتوانی بۆخۆم ڕەنگی ڕیبۆنەکەم بگۆڕم. کاتی وا ھەبووە کە خەڵکم بانگهێشت کردووە بۆ خوانی ئێوارە، تەنیا لەبەرئەوەی کە ڕیبۆنەکەم بۆ بگۆڕن. ئەوە ھەستێکی ناخۆشە، تراژیدیایەکە.

*تۆ باوەڕت بە شتە باشەکان نییە لە ژیاندا؟
-ژیان پڕە لە ساتگەلی خۆش و شادی ھێن – بردنەوەی یانسیبێک، بینینی ژنێکی جوان، ئێوارە خوانێکی بەتام، بەڵام تەواوی شتەکە تراژیدیایەکە. لە سەوزایی نێو بیابانێک دەچێت، کە زۆر دڵخۆشکەرە. ئەگەر فیلمی (حەوتەمین مۆر) ی بێرگمان وەک نموونە وەربگرین. فیلمێکە دەربارەی تراژیدیایەکی مەزنە، وەلێ دیمەنێکی تێدایە کە پیاوەکە لەگەڵ منداڵەکە دادەنیشێت و شیر دەخواتەوە و شاتوو دەخوات. بەڵام دواتر ئەو ساتە خۆشە تێدەپەڕێت و تۆ دەگەڕێیتەوە سەر ئەوەی بەڕاستی بوونی ڕاستەقینە چۆنە.

*بەھەمان ڕێژەش ڕەشبینی بەرامبەر بە خۆشەویستی؟
-ئێمە زیاتر لەوەی بیری لێ دەکەینەوە، پشت بە بەخت دەبەستین. خەڵکی دەڵێن ئەگەر دەتەوێت پەیوەندیەکی باشت ھەبێت، دەبێت ئیشی لەسەر بکەیت. بەڵام ھەرگیز شتێکی لەو شێوەیە نابیستیت دەربارەی ئەو شتانەی کە ئارەزووت لێیانە، دەربارەی سەوڵ لێدانی بەلەم یان ڕۆیشتن بۆ یاری تۆپی پێ. تۆ ھەرگیز ناڵێیت: دەبێت کاری لەسەر بکەم. تۆ تەنیا کارەکەت خۆشدەوێت و ئارەزووت لێیەتی. تۆ ناتوانیت کار لەسەر پەیوەنییەک بکەیت، تۆ ناتوانی پەیوەندیەک کۆنتڕۆڵ بکەیت. تەنیا دەبێت بەختت ھەبێت و بەردەوام بیت لە ژیانکردن. خۆ ئەگەر بەختت نەبێت، دەبێت ئامادەکاری بکەیت بۆ ھەندێ سەختی و دژواریی. ھەر لەبەر ئەوەشە کە زۆربەی پەیوەندییەکان سەخت و ئازاربەخشن. مرۆڤەکان بەیەکەوە دەمێننەوە لەبەر سستی و بێتاقەتی، ئەوان ئەو وزەیەیان نییە. ئەوان بەردەوامی بە پەیوەندیەک دەدەن، چونکە لە تەنیایی دەترسن، یاخود منداڵیان ھەیە.

*پیاوێک دەتوانێت دوو ژنی خۆشبوێت… لە ھەمانکاتدا؟
-زیاتر لە دوو دانە. (پێکەنین) پێموایە دەتوانێت. ئەوە ھۆکاری ئەوەیە کە ڕۆمانسییەت شتێکی سەخت و ئازار بەخشە، و لەھەمان کاتیشدا زۆر تەلیسماوییە. تۆ دەتوانیت لەگەڵ ھاوسەرەکەت بیت و زۆریش دڵخۆش بن. دواتر ژنێکی دیکە دەبینیت و ئەویشت خۆشدەوێت، بەڵام ژنەکەشت ھەر خۆشدەوێت. یان ئەگەر ئەو پیاوێکی بینی و خۆشی ویست و لەھەمانکاتدا تۆشی خۆشبوێت. دوایی، تۆش کەسێکی دی دەناسیت، ئێوە ئێستا سێ کەسن. (پێکەنین) بۆچی تەنیا یەک کەس؟




*لەوانەیە شتەکان کەمێک فریودەرانەبن ئەگەر یەکێک بیەوێت بەدوای ئامۆژگاریەکانی تۆ بکەوێت.
-زۆر گرنگە کە کۆنتڕۆڵی خۆت بکەیت، چونکە ژیان زێدە ئاڵۆز دەبێت بەبێ کۆنتڕڵ کردنی. بەڵام ھەمووکات ھاندەرێک بوونی ھەیە بۆ خەڵک، ھەندێ دەڵێن دەبێت کۆمەڵگا زیاتر کراوەبێت؛ ئەمەش کاری خۆی ناکات. من پێم وایە لەو بارودۆخەدا تۆ دۆڕاویت. ئەگەر تۆ شوێن خاتوونێکی دیکە بکەویت، تۆ لێرەشدا ھەر دۆڕاویت و ئەوە زیانی دەبێت بۆ پەیوەندی و ژیانی ھاوسەریتان. خۆ ئەگەر ھاوسەرگیریەکەتان کراوە بێت و ڕێگەی ئەوەت پێ درابێت، ئەوەش ھەر کارێکی باش نییە. ھیچ ڕێگایەک بوونی نییە، لە کۆتاییدا، بۆ دڵخۆشبوون، بەڕاستی دەبێت کەسێکی بە بەخت بیت.

