ڤۆڵکەر شلۆندۆرف: مەبەست لە سینەمای تەواو بریتییە لە سینەمای بێدەنگی ڕەش و سپی

30/12/2015    22:19

ڤۆڵکەر شلۆندۆرف: مەبەست لە سینەمای تەواو بریتییە لە سینەمای بێدەنگی ڕەش و سپی 


Cînema

سازدانی: گۆڤاری فیلمی نێودەوڵەتی
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

بەشی یەکەم

ڤۆڵکەر شلۆندۆرفیی دەرهێنەری ئەڵمانیی و دەرهێنەری فیلمی "تەپڵی تەنەکە" لەبارەی ئەزموونی کارکردنییەوە دەدوێت.

چۆن لاوە ئەڵمانیەکان پەیوەندی بە سینەماوە دەکەن؟
-کاتێک گەنج بووم، چەند گۆڤارێک هەبوون لەبارەی سینەماوە، بەڵام گەنجە ئەڵمانیەکان چێژیان لەو بابەتانە نەدەبینی کە بڵاودەکرانەوە. پاش ماوەیەک؛ خۆشەویستیم بۆ سینەما لا دروست بوو. مێژووی سینەما لای من بە فیلمی (Bladerunner) دەستیپێکرد. هەموو کارەکانی پێش ئەوە، کارێکی سادە و ناهونەریی بوون. خوێندکارە سینەماییەکان تەنانەت فیلمێکی بێدەنگیشیان نەبینیبوو. وانەکانیان لەو فیلمەوە دەستیپێکرد. تەنانەت ئەمڕۆ ئەو فیلمەش بەسەرچووە. لەجیاتی ئەوە، لاوە ئەڵمانیەکان هەموو شتێک دەربارەی مەڵتیمیدیا دەزانن. زیاتر چێژ لە کۆمپیوتەر دەبینن وەک لە کامێرا. دنیایەک جیاوازی هەیە لەنێوان ڕێگەی بیرکردنەوەی ئەوان و مندا.

هەمان بیرکردنەوەش لە ئێران بوونی هەیە...
-بەهەمان شێوە لە هەموو دنیادا. تەنها وڵاتێک کە لە دژی ئەم بیرۆکەیە دەوەستێتەوە؛ فەڕەنسایە، ڕەنگە هەندێکجار ئەم وەستانەوەیەش شتێکی باش نەبێت. هەندێک کات فیلم بەرهەمدێنن کە وات لێدەکەن پرسیار بکەیت، ئایا ئەوان بۆ کێیان بەرهەمهێناوە، کێ تەماشای دەکات؟
هەرچەندە لە ئێران چەندین ژانری جیاوازی فیلم هەیە کاری لەسەر دەکرێت، هەروەها تەکنیکی سینەمای جیهانییش. هەندێک لە هاوڕێکانمان لە ئێران کار لەسەر بە ئەرشیفکردنی فیلمە بێدەنگەکان دەکەن، کاتێک لاوە ئێرانیەکان حەز بە بینینی عەشق دەکەن لە سینەمادا: لە فیلمە هونەریەکانەوە بگرە تا سینەمای ڕابردووی ئەڵمانیاش.
من دەربارەی یاسا قسەدەکەم تۆش دەربارەی ڕازیکردن. دەربارەی یاسا، خەڵک هەیە لە جیهاندا تەماشای سینەما دەکەن وەک فۆڕمێک بۆ چێژوەرگرتن و هیچ ناخوێننەوە لەبارەیەوە!





نەوەی سەردەمەکەی تۆ چۆن بوون؟ واتە سینەماکارانی ساڵانی ١٩٦٠-١٩٧٠، جیاوازیتان لەگەڵ نەوەی پێشووتردا چی بوو؟
پاش ماوەیەک کە بۆم دەرکەوت، جیاوازییەکە بریتیبوو لە ڕەوانزانیی لە کلتووری فەڕەنسیدا. ئەمە بۆ وارنەر هێرزۆگیش ڕاستە، هەروەها پیتەر فلێشمان و هەندێکی تریش. هەندێکی تریان هەبوون وەکو ئەلیکساندەر کەلوگ کە باکگراوەندی زانیاریی لە فەلسەفە و سیاسەتدا هەبوو بەهەمان ئەو شێوەیەی لە سینەمادا زانیاریی هەبوو.

ئایا کەلوگ هێشتا کاردەکات؟
لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا کاری لە پڕۆگرامەکانی تەلەفزیۆندا دەکرد. پڕۆگرامەکانی لە کەناڵە جیاوازەکانەوە پەخشدەکران. هیچ کارێکی لە سینەمادا ئەنجامنەدا. هەموویان دەربارەی سیاسەت و ئەدەب و ژیانی سۆشیال و کارەکانی لەو جۆرە شێوازانەبوو.

ئەی گۆدارد؟
بەڵێ، لە شێوازێکی تایبەتدا.

ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە تۆ یەکەم سینەماکاری ئەڵمانیت کارت لەسەر قوتابخانەکان کردبێت. تۆ لە (IDHEC) خوێندووتە، وانییە؟
نەخێر، لەوێ نەمخوێندووە. ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵکی لێرە و لەوێ دەنووسن.ئەوە ڕاست نییە، بەڵام حەزم دەکرد! خۆم ئامادەکردبوو بچمە ئەوێ بخوێنم. دوو ساڵ خوێندم و سەیری زۆر فیلمم کرد، پاشان دەمتوانی بەشداری بکەم لە بەناوبانگترین تاقیکردنەوەکانی قوتابخانەدا، بەڵام لە هەمانکاتدا دەستمکرد بە کارکردن لەگەڵ لویس مالیی لە فیلمی زازیدا وەک یاریدەدەری دەرهێنەر، پێمباشتربوو ئەو کارە بکەم نەک بچم بۆ (IDHEC) تەنانەت بۆ ڕۆژێکیش.





هەروەها تۆ وەک یاریدەدەری دەرهێنەر لەگەڵ ئالان ڕینێش کارت کردووە...
پاش ئەو کارە، هەلی زۆرباشم بۆ ڕەخسا و کارەکانم بەباشی دەڕۆیشتن بەڕێوە. دەرهێنانی فیلمی زازی هەژدە هەفتەی خایاند، لە سەرەتادا دوو یاریدەدەری سەرەکی هەبوون، هەروەها سیانی لاوەکیش. من سێیەمین بووم لە لاوەکییەکاندا، بەڵام لەکۆتاییدا بوومە دووەمین یاریدەدەری سەرەکی. لە کۆتایی فیلمەکەدا بوو ئەو خانمەی لەگەڵماندا کاری دەکرد و لەگەڵ ڕینێشدا کاریدەکرد، پێشتریش کاری لەگەڵ کردبوو. وتی ماوەیەکی تر دەچین بۆ کاری دەرهێنانی فیلمێک لە مارین باد بە درێژایی هاوین، پێویستیمان بە یاریدەدەرێک دەبێت کە ئەڵمانیزان بێت. وتی: بۆچی پەیوەندیمان پێوە ناکەیت؟ ئیتر بەوشێوەیە بوومە یاریدەدەری ئالان ڕینێ. پاشان بێرتراند تاڤێرنەر کە لە گۆڤاری سینەماییدا کاریدەکرد و چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ژان پەریدا ئەنجامدابوو، پێیوتم کە بچم بۆ لای. پاشان چووم و پاش یەکترناسین پێیوتم، کە بەنیازی دەرهێنانی فیلمێکە، باس لە کۆمەڵکوژی فەڕەنسییەکان دەکات لەلایەن نازیەکانەوە، بۆیە پێویستم بە زمانزانێکی ئەڵمانیی دەبێت وەک یاریدەدەر کارم لەگەڵدا بکات. بەو شێوەیە من توانیم لەماوەی ساڵێکدا وەک یاریدەدەر لەگەڵ سێ دەرهێنەری گەورەی سینەمایی کاربکەم.

ئەمە کەی ڕوویدا؟
پێموابێت ساڵی ١٩٦١ بوو. لەکۆتایی ئەو ساڵەدا من یاریدەدەری دەرهێنەر بووم لە پاریس و هەمیشە بە خۆشەویستییەوە بۆ کارەکەم هەوڵم دەدا، بۆیە هەمیشە کەسانی چواردەورم دەیانوت: کار لەگەڵ ئەو ئەڵمانییەدا بکە زۆر جدییە!

