ڤۆڵکەر شلۆندۆرف دەرهێنەری تێکستە ئەدەبییەکان

31/12/2015    13:02

ڤۆڵکەر شلۆندۆرف دەرهێنەری تێکستە ئەدەبییەکان 


Cînema

سازدانی: گۆڤاری فیلمی نێودەوڵەتی
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال


بەشی دووەم


پرسیارێک هەیە دەربارەی دوو دەنگی جیاواز لە سینەمای ئەڵمانیدا لەساڵانی ١٩٧٠دا و خەڵکیش خۆشیان دەوێن و گرنگییەکی تایبەتیان پێدەدەن ئەوانیش؛ شلۆندۆرف و واندەرزن. ئەو کەسانەی کە باکگراوندێکی سینەماییان هەیە و ئەوانەشی نیانە...
واندەرز ١٠ ساڵ پاش من هاتە ناو دنیای سینەماوە. ئەو بۆ چینی دوای من دەگەڕێتەوە. منیش لەسەردەمی وارنەر هێرزۆگ و ئەلێکساندەر کێلوگ کارم کردووە. من پێویست بوو لە ئەڵمانیا بڕۆشتمایە و بچوومایەتە پاریس، دەبووایە چەند تاقیکردنەوەیەکی پڕاکتیکیم ئەنجام بدایە. کاتێک من بڕیارمدا ببمە سینەماکار کێشەکەم ئەوە نەبوو کە بێم ئامۆژگاری خەڵکی بکەم لە دنیادا، من شێوەیەکی تایبەتیم هەبوو لە کارکردندا. تاکە خاڵی گرنگ بۆ من ئەوەبوو، کە کار لە سینەمادا بکەم. هێرزۆگ و کێلوگ لە ئەڵمانیا کاریان دەکرد، لە ١٩٦٠-١٩٦١ دەستیانکرد بە کاری کورتە فیلم. ئەوە ئەو کاتە بوو کە دامەزراوەی ئەوبەرهاوس دامەزرا.

ئایا لە پەیوەندیدا بوویت لە گەڵیاندا، یان هیچ پەیوەندییەکت هەبوو لەگەڵ ئەو دامەزراوەیەدا؟
نەخێر، هیچ زانیارییەکم نەبوو دەربارەیان، تەنها لە ڕۆژنامەکانەوە شتم دەربارەیان دەخوێندەوە. دەربارەی ئەوان هیچم نەدەزانی تا ئەو کاتەی یەکەم فیلمی خۆم لە ساڵی ١٩٦٥دا کاری دەرهێنانم بۆ ئەنجامدا. من بە تەواوی ببوومە پیاوێکی فەڕەنسیی. دبلۆمم لە فەڕەنسا بەدەستهێنا و خوێندنی زانکۆشم هەر لە فەڕەنسا تەواوکرد. پلەیەکی بەرزم لە بازرگانیدا بەدەستهێنا، کاتێک چوومە فەڕەنسا شانزە ساڵ بووم، بەڵام کە گەڕامەوە ئەڵمانیا، ٢٥ ساڵ بووم.






کەواتە دەتوانیت بڵێیت من دەرهێنەرێکی فەڕەنسیم؟
نەخێر، لەبەرئەوەی فەڕەنسییەکان خۆیان بەوە ڕازی نابن! کاتێک چوومە فەڕەنسا بۆ ئەوەی فیلمێک بەرهەم بهێنم کە دەقەکەیم لە ڕۆمانێکی مارسێل پڕۆستەوە وەرگرتبوو، پێیاندەوتم؛ ئەو ئەڵمانییە چی دەکات لێرە؟! بۆیە ئەوان منیان ڕەوانەی ئەڵمانیا کردەوە، چونکە نەیاندەزانی من لە فەڕەنسا خوێندوومە. 

سەرنجڕاکێشترین خاڵ لە فیلمەکانتدا ئەوەیە، کە زۆرینەیان لە دەقی ئەدەبیی نووسەرە مەزنەکانەوە وەرگیراون؛ وەکو گۆنتەر گراس مارسێل پڕۆست.
ئەوە بۆ ماوەی چل ساڵ دەبێت من کاری فیلم دەکەم. هەرگیز بیرم لەوە نەکردووەتەوە کە بۆ چێژ لە دەقی ئەدەبی وەردەگرم، بەڵام دەتوانم بڵێم کە بەڕاستی من چێژ لە خوێندنەوە وەردەگرم، من جیهانێکی سەرنجڕاکێش و تایبەتیم لە کتێبەکاندا دۆزییەوە، بۆیە هەوڵمداوە کار لەسەر کتێب بکەم. هەوڵمداوە وێنەی ئەو کتێبانە دروست بکەم کە تێگەیشتنیان قورس بووە. جیهانی ڕاستەقینە زۆر بێزارکەرە و هەرگیز ناتوانم ڕووبەڕووی ببمەوە.

شتێکی ئاساییە ئەگەر بێت و تۆ لە دەقێکی ئەڵمانییەوە سیناریۆی فیلمەکانت وەربگریت، بەڵام ئەگەر بێت و لە ئەدەبیاتی وڵاتانی ترەوە وەکو ئەمریکا وەریبگریت، ئەوا بە بڕوای من ئاسایی نییە...
لە بیست ساڵی کارکردنی خۆمدا تەنها لە کتێبە ئەڵمانیەکانەوە سیناریۆکانم دروستدەکرد. ئەوەش لەبەرئەوەبوو بزانم چۆنە ئەگەر وەکو ئەڵمانییەک بم. کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر لە فەڕەنسا مامەوە، زۆر لەگەڵ فەڕەنسییەکاندا مامەڵەم کرد و لە ئەڵمانیا و لە هەڵسوکەوتی کەسانی وڵاتەکەی خۆم زۆر دوورکەوتمەوە. هاوڕێ فەڕەنسییەکانم وەکو لویس مالی منی وەکو ئەڵمانییەک نەدەبینی. هەوڵمدەدا تەواو وەکو فەڕەنسییەک مامەڵە بکەم، بەڵام هەموو کاتێک نەمدەتوانی! پاش ئەوەی بڕیاری یەکەمین کاری سینەمایی خۆمدا، وام لێکدایەوە کە دەتوانم لە هەر شوێنێک بێت ئەو کارە بکەم. من بەتەواوی لە نووسینی سیناریۆی "Young Torless" ببوومەوە، ئەو کاتانەبوو کە لە فەڕەنسا دەمخوێند، هەدێک شتم لەبارەی نازییەکانەوە دەبیست کە بەڕاستی کاریگەریی هەبوو بۆ من. چۆن شتێکی لەو شێوەیە لە ئەڵمانیادا ڕوودەدات؟ کە ئەوە هەلێک بوو تا بزانیت چۆنە ئەڵمانیی بیت و چۆنە لەژێر ڕکێفی نازییەکاندا بیت. بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەردەوام بووم لەسەر وەرگرتنی سیناریۆ لە ئەدەبیاتی ئەڵمانییەوە. لە دواییدا بۆم دەرکەوت کە من ئەرکێکی قورسترم لەسەر شانە کە دەبێت جێبەجێی بکەم. چەند ساڵی دوای ئەوە "Tin Drum" م تەواوکرد. پاشان "Circle of Deceit" م تەواوکرد، کە ئەویش هەر بابەتێکی ئەدەبیی بوو، باسی لە لوبنان دەکرد پێش ئەوەی ئیسڕائیل هێرشی بکاتە سەر و داگیری بکات. هەرگیز پلانم بۆ ئەوە دانەنابوو کە کار لە سینەمای فەڕەنسییدا بکەم، بەڵام لەناکاو فیلمی "Swan In love"م بەرهەمهێنا، سوپاس بۆ هاوڕێ و بەرهەمهێنی فەڕەنسیی جان کلاودێ کاریەر. ئەو سیناریۆکەی بۆ پیتەر بروک نووسیبوو کە نەیتوانی کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجامبدات، منیش فشارێکی زۆرم لەسەر خۆم دروستکرد بە خوێندنەوەوە، جگە لەو کارە نەمتوانی هیچ فیلمێکی تر لە سینەمای فەڕەنسیدا بەرهەمبهێنم، تەواوی ژیانم لە سینەمای ئەمریکیدا بەسەربرد. لە منداڵیمەوە تەنانەت پێش ئەوەش کە سەفەر بکەم بۆ فەڕەنسا خەونم بەوەوە دەبینی سەفەری ئەوێ بکەم. لە کۆتاییدا هەلێکم هاتە بەردەم بۆ ئەوەی سەردانی بکەم. هەر بەو شێوەیەش بوو کە فیلمی ئەمریکیم بەرهەمهێنا.


پلانت داناوە کە هەر لەسەر ئەو دەقە ئەدەبیانە سیناریۆی فیلمەکانت دابڕێژیت؟
باشە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەلای ڕووداوە ڕاستەقینەکاندا وەرچەرخاوم، بەڵام هیچ شتێکی دڵنیایی نییە تا ئێستا. لەوانەیە ئێستا بە دەقی ئەدەبی تێربووبم. بەدڵنیاییشەوە ئێستاش هەر بەردەوامم لە کتێب خوێندنەوە، ئەوانەی کە ئاسان نین خوێندنەوەیان، بۆ نموونە کتێبەکانی تۆڵستۆی.

پڕۆفایل:
ڤۆڵکەر شلۆندۆرف تەمەنی تەنها ٧٠ ساڵە و لە سەرەتای کاری سینەماییەوە بە یاریدەدەری دەرهێنەر لەگەڵ دەرهێنەرە مەزنەکان کاری کردووە، بەهۆی توانا و لێهاتوویی خۆیەوە ڕۆژ بە ڕۆژ پلەی لە سەرکەوتندا بووە. ئەو یەکێکە لە دامەزرێنەرانی سینەمای نوێی ئەڵمانیی، زۆربەی کارە سینەماییەکانی لە دەقە ئەدەبیەکانەوە وەرگرتووە و هەمیشە حەز بە خوێندنەوە دەکات. یەکێک لە ناسراوترین فیلمەکانی بریتییە لە تەپڵی تەنەکە، کە لەلایەن گەنتەر گراسی نووسەری ئەڵمانییەوە نووسراوە و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە.



هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw