سولی ئۆن وێب
کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" لە نووسین و دەرھێنانی "شوان عەتووف" لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دوبەی لە ئیماڕات چووە سەر پەردەی سینەماکان.
کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" My Fathers Garden لە نووسین و دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" بە تیشک خستنەسەر شیعرێکی "مەولانا جەلالەدین ڕۆمی" لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە تەنیشت ١٤ فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمەکانی "گۆڵفی مۆھر" Muhr Gulf Short لە میانەی دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دوبەی لە وڵاتی ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی نمایشکرا.
ئەم فێستیڤاڵە بە نمایشی زیاتر لە ١٢٠ فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراجۆر , لە چەندین بەشی جیاواز، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی "مۆھر"، بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمی "مۆھر"، بەشی پێشبڕکێی "مۆھری ئیماڕات"، بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمەکانی "گۆڵفی مۆھر"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "شەوانی عەڕەبی"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "سینەما بۆ منداڵان" و بەشی وتووێژ لەگەڵ ئەکتەری ئەمەریکی "جەک جێلنھال" لە شاری دوبەی لە وڵاتی ئیماڕات بەڕێوەچوو.
"باخەکەی باوکم" دوای کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل" دووھەمین ئەزموونی دەرھێنەر "شوان عەتووف" دێتەئەژمار کە بەشدارییەکی سەرکەوتووانەی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا ھەبوو و توانی ١٣ خەڵاتی جیھانی بەدەستبهێنێت.
ئەم کورتە فیلمە ١٣ خولەکییە بە سپۆنسەریی سەرەکیی ھۆتێل "ڕامادا" لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان سازکراوە و لە ڕێگای کۆمپانیای "ئای لۆڤ فیلم" لە ئاستی جیھاندا بڵاودەکرێتەوە.

ستافی ئامادەکردنیی کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" بریتین لە:
نووسین و دەرھێنان: شوان عەتووف، نواندن: شانۆ عومەر، کامەران مەنسوور، بەھائەدین عزەبانی و شاڵاو جەمال، فۆتۆ گرافەر: ھەرێم جەمال، بەڕێوەبەریی بەرھەم: ئازاد پێنجوێنی، ڕووناکی: دانا جەمال، دەنگ: کاسیان عەلی، بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنی گشتیی: مەنسوور جیھانی، بەڕێوەبەریی وێنەگرتن: ھەردی سەلامی، مونتاژ و پاش بەرھەمھێنان (ئای لۆڤ فیلم): دانەر عومەر، یاریدەدەریی دەرھێنەر: ئەژین کاوە و بڕیار بەختیار، بەرھەمھێنەر: شوان عەتووف و نزار سەلامی، کۆمپانیای جێی بەجێی کار: گرافیکا بلو، کۆمپانیای دابەشکردن: ئای لۆڤ فیلم و سپۆنسەریی سەرەکیی: ھۆتێل ڕامادا.
