فۆرێست گەمپ، کەسایەتیەک کە پێشتر نەماندیووە

04/01/2016    18:57

فۆرێست گەمپ، کەسایەتیەک کە پێشتر نەماندیووە 


Cînema

پشتیوان کەمال

یەکێک لەو فیلمە گرنگانەی لە مێژووی سینەمادا بوونی هەیە بریتییە لە فیلمی "Forest Gump" کە تیایدا "تۆم هانکس" ڕۆڵی سەرەکی تێدادەگێڕێت.فۆڕێست گەمپ کە ناوی فیلمەکە و هەروەها کەسایەتی سەرەکی فیلمەکەشە، یەکێکە لەو کارەکتەرانەی هەرگیز لە مێژووی سینەمادا ناتوانرێت لەیادبکرێت. ئاسان نییە بتوانین ژانری ئەم فیلمە دیاریبکەین بەجۆرێک کە ئەم فیلمە لەنێوان ژانری کۆمیدی و تراژیدیدا بەردەوام ئاڵوگۆڕدەکات.

سیناریۆی فیلمی فۆڕێست گەمپ لەلایەن ئێریک ڕۆسەوە نووسراوە کە ئەویش سیناریۆکەی لە ڕۆمانێکی وینستۆن گرومەوە وەرگرتووە. بەهۆی فۆرمولەی سیناریۆی فیلمەکەوە، ئێمە ناتوانین وەک فیلمێکی مۆدێرن پێناسەی ئەم فیلمە بکەین. چیرۆکی فیلمەکە باس لە پاڵەوانێک دەکات کە تۆم هانکس ڕۆڵی فۆڕێست گەمپی پاڵەوان دەبینێت، ئەو کە لە ڕووی توانای عەقڵییەوە نائاساییە و ڕووداوەکانیش لەنێوان ساڵەکانی ١٩٥٠ بۆ ١٩٨٠ ڕوودەدەن کاتێک فۆڕێست گەمپ دەتوانێت لە چەندەها بواری جیاوازدا ژمارەی پێوانەیی لە مێژووی ئەمریکادا تۆماربکات.







فۆڕێست لە ماڵێکی قەراغ شاری ئەلاباما لەدایک دەبێت. هەر لە منداڵییەوە لەلایەن دکتۆرەوە پێی دەوترێ کە بەهۆی ناتوانایی قاچەکانییەوە دەبێت شیش لە قاچەکانی ببەسترێت تاوەکو نەکەوێت بە زەویدا. فۆڕێست گەمپ بە تێکەڵاوبوونی لەگەڵ هاوڕێیانی قوتابخانەیدا بە گەمژە ناودەردەکات، بەهۆی ئەوەی کەسێکی هەژارە و تێکەڵاوی کەس نابێت بەڵام ڕۆژێک لەکاتی ئەوەی منداڵانی هاوڕێی پێی ڕادەبوێرن  و دەیانەوێت لێی بدەن ئەویش ڕادەکات بۆ ئەوەی خۆی ڕزگاربکات، ئیتر لەو کاتەدا شیشەکانی قاچی دەشکێن و ئەو هەر ڕادەکات و بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدات کە دەشت و دەر و ڕێگاکان بەپێ ببڕێت. لەبەرئەوەیە کە لە تیپی تۆپی پێی کۆلێژەکەیاندا بەشداری دەکات و دەبێتە پاڵەوان. پاشان گەمپ بۆ خزمەتی سەربازی لە جەنگی ڤێتنامدا بەشداری دەکات و بەهۆی ئەو ئازایەتیانەی لەو جەنگەدا ئەنجامیان دەدات میدالیای ئازایەتی لەلایەن سەرۆکەوە پێ دەبەخشرێت. پاشان گەمپ دەبێتە باشترین یاریزانی سەرمێز و دەبێتە کاپتنی کەشتی و بەشداری دەکات لە کۆمپانیایەکی نوێی کۆمپیوتەردا بەناوی ئەپڵ. هەروەها گەمپ ئەو پیاوەیە کە بە هەموو ئەمریکادا بەپێ ڕێگا دەبڕێت و پاشان جارێکی تر دەگەڕێتەوە. هەموو ئەم تایبەتمەندییانە لە کەسایەتیەکدا هەیە بە ناوی فۆڕێست گەمپ و تۆم هانکس زۆر بەباشی توانیوویەتی ئەم ڕۆڵە بەرجەستەبکات.

لەبەرئەوەی توانای عەقڵیی گەمپ ئاسایی نییە ناتوانێت بە ئاسانی لە ڕووداوەکانی دەوروبەری تێبگات، بەڵام لە هەموو ئەو ڕووداوانە تێدەگات کە دەیەوێت تێبگات، یاخوود دەیەوێت بیزانێت. خۆشەویستی یەکێکە لەو شتانەی کە زۆر دەیەوێت دەربارەی بزانێت، هەموو ئەو شتانەش کە پەیوەندییان بە خۆشەویستییەوە هەیە. جێنی ئەو کچەیە گەمپ خۆشی دەوێت و یەکەمین کچیشە لە ژیانیدا گوێی لە دەنگی دەبێت، هەرگیزیش ناتوانێت دەستبەرداری خۆسەویستییەکەی ببێت لەگەڵ ئەوەی جێنی پێێ دەڵێت: "فۆڕێست تۆ نازانیت خۆشەویستی چییە."









سێ وتە هەن لە چەند شوێنێکی فیلمەکەدا دووبارەدەبنەوە، هەمیشە لە خەیاڵاتی فۆڕێستیشدا ئەم قسانە دەمێننەوە. دایکی هەمیشە بەوە ئامۆژگاری دەکات کە ژیان وەک قوتویەک شیرینی وایە کە هەرگیز نازانیت چیت لەم ژیانەدا دەست دەکەوێت. قسەی دووەم جێنی فێری گەمپی دەکات بەوەی چەند جارێک لە چەند شوێنی جیاوازدا پێی دەڵێت: ڕاکە فۆرێست ڕاکە. زۆربەی سەرکەوتنەکانی گەمپ بەهۆی ئەم وتەیەوەیە بەجۆرێک ئەم وتەیە کاریگەری دەبێت بەوەی گەمپ لە چەند شوێنی جیاواز ڕابکات و بەردەوامبێت لە ژیانکردن. قسەی سێیەمی ناو فیلمەکە بریتییە لەو قسەیەی کە دایکی بە گەمپی دەڵێت پاش ئەوەی گەمپ لەلایەن زۆرینەوە بە گەمژە ناودەردەکات ئەویش بە گەمپ دەڵێت: "گەمژەیی ئەوەیە کە گەمژەکان دەیکەن." مەبەستی دایکی لەوەیە تۆ خۆت بە گەمژە مەزانە گەر هەموو دنیاش پێت بڵێن گەمژە، تۆ گەمژە نابیت.

دەرهێنەری فیلمەکە ڕۆبێرت زێمێچس تاقیکردنەوەیەکی زۆر سحراوی ئەنجامداوە بە بەکارهێنانی ئیفێکتە تایبەتیەکان و توانیوویەتی سوودێکی باش لە تەکنەلۆژیا وەربگرێت. بۆ ئەم فیلمە دەرهێنەر توانی خەڵاتی باشترین دەرهێنەر لە ئۆسکاردا بەدەستبهێنێت. دەرهێنەر دەربارەی فیلمەکە دەڵێت کە مەبەستی فیلمەکە دەربارەی ئەو شتەیە کە زۆرێک لە ئەمریکییەکان دەخوازن گوێبیستی وشەی گەمژەیی ببن. 

تەنها هەڵەیەک کە لە فیلمەکەدا هەیە و تا ئێستا چەندینجار قسەی دەربارە کراوە بریتییە لە دیمەنی ئەو کاتەی کە گەمپ یاری تێنسی سەرمێز دەکات و لێدانەکان زۆر بەخێرایی ئەنجام دەدات، بە لێووردبوونەوە تێدەگەین و دەزانین کە ئەمە کاری کۆمپیوتەرە و شێوەی ژیانی ڕاستەقینەی پێوەدیارنییە.







ناوی فیلم: فۆڕێست گەمپ
دەرهێنان: ڕۆبێرت زێمێچس
سیناریۆ: ئێریک ڕۆس
ڕۆمان : وینستۆن گرووم
ساڵی بڵاوبوونەوە: ١٩٩٤
ئەکتەر: تۆم هانکس، ڕۆبن ڕایت، گاری سینس
کات: ١٤٢ خولەک
وڵات: ئەمریکا
زمان: ئینگلیزی
خەڵاتەکان: ٦ خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێناوە و لەگە: ٣٢ خەڵاتی  تر، هەروەها پاڵێوراوە بۆ ٣٨ خەڵاتی تر.


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw