مۆنیکا بەلوچی:دەبێت تواناکانم بۆخۆم بسەلمێنم نەک بۆ خەڵکانی دی

27/12/2015    21:25

مۆنیکا بەلوچی:دەبێت تواناکانم بۆخۆم بسەلمێنم نەک بۆ خەڵکانی دی 


Cînema

گفتوگۆ لەگەڵ مۆنیکا بەلوچی
وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: ژیوار جەوھەر

مۆنیکا بەلوچی، لەم دیمانەیەدا سەبارەت بە جوانییەکەی و ژیانی تایبەتی و کارەکانی قسەدەکات.
 
- خاتوو بەلووچی، تۆ پێت وانییە کە جوانییەکەت بۆتە ھۆکاری ئەوەی کە کاری زیاترت دەست بکەوێت؟ 
+ من دەزانم کە جوانیی دەبێتە ھۆی ڕوودانی شتی سەیر و نائاسایی، بەڵام ھەروەک ئۆسکار وایڵد گوتویەتی، جوانیی تەنھا پێنج خولەک دەمێنێتەوە ئەگەر ھیچ شتێکی دیکەت نەبێت بۆ ئەوەی جوانیەکەتی پێبسەلمێنیت. من پێم وا نییە بمتوانیبایە ئەم پیشەیە وەربگرم، ئەگەر تەنھا جوان بوومایە. دەرھێنەرەکان تەنھا لەبەر خاتری جوانیەکەت بانگت ناکەن؛ ئەوان بۆ بەھرەو تواناکانت بانگت دەکەن.

– ئایە تا ئێستا جوانیەکەت کێشەی بۆ دروستکردویت؟ 
+ بەڵێ، بە دڵنیاییەوە – بە تایبەت، چونکە من لە پیشەی فاشنەوە ھاتووم بۆ ناو ئەم کارە. ئەمە کێشەکەی کردە دووئەوەندە؛ پیشەی نمایشی جلوبەرگ و جوانی خراپترین شتن لەگەڵ پیشەی ئەکتەریی. چونکە جوانم ھەموو کەسێک وابیردەکاتەوە کە من گێلم. بەڵام جوانیی وەک ڕووبەندێک وایە، پێویستە بیشکێنیت بۆ ئەوەی پیشانیبدەیت کە شتێکی دیکەش لە پشت ئەو جوانیەوە ھەیە، دەبێت پیشانی خەڵکی بدەیت کە تۆ کێیت.

– ھەر ئەوەش ھۆکاری ئەوەیە کە لەم دواییانەدا ڕۆڵە سەرەکییەکان ھەڵدەبژێری؟
+ لەوانەیە، بەڵێ.

– ئێستاش پێتوایە کە دەبێ تواناکانی خۆت بسەلمێنیت؟ 
+ بۆ خەڵکانی دیکە نا، بەڵکو بۆ خۆم.




– بەڕاستی؟
+ بەڵێ، بە دڵنیاییەوە! من پێویستم بەوەیە شتی تازە بدۆزمەوە. ئەگەر کەسێک بێت بۆ لام و کۆمەڵێ بیرۆکەی نوێی پێبێت، ھەتا ئەگەر شتێکی ناباو و ترسناکیش بێ، ئەنجامی دەدەم گەر بە دڵم بێت. من حەزم لەو فیلمانەیە کە کۆمەڵێک بابەتی زۆر دێننە بەرباس. لە ئەزمونی کاری خۆمەوە، ھەموو کاتێک کە فیلمێکم تەواو کردووە ئەم بارودۆخەی دروست کردووە. وەکو Irréversible, The Passion of the Christ, Malèna ، ئەمە زۆر سەرنجڕاکێشە. من حەزدەکەم ڕووی تاریکی مرۆڤایەتی دەربخەم. ھەر لەبەر ئەمەشە کە من ئەکتەرم.

– تۆ ئارەزوو دەکەیت دووبارە سەیری فیلمەکانت بکەیتەوە؟
+ نەخێر، ھەرگیز دوو جار سەیری فیلمێک ناکەم. یان لەوانەیە بتوانم دوای تێپەڕینی چەند ساڵێک سەیری فیلمێک لە فیلمەکانم بکەمەوە، چونکە ھەر ھێندە نابێت کە دیسانەوە سەیری (Malèna)م کردۆتەوە، زۆر پێکەنیناوی بوو کە دووبارە بینیمەوە. من پێویستم بە تێپەڕنی چەند ساڵێکە بۆ ئەوەی دووبارە تەماشای فیلمێک بکەمەوە چونکە ئەوە زۆر سەختە بێلایەن بم دەربارەی ئەوە. ھەروەھا بێزاربووم ھێندە سەیری خۆم بکەم.