هەموو ئەمانە هەلبوون ڕوویاندا؟
خۆشم زۆر هەوڵمدەدا و دەجووڵام. من لە مانای هەل تێناگەم. دەبێت ئێمە بەدوای هەلدا بگەڕێین. دەبێت هەمیشە هەوڵبدەیت خۆت دەربخەیت. لە شانزە ساڵییەوە هەمیشە ویستوومە ببمە دەرهێنەر. ئەمە نەدەگونجا لە ئەڵمانیادا، چونکە لە ١٩٥٠دا تەنها یەک ژانری سینەمایی هەبوو لە ئەڵمانیادا، کە ئەویش فیلمی بازاڕیی دروست دەکرد. بڕیارمدا واز لە قوتابخانە بهێنم و لە سینەمادا کاربکەم. هەوڵمدا باوکم ڕازی بکەم و دەست بکەم بە کارکردن. بەهیچ شێوەیەک نەیهێشت ئەو کارە بکەم. ڕۆژێک ئاگادارییەکم بینی لە بڵاوکراوەیەکدا، نووسرابوو؛ دەچین بۆ پاریس لەپێناو فێربوونی زماندا بۆ ماوەی دوو مانگ. بڕیارمدا ئەوە بکەم، تەنها لەپێناو ئەوەی لەو سوێنە هەڵبێم کە لێیم. هۆی ئەوەی کە حەزم دەکرد لە سینەمادا کاربکەم، ئەوەبوو کە من هەر لە تەمەنێکی منداڵییەوە ئارەزووم لە سینەمابوو. هەمیشە وا ڕاهاتبووم سەرم بە هەموو شوێنێکدا دەکرد بۆ بینینی فیلمێک، هەروەها بینینی کورتە فیلم و زۆر لە فیلمەکانی ١٩٥٠م دەبینی. وا هەستدەکەم تاکە وڵات کە خاوەنی سینەمای ڕاستەقینەبێت، فەڕەنسایە. من بەختم هەبوو کاتێک لە خوێندنگەی جێسووت، شوێنی نمایشکردنی فیلم هەبوو. ئەو شوێنەبوو کە تیایدا بۆ یەکەم سات کارێکی کارل دڕایەرم بینی و بە کارەکانی ئاشنابووم. ئەوە یەکەمین فیلمی بێدەنگ بوو کە من پێی ئاشنابووم. بەڕێوەبەری ئەو شوێنە منی دەستنیشانکرد کە وەکو دەرهێنەرێک کاربکەم. پاش ئەو دوو مانگە من هەر لە فەڕەنسا مامەوە، تا ماوەی ١٠ ساڵی تر. پێویست بوو لەسەرم کە بەردەوامبم لەسەر خوێندنەوە، بۆئەوەی بتوانم لەو شوێنەدا بمێنمەوە دەبوو زیاتر بخوێنمەوە تا لەگەڵ هاوڕێکانمدا هەنگاوبنێم. من بەختەوەربووم، چونکە دەمتوانی لەگەڵ دەرهێنەرە مەزنەکاندا کاربکەم. پێویستە ئەوەش بڵێم کە من هەموو شتێکم دەکرد بۆ ئەوەی بتوانم کارێکی سەرنجڕاکێش ئەنجام بدەم. یان بە مانایەکی تر؛ من هەوڵمدەدا هەلێکیان بۆ بڕەخسێنم.

ئایا تەنها لە کارێکدا لەگەڵ لویس مالێ کارت کردووە؟
نا، نەخێر بۆ ماوەی پێنج ساڵ کارم لەگەڵ کرد. چووین بۆ جەزائیر و ڕاپۆرتی جەنگمان ئامادە دەکرد. لە ١٩٦٢دا بەر لە شەڕەکەی ڤێتنام چووینە ئەوێ. پاشان چووینە تایلەند و بۆ ماوەی ئەو چەند ساڵە من کارم لەگەڵ کرد. من ببوومە یاریدەدەری سەرەکی ئەو. ئێمە وەکو برا وابووین تاکۆتایی ژیانی. نزیکترین هاوڕێ بووین، ئیتر خۆت چۆن بیری لێدەکەیتەوە. من یەکەم خێزانیم بۆ دۆزییەوە. ئەکتەرێکی ئەڵمانی بوو. هەریەکەمان بەرهەمهێنەری کاری ئەوی ترمان بووین. ئەو یەکەمین و مەزنترین سینەماکاربوو کە لە ژیانی سینەماییمدا ناسیم. بەڕاستی هاوڕێیەکی زۆر خۆشەویستم بوو. هەروەها لەگەڵ مێلڤیلی کە لە چەند فیلمێکدا کارم لەگەڵ کرد.


سەرچاوە: Film International


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw