سولی ئۆن وێب
فیلمی کوردی "حەوت بەرد" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد خاتوو "فاتمە دەستمەرد" لە ٣١مین خولی فێستیڤاڵی "ئینتێرفیلم"ی بەرلین نمایشکرا.
کورتە فیلمی چیرۆکی "حەوت بەرد" لە دەرھێنانی خانمە سینەماکاری کورد "فاتمە دەستمەرد" و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری کورد "مەنسوور چەمەنی" و بە ئامادەبوونی ئەم دوو فیلمسازە مەریوانییە لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا و لە دوو سانسی جیاوازدا لە تەنیشت ١٣ فیلمی دیکە لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە بەشی پێشبڕکێی سی و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "ئینتێرفیلم"ی بەرلین Interfilm Berlin لە وڵاتی ئەڵمانیا چووە سەر پەردەی سینەماکان.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "ئینتێرفیلم"ی بەرلین، ساڵی ١٩٨٢ لە شاری بەرلین دەستیپێکرد و ھەموو ساڵێک لە لایەن ناوەندیی "ئینتێرفیلم"ی بەرلین بەڕێوەدەچێت.
ئەم فێستیڤاڵە بە ساڵانێک ئەزموونەوە، توانیوییەتی جیلێکی بەربڵاو لە ھۆگرانی سینەما لە بەشەکانی نێودەوڵەتی فەرھەنگی و کورتە فیلمەکان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و ئەم ڕێژەیە ساڵ لە دوای ساڵ پەرە دەستێنێت. ئەوە لە حاڵێکدایە کە "ئینتێرفیلم" ئیزنیداوە تاکوو پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ چەندین ناوەندیی گرینگ گرێبدات و بە بەڕێوەبردنیی ڕووداوە ڕێکووپێکەکان، بە سەرکەوتووییەوە کورتە فیلم بخاتە بەردیدی ژمارەیەکی زۆر و بەربڵاو لە ھۆگرانی ھونەری سینەما.
بەرپرسانی ئەم فێستیڤاڵە، بە خستنەڕووی بەرنامەی جۆراوجۆر، ھەوڵیانداوە کورتە فیلمە چیرۆکی، ئەنیمەیشنی و دیکۆمێنتارییەکان لە دەرھێنانی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان بخەنە بەردیدی بینەرانی تینوو کە بایەخی کورتە فیلم دەزانن و ڕێزی لێدەگرن.
ئامانج لە بەڕێوەبەردنی فیستیڤاڵی "ئینتێرفیلم"، دۆزینەوەی فیلمسازانی شارەزا و داھێنەر و کۆکردنەوەی بەرھەمەکانی ئەوانە. ئەم بەرھەمانە لە چوارچێوەی نێودەوڵەتی و فەرھەنگی پێشکەش دەکرێن تاکوو ئاڵووگۆڕی ئایدیا وێنەییەکان بە باشترین شێوەی خۆی ئاراستە بکرێت.
ئەم فیستیڤاڵە خۆی وەکوو یەکێک لە گرینگترین فیستیڤاڵەکانی کورتە فیلم لە کیشوەری ئاسیا سەلماندووە و دووەمین فیستیڤاڵی کۆنی کورتە فیلمە دوای فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "ئۆبێرھاوزێن" لە وڵاتی ئەڵمانیا و دووەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مێژوویی و گرینگی بەرلین دوای فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕڵینالە" دێتەئەژمار.
"حەوت بەرد" کە لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی "ستاک فیلم" بە بەرپرسیاریی
"سەتار چەمەنی گوڵ" و خاتوو "ڤیدا ساڵحی" لە ئاستی دنیادا بە شێوەی نێودەوڵەتی بڵاودەکرێتەوە، تا ئێستا لە چەندین فیستیڤاڵ نمایشکراوە، لەوانە: بیست و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئاڵتێڕناتیڤ" لە ڕۆمانیا لە ساڵی ٢٠١٤، پازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەیرووت" لە لوبنان لە ساڵی ٢٠١٥، پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی "فیلمە ئێرانییەکان"ی لەندەن لە بەریتانیا، سی و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "تاران" لە ئێران لە ساڵی ٢٠١٤، بیست و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمەکانی "منداڵان و مێرمنداڵان" لە ئیسفەھان، شازدەیەمین جەژنی ماڵی سینەمای ئێران، سێزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "خۆڕاگریی" لە ئێران، نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی کورتە فیلمی "ڕووویش" لە ئێران، ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "واڕێش" لە ئێران و ھەروەھا چەندین فیستیڤاڵی دیکە.
خانمە سینەماکاری مەریوانیی "فاتمە دەستمەرد" پێش لە سازکردنی "حەوت بەرد" دەرھێنانی بۆ دوو کورتە فیلمی چیرۆکی دیکە بە ناوەکانی "بێدەنگی تاڵاوەکان" و "شوێن پێی ژیان"ی لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری مەریوانیی "مەنسوور چەمەنی" ئەنجامداوە و بەم فیلمانەوە لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا بەشداریی کردووە و چەندین خەڵاتی گرینگیشی بەدەستێھناوە.
ستافی ئامادەکردنیی کورتە فیلمی "حەوت بەرد" بریتین لە:
دەرھێنەر: فاتمە دەستمەرد، وێنەگر: حەمید مێھرئەفرووز، دەنگھەڵگر: ئیرەج نەورۆزی، مەنتاژ: عیماد خودابەخش، دەنگدانەر: حوسێن قوورچیان، بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنیی گشتیی: مەنسوور جیھانی و بەرھەمھێنەر: مەنسوور چەمەنی (دەرچووی سینەما لە زانکۆی سوورەی تاران).
لە پوختەی سیناریۆی "حەوت بەرد"دا ھاتووە: حەوت منداڵ لە یەکێک لە گوندەکانی کوردستان سەرقاڵی یاریی حەوت بەردینەن کە لە ناکاودا تۆپەکە لە زەویی یارییەکە دەچێتە دەرێی و یەکێک لە کوڕەکان بەشوێن تۆپەکەدا دەڕوات و لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ زەویی یاریی تووشی شۆک دەبێت و ...
کورتە فیلمی "حەوت بەرد" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا، لە نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن و پێنجەمین خولی پێشبڕکێی کورتە فیلمی بیرئانینی "یەڵماز گۆنەی" لە سینەما "ھەکەنی پیکچێرزھاوس" لە شاری لەندەن پایتەختی وڵاتی بەریتانیا نمایشکرا.