*ھەرگیز گریاویت؟
-ھەموو جارێک لە سینەما دەگرییەم. ئەوێ تاکە شوێنێکە کە لێی گریابم، چونکە کێشەی گریانم ھەیە. لە شانۆیی (ھانا و خوشکەکانی) ھەندێ دیمەن ھەبوو کە دەبوو بگریم. ئەوان ھەموو شتێکیان تاقی کردەوە، بەڵام نەگریام. ئەوان ئەو شتەیان خستە چاومەوە و نەمتوانی بگریم، لێ لە ناو سینەمادا دەدەمە پڕمەی گریان. ھەر دەڵێی سیحرێکە. من لە سینەما، کۆتایی فیلمی (پاسکیل دزەکان) و (شاری گڵۆپەکان)م بینیوە و گریاوم. نە لە ناو شانۆدا، نە لە ژیانی ئاساییدا، ناگریم. سینەما تاکە شوێنێکە کە دەمگرێنێت.

*تۆ لە زۆربەی فیلمەکانت، ئەکتەرە پاڵەوانەکە بوویت، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، کەمتر دەردەکەویت. ھۆکاری ئەمە چییە؟
-تەنیا لەبەرئەوەی ڕۆڵی باش نییە. بۆ چەندین ساڵ، ڕۆڵی ڕۆمانتیکیم دەگێڕا و دواتر نەمتوانی چی دی بەردەوام بم، چونکە زۆر پیر بووم. تۆ ئەو کوڕە نەبیت کە کچەکە بەدەست دەھێنێت، ھیچ خۆش نییە. تۆ دەتوانی بیر لەوە بکەیتەوە کە ئەوە چەندە بێزار و نائارامم دەکات وەختێ ئەو فیلمانە دەکەم لەگەڵ (سکارلێت جۆنسن) و (ناومی واتس) و ئەکتەرە کوڕەکانی دی ڕۆڵیان لەگەڵ دەگێڕن و منیش تەنھا دەرھێنەرەکەم. من ئەو پیاوە بە تەمەنەم کە لەوێ دانیشتووە و فیلمەکە دەردەھێنێت. حەزم لەوە نییە. من حەزم لێیە ئەو کەسە بم کە لە ڕێستۆرانت بەرامبەریان دادەنیشێت، سەیری ناو چاویان دەکات و درۆیان بۆ دەکات. بۆیە ئەگەر نەتوانم ئەوە بکەم، ھیچ چێژێک لە ڕۆڵبینیندا نابینم.

*پیری چی پێ بەخشیویت؟ 
-پێم وایە پیری لە مامەڵەیەکی زۆر خراپ دەچێت. ھیچ سودێکت لە پیربوون چنگ ناکەوێت. زیرەکتر نابیت، داناتر نابیت، جوانتر نابیت، میھرەبانتر نابیت، ھیچ شتێکی باش ڕوونادت. پشتت دەئێشێت، ناتوانیت خواردن باش ھەرس بکەیت، بینینت لاواز دەبێت، پێویستت بە یاریدەدەرێکی بیستن دەبێت. پیربوون مامەڵیەکی زۆر خراپە و من ئامۆژگاریتان دەکەم نەھێڵن پیرببن، ئەگەر دەتوانن ڕێگری لێ بکەن. ھیچ کوالێتیەکی ڕۆمانسی نییە.

*ھەرگیز لە دەرھێنانی فیلم دەوەستیت؟
-زۆر بە سادەیی، من چێژ لە ئیشکردن دەبینم. لە کوێی دیکە دەتوانم ئەو بەرزەخوازییەم گەشە پێ بدەم. وەک ھونەرمەندێک، تۆ خەبات دەکەیت لە پێناو دەسکەوتێکی بنچینەیی، بەڵام پێناچێت ھەرگیز بەدەستی بھێنیت. تۆ کاری وێنەگرتن بۆ فیلمێک دەکەیت، و دەکرێت ھەمووکات ئەنجامەکەی باشتر بکرێت. تۆ ھەوڵ دەدەیت و جارێکی دیکەش شکست دەھێنیت. لە ھەندێ لایەنەوە، پێم وایە شتێکی چێژبەخشە. تۆ ھەرگیز ئاڕاستەی ئامانجەکەت ون ناکەیت. من ئەمکارە لە پێناو پەیداکردنی پارە ناکەم، یان بۆ ئەوەی ڕیکۆردەکانی (بۆکس ئۆفیس) بشکێنم، زۆر بە سادەیی، من شتەکان تاقی دەکەمەوە. چی دەبێت ئەگەر لە خاڵێکدا کامڵیم بەدەست بھێنابایە؟ ئەی دوای ئەوە چی بکەم؟


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw