سولی ئۆن وێب
لە ٢٨ ی دیسەمبەری ١٨٩٥دا برایانی لۆمێر ١٠ فیلمیان نمایشکرد بۆ بینەران لە کافێی گراند لە بۆولیڤاردی پاریسی فەڕەنسا ئەمەش بووە هۆی دەستپێکی سینەما و بەرهەمهێنانی فیلم و نمایشکردنیان.
برایانی لۆمێر لە قوتابخانەی تەکنیکی لیۆن وانەیان خوێندبوو و هەروەها باوکیشیان کاری فۆتۆگرافی دەکرد و هەردوو کوڕەکەی لەو شوێنە کاریان دەکرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەلومەرجێکی لەباریان بۆ دروست ببێت تا کاری فیلمسازی بکەن لە سەدەی ١٩دا.

لویس لۆمێر چەندین بەرەوپێشچوونی تەکنیکی لە بواری فۆتۆگرافیدا ئەنجامدا، کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی وێنەی جوڵاو بەرهەمبێت. کاتێکیش باوکیان لەساڵی ١٨٩٢ لە کارەکەدا خۆی خانەنشین کرد، براکان دەستیانکرد بە کاری فیلمسازی و یەکەمین فیلمی خۆیان بەرهەمهێنا. هەرچەندە زۆر ڕوون نییە کە ئایا ئەم دوو برایە ئەم ئامێرەیان داهێناوە، بەڵام لە سەرەتای ١٨٩٠ەکاندا ئەم ئامێرەیان ناساند و دەستیانکرد بە تۆمارکردنی وێنەی جوڵاو. ئەم ئامێرە شۆڕشی لە بواری ئینتەرتەینمێنتدا دەکرد بەهۆی ئەوەی ئامێرەکە لە کامێرا و پرینتەر و پڕۆجێکتەر پێکهاتبوو. یەکەمین فیلمەکان لە ساڵۆن ئیندیانی کافێ گراند لە پاریس نمایشکران. لە ماوەی ئەو ماوە مێژووییەدا ١٠ فیلم نمایشکران لەنێویاندا یەکەمین فیلم بریتی بوو لە "Sortie des Usines Lumierea Lyon". هەریەک لە فیلمەکان ماوەی ٥٠ چرکە بوو هەروەها زۆر سەرنجی خەڵکی لیۆن و شوێنەکانی تری ڕاکێشا. یەکێک لە فیلمەکان کە نمایشکرا بریتی بوو لە "گەیشتنی شەمەندەفەرێک بەرەو وێستگەی سیۆتات"، کە ئەمەش یەکێکە لەو دیمەنانەی لە جیهانی سینەمادا زۆر بەناوبانگە. ئەو کاتەی ئەم فیلمە نمایشدەکرێت بینەرانی ناو کافێکە هێندە سەرسام دەبن بە گەیشتنی شەمەندەفەرەکە بۆ وێستگەکەو نزیکبوونەوەی لە شاشەی سینەماکە، بینەران هەموو هاوار دەکەن و ڕادەکەن بەرەو پشتەوەی ژووری کافێکە.

بەهۆی ئەو سەرکەوتنەی برایانی لۆمێر لە نمایشی یەکەمیاندا بەدەستیان هێنا، یەکەمین هۆڵی سینەماتۆگرافی خۆیان کردەوە، کە پاشتر بە سینەمای میترۆپۆلیس ناسرا لە نیویۆرک و لەندەندا. لە پێشانگای پاریسی ١٩٠٠دا، فیلمەکانیان لەسەر سکرینێکی ١٦ بە ٢١ نمایشکرد کە هەروەها سینەماتۆگرافیەکەشیان پەرەپێدابوو. چونکە فیلم لەلایەن هەموو چینەکانی کۆمەڵگاوە چێژی لێدەبینرا، سەرکەوتنەکانی برایانی لۆمێر وەستانی بۆ نەبوو، لەوێوە پیشەسازی فیلمسازی بەرهەمهات و لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ کاریگەری لەسەر ژیانمان جێهێشتووە و جێ دەهێڵێت.
سەرچاوە: Yovisto.blogspot.com