– ھاوسەرەکەشت (ڤینسێنت کاسێل) بەھەمان شێوە ئەکتەرە. چ ھەستێکی ھەیە کاتێک لەسەر شاشە دەگۆڕێت بۆ کەسایەتییەکی دیکە؟
+کاتێک فیلمی(مێسرین)م بینی، بەڕاستی سەرسام بووم چونکە بەڕاستی کارێکی مەزن بوو; نەمدەتوانی بیناسمەوە. تەنھا ئەو بەشەی نەبێت کاتێ لە بەندینخانە قسە لەگەڵ منداڵەکانی دەکات، بیرم لەوە کردەوە کە چۆن لەگەڵ منداڵەکانی خۆی ھەڵسوکەوت دەکات، بەڵام جگە لەوە… کارێکی زۆر جوان و ناوازە بوو.

– ئێوە بەیەکەوە گفتوگۆ لەسەر کار و فیلمەکانتان دەکەن؟
+ ھەرگیز. من و ڤینسێنت لە دوو جیھانی جیاوازداین. من ھاوڕێکانی ئەو ناناسم؛ ئەویش ھاوڕێکانی من ناناسێت. ئێمە ھەمان کەس نابینین. ئێمە ژیانێکی ھاوشێوەمان نییە. کاتێک ئەو لە دونیای خۆی دەگەڕێتەوە و منیش لە دونیای خۆم، ئینجا ئێمە بە یەکدی دەگەینەوە. بەڵام ئێمە دوو بونەوەری جیاوازین. من زۆر سەربەخۆم و ئەویش زۆر سەربەخۆیە، پێشم وایە ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ ئەوەی بەیەکەوەبین.





– گەورەکردنی منداڵەکانتان بەم شێوەیە سەخت نییە؟
+ نەخێر.

– کچەکەت لەوە تێدەگات کە دایک و باوکی چ کارێک دەکەن؟
+ نەخێر . بەم دواییانە کچەکەم پێی گوتم،” نا دایــە، من دەمەوێت وەک تۆ بم. من نامەوێت ئیش بکەم. تەنیا دەمەوێت ببم بە دایکێک و کاتێکیش گەورە بووم کچەکەم دەچێ بۆ ئیش.” ئەمە نایابە چونکە ئەو پێی وایە من ھیچ ئیشێک ناکەم. ئەو جارێکیان گوتی: ژیان جوانە، ئێمە ھەمیشە لە ئۆتێل و خانووی جیاوازین، ئەمە زۆر خۆشە. زۆر دڵخۆشم بەمە. ئەوە مانای ئەوەیە کە من ھەمووکات لەگەڵ ئەوم.

– ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو دەیەوێت ببێت بە ئەکتەر، وەکو تۆ؟
+ ھیواخوازم کە وا نەبێ.





– بۆچی؟
+ چونکە ئەمە کارێکی تایبەتە، بەڵام ئەگەر ئەو پێم بڵێ کە دەیەوێت ببێت بە ئەسپ-سوارێک، من ناڵێم نا، چونکە ھەبوونی حەز و ئارەزویەک لە ژیاندا، شتێکی جوانە. ئەگەر ئەو حەز و ئارەزوەکەی ئەو بێ کە ببێت بە ئەکتەرێک، دەی پێویستە بیکات.

– بەڵام لە کۆتاییدا ئەوان تاکێکی سەربەخۆن…
+ وایە، ئەگەر بیەوێ یان نا. گەر ئەو ھیوا و ئاواتێکی ھەیە، دەی ئەمە زۆر باشە، بەڵام ئەکتەری کارێکی سەختە – جوانە بەس دژوارە. ئەو دەبێ بەرەنگاری زۆر شت ببێتەوە. وا باشترە کە پیشەی ئەکتەری ھەڵبژێری کاتێک کە دایک و باوکت ھەمان پیشەیان نەبوبێت. باوکی ڤینسێنت ئەکتەر بوو، ھەر لەبەر ئەوەش زۆر ئاسان نەبوو بۆ ئەو کە پێناسە و تایبەتمەندی خۆی بدۆزێتەوە.

- خێزانەکەی تۆش بە ھەمان شێوە بوون؟
+ من لە خێزانێکەوە ھاتووم کە بە تەواوەتی جیاوازە، بۆیە لێرەدا کارەکە ئاسانترە. بەڵام کاتێک تۆ لە خێزانێکەوە دێیت کە گشتیان ئەکتەر بن، بوون بە کەسێکی ئاسایی بە بەراورد بەوانی دیکە کارێکی ئاسان نابێت. ئاگادارم ڤینسێنت دەبوو بجەنگێت بۆ دۆزینەوەی شوێنی خۆی بەھۆی باوکییەوە.

سەرچاوە: The Talks

هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw