نووسینی: هه‌ڵگورد ئه‌حمه‌د
بیرۆكه‌ی جێگیركردنی نووسین به‌سه‌ر ڕووخساری سروشته‌وه له‌گه‌لێ جێی جیهاندا به‌رچاو ده‌كه‌وێت، له‌دیارترین و مشتومڕاویترینیان تێكستی هۆڵیووده له لۆس ئه‌نجلیسی كالیفۆرنیا. وه‌ك له ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه‌وه ئاماژه‌ی پێده‌درێت، تێكستی سلێمانی له پێوانه‌دا گه‌وره‌ترین تێكسته به‌به‌راورد به هه‌موو تێكسته هاوشێوه‌كانی تری جیهان. كامه‌ران صالح به‌ڕێوبه‌ری پرۆژه‌كه، له كه‌ناڵی ئاسمانی ڕوداوه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه دا له‌هه‌وڵدان بۆ تۆماركردنی ئه‌م تێكسته له كتێبی گینسدا، ئه‌ویش له‌به‌ر شكاندنی تۆماری نوێ له پێوانه‌دا. وا ده‌زانم شیمانه‌ی تێكستی سلێمانی زیاتر هه‌ڵده‌گرێت له كورتكرنه‌وه‌ی له ڕیكۆرد پێشكاندن له‌به‌ر زه‌به‌لاحیه‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر بهاتایه‌و له‌ڕێی ئه‌لف و بێی كوردییه‌وه بخرایه‌ته‌ڕوو. ئه‌وه‌ی لێره‌دا تیشكی ده‌خه‌مه سه‌ر گرنگی ڕواڵه‌تی پیته‌كانی ڕێنووسی كوردی و تێكستی نه‌ته‌وه‌كانی تره له‌وروژاندنی كۆمه‌ڵێك پرس كه هه‌رگیز په‌یوه‌ندیان به دیوی زمانه‌وانی تێكسته‌كانه‌وه نییه.
دانانی تێكستی 'سلێمانی' له‌سه‌ر شاخی گۆیژه‌و له‌سه‌ر ئه‌م شێوه‌یه‌ی ئێستای له‌و شوێنه‌و به ئه‌لف و بێی ئینگلیزی، به‌جێ بێت یان نا، ئیدی بۆ بڕیاردان له‌سه‌ری دره‌نگه، وه‌ك ده‌بینین تێكسته‌كه له‌ناكاو هاته به‌ر دیده‌مان. ماوه‌ته‌وه له‌ئێستادا بزانین سروشتی ئه‌م تێكسته چی هه‌ڵده‌گرێت. هه‌رله سه‌ره‌تاوه نه‌گونجانی تێكست له‌گه‌ڵ سروشتدا له‌مێژه یه‌كلایی كراوه‌ته‌وه و پرسیاری له‌سه‌ره، ئه‌ویش له‌لایه‌ك له‌به‌ر سروشته ئه‌ندازه‌ییه‌كه‌ی تێكست كه ڕێگره له كارلێكردن و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ دیمه‌نه ئۆرگانیه‌كانی سروشت. وه له‌لایه‌كی تره‌وه، له‌بنه‌ڕه‌تد دانانی تێكست له‌ناو سروشتدا ده‌بێته هۆی شێواندن و ئاڵۆسكانی ئه‌زموونی دیده‌یی و ئه‌زموونی هزری، چونكه ناكرێت هاوكات پێكه‌و ئه‌زموون بكرێن. زانست ڕه‌گی ئه‌م پێكدادانه ئه‌زموونییه ده‌به‌ستنه‌وه به ستراكچه‌رو پێكهاته‌ی مێشكه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك به‌شی لای-چه‌پی مێشك به‌رپرسه له هه‌ڵسوڕاندنی كایه عه‌قڵانی و لۆژیكی و ژیر-سه‌نته‌رییه‌كان، وه لای-ڕاستیش كایه وێنه-سه‌نته‌ری و نالۆژیك و شاره‌زایی و به‌هره زگماكیه‌كان، كه‌واته 'خۆیندنه‌وه' و 'بینین' له‌ڕێی دوو به‌ش یان فاكڵتی جیاوازی مێشكه‌وه تاوتوێ ده‌كرێن. یه‌كه‌میان له‌ڕێی به‌شی چه‌پ و دووه‌میان له‌ڕێی به‌شی ڕاستی مێشك. هه‌ر بۆیه بینه‌ر له‌كاتی ئه‌زموونكردنیان ده‌بێت هه‌رده‌م سه‌رقاڵی وه‌چه‌رخان بێت له ئه‌زموونی دیده‌ییه‌وه بۆ ئه‌زموونی هزری وه به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه. له‌م باره‌شدا بینه‌ر كاتێك له یه‌كێكیان ڕاده‌مێنێت، مانای وایه له‌وی تریان مه‌حروم بووه. ئه‌وه‌ی له‌كاتی تێڕامان له تێكستی هۆلیود یان هه‌ر تێكستێكی تری ناو سروشت ئه‌زموونی ده‌كه‌ین ئاڵۆسكانی ئه‌و دوو ئه‌زموونه‌یه. هه‌رچه‌نده ئێستا تێكستی هۆڵیوود بوه‌ته هێمایه بۆ ئه‌و شاره‌و سینه‌ما، به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌و نیازه دانه‌نراوه، به‌ڵكو بۆ بانگه‌شه‌ی بازرگانی ناوچه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون بووه له‌ساڵی ١٩٢٣. ئیدی به‌تێبه‌ڕبوونی كات و گۆڕانكاری هێنان به‌سه‌ر تێكسته‌كه‌دا، بووه‌ته هێماو جێی خۆی گرتووه، كه‌واته له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه به مه‌به‌ستی ئێستایی بنیادنه‌نراوه تا لاسایی بكرێته‌وه یا بكه‌وینه كێبڕكی له‌گه‌ڵی. ڕه‌نگه خۆنه‌ویستانه داهاتووی ئه‌م تێكسته‌ی سلێمانیش بوونه هێمابێت بۆ شاری سلێمانی، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه شیمانه‌ی كامه تێكست گونجاوترین یان نزیكترین ئه‌گه‌ری دروسته بۆ بوون به هێمای شارێكی وه‌ك سلێمانی؟ ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانیه‌كی وامان له‌و تێكسته هه‌بێت، ده‌بوو ڕه‌چاوی چی تێدا بكرایه؟ ئه‌وه‌ی من به گرنگی ده‌زانم به كوردی نووسینی ناوی شاره‌كه بوو، ئه‌ویش له‌به‌ر ڕه‌چاوكردنی چه‌مكی ئیستاتیكا و پرسی سیاسی و فه‌رهه‌نگی. ڕه‌نگه له‌گه‌ڵ ور‌وژاندنی ئه‌م پرسه‌دا بیرمان بوَ ئه‌وه بچێت كه زمان و ڕێنووسی كوردی له بنه‌مادا هه‌ڵهێنجراوی بیری كه‌لتووری و فه‌رهه‌نگی خوَمان نه‌بن، هه‌روه‌ك خودی ناوی شاره‌كه كه به‌ناوی كه‌سایه‌تی (سوله‌یمان)ه‌وه، كه بێگومان كوردی نییه. كه‌واته بوَ بیانهێڵینه‌وه‌و پارێزگاریان لێبكه‌ین؟ سه‌رده‌مانێك بارودوَخی ڕامیاری و ئایینی و كه‌لتووری، هاوكات هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی میللته‌كان وایكردووه خوَنه‌ویستانه شتگه‌لێك به‌سه‌ر یه‌كتردا بسه‌پێن، وه دواتر به‌ده‌ستوپه‌نجه نه‌رمكردن و گونجاندن و گوَڕانكاری هێنان به‌سه‌ر ئه‌م شتانه‌دا بونه‌ته میرات بوَ یه‌كتر. له‌م تێگه‌یشتنه‌وه، ئه‌م زمان و ڕێنووسه‌ی ئێستا چوَن و له‌چ نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه وه‌رگیراوه پرسێكی دره‌نگ وه‌خته، ئه‌وه‌ی ئێستا گرنگه ئه‌وه‌یه ڕوحیه‌ت و شوناسمان له ناوه‌خنی ئه‌و ڕێنووس و زمانه‌دا هه‌ڵگیراوه. كاتێك شاره‌كه به‌ناوی سوله‌یمانه‌وه ناونراوه، ئه‌وا گه‌وره‌یی و ڕوحیه‌ت و پێگه‌ی ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌مان مه‌به‌سته نه‌ك خودی ناوی سوله‌یمان، هه‌رئه‌مه‌شه وایكردووه سه‌رنجمان به‌لای كوردیبوون یان نه‌بوونی ئه‌م ناوه‌دا نه‌چێت. كه‌واته كام ڕێنووس هه‌ڵگری ڕوحیه‌تی دانیشتوانی ئه‌م شاره‌بێت، دواجار ئه‌و ڕێنووسه شیاوه بوَ وه‌ها كارێك و پێویستبوونی خوَی دووپات ده‌كاته‌وه.
وه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێداوه، دانانی تێكست له‌ناو سروشتدا له‌بنه‌مادا گرفتاوییه له‌هه‌مبه‌ر ئه‌زموونه‌كانماندا، ئه‌مه له‌لایه‌ك. له‌لایه‌كی تره‌وه، ناته‌بایی پێكهاته‌ی ئه‌ندازه‌یی تێكست له‌گه‌ڵ دیمه‌نه ئوَرگانیه‌كانی سروشت، به‌لاَم ئه‌گه‌ر هه‌ر بڕیاره تێكست بترنجێنینه ناو سروشته‌وه، گونجاوی سروشته نیمچه ئۆرگانیه‌كه‌ی تێكستی كوردی له‌بارتره بۆ خۆگۆنجاندن و كارلێكردن له‌گه‌ڵ سروشت به به‌راورد له‌گه‌ڵ تێكستێكی ئه‌ندازه‌یی وه‌ك ئه‌و جۆره تێكسته ئینگلیزییه. هه‌رچه‌نده تێكستی ئینگلیزی هه‌روه‌ك تێكستی كوردی سه‌ر به كه‌لتووری ڤیژوه‌ڵه، به‌ڵام تێكستی كوردی له‌ژێر كاریگه‌ری فه‌رهه‌نگی ئیسلامی بۆ به‌یه‌خه ئیستاتیكیه‌كان كاری له‌سه‌ر كراوه‌و خوێنه‌ری ئه‌م تێكسته ڕاهێنراوه كه بتوانێت مامه‌ڵه‌یه‌كی ئیستاتیكی یان دیده‌یی له‌ودیو ئه‌ركی زمانه‌وانیه‌وه له‌گه‌ڵ تێكسته‌كه‌دا بكات. هاوكات، ڕواڵه‌تی ئه‌لف و بێی كوردی خۆی له‌خۆیدا هه‌ڵگری شوناسی نه‌ته‌وه‌ییمانه، هه‌م له‌ڕووی كه‌لتووریه‌وه، هه‌میش له‌ڕووی سیاسیه‌وه، لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر بڕیاره ئه‌مه ببێته هێما بۆ سلێمانی، ئایا ده‌كرێت تێكستی نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر هه‌ڵگری په‌یامی نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر بێت؟ ڕه‌نگه له‌گه‌لێك باردا وه‌ڵامه‌كه ئه‌رێنی بێت، به‌ڵام پێم وانیه له تێكستێكی وه‌ها ئایكۆنی، هاوكات له ژینگه‌یه‌كی هه‌ستیاری سیاسی وه‌ك ئێستامان وه‌ڵامه‌كه هه‌ر ئه‌رێنی بێت. ئه‌وه‌ی له ئێستادا بۆ ئه‌م دۆخه‌ی كورد گرنگتره نیشاندانی ئه‌لف و بێی كوردییه، نه‌ك كشاندنی پیته‌كان و زه‌به‌لاحكردنیان.
لێره‌دا جگه له ده‌ستخۆشی ماف به‌خۆم ناده‌م له‌به‌های ئه‌م هه‌وڵه كه‌م بكه‌مه‌وه، چونكه باش ده‌زانم هه‌ر ده‌سته‌یه‌ك به‌و پرۆژه‌یه هه‌ستابن قوربانییه‌كی زۆریان داوه، وه هه‌تا خاڵێك دانه‌نرێت ناتوانرێت كار بۆ ئه‌فراندنی خاڵی دواتر بكرێت، چونكه ئه‌وان ئه‌گه‌ر هیچیان نه‌كردبێت خاڵی سه‌ره‌تایان داناوه، ئه‌وه‌ی جێگای په‌رۆشیمانه ئه‌وه‌یه كه‌له‌گه‌ڵ شكاندنی تۆماره پێوانه‌یه‌كان؛ ئه‌لف و بێی كوردیشمان له‌ڕێی ناوی سلێمانیه‌وه وه‌ك شوناسی كوردبوونی خۆمان له‌م كاته هه‌ستیاره‌دا به میلله‌تانی تر بناساندایه، كه ئه‌مه‌یان تۆمارێك ده‌بوو كه هه‌رگیز له‌كتێبی گینسدا نه‌ده‌شكا.
ده‌مه‌وێت زیاتر له‌سه‌ر گرنگی و توانای گۆیای ڕه‌هه‌نده ڕواڵه‌تیه‌كه‌ی یان بینراوه‌كه‌ی تێكسته‌كه بوه‌ستم له ور‌وژاندنی پرسه سیاسی و فه‌رهه‌نگیه‌كاندا، وه سه‌رنج بده‌ین به ئینگلیزی نووسینی سلێمانی (SLEMANI)، تا چه‌ند جێگه‌ی تێڕامانه، له‌م ڕوانگه‌وه ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵ به‌گریمانه‌دانانی ئه‌م وشه‌یه به زمانی عه‌ره‌بی ئه‌م باسه بوروژێنم. وا دانێ ناوی ئه‌م شاره به ئه‌لف و بێی عه‌ره‌بی نوسراوه (السلیمانیه)، پاشان چاوه‌ڕوانی چی لێ ده‌كرێت؟ گومان له‌وه‌دا نییه ڕاسته‌خۆ په‌لكێشمان ده‌كات به‌ره‌و پرسی به‌ته‌عریبكردنی شاره‌كه، باشتر بڵێین، به‌عه‌ره‌بیكردنی شاره‌كه، یان دانه‌وه پاڵ عێراق. ئه‌مه بانگه‌شه‌ی نه‌ژادپه‌رستی یان نه‌ته‌وه‌و خاكپه‌رستی نییه، به‌ڵام چونكه له‌ئێستاو له ڕابردووی ئه‌م ناوچه جوگرافیه‌ی خۆمان، باس باسی زه‌وتكردن و پچڕینی خاكی یه‌كتره، ئیدی ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێین كه خۆنه‌ویستانه تێوه‌گلاوین. ئه‌ی گۆڕینی ناوی شار‌و شارۆچه‌كانی كوردستان به‌شێك نه‌بوو له ئه‌جێنداكه‌ی ڕژێمی به‌عس، یان ئه‌وه‌ی توركه‌كانی عوسمانی ڕه‌چاویان ده‌كرد له گۆڕینی ناوی شار‌و شارۆچكه‌كانی كوردستان له كوردیه‌وه بۆ توركی. كه‌واته هه‌ر له‌م تێگه‌یشتنه‌وه له‌ڕووی ڕواڵه‌تی تێكسته‌كانه‌وه، به‌ئینگلیزی نووسینی ناوی ئه‌م شاره له گوڕه‌كه‌ی كه‌م ده‌كاته‌وه، نایه‌ڵێت وه‌ك پێویست له خستنه‌ڕووی شوناسی شاره‌كه یان ناساندنی ئامانجه‌كه‌ی بپێكێت، هه‌روه‌ك چۆن ڕواڵه‌تی تێكستی عه‌ره‌بی ڕاپێچی ناو پرسی سیاسی و كه‌لتووریمان ده‌كات، ئاوه‌هاش ئه‌لف و بێی ئینگلیزی تلمان ده‌داته ناو هه‌مان پرسه‌وه. ڕه‌نگه تێكستی ئینگلیزی ئه‌وه‌نده‌ی تێكستی عه‌ره‌بی بارگاوی نه‌بێت به پرسی زه‌وتكردن و سڕینه‌وه‌ی شوناسی شار‌و شارۆچكه‌كان، به‌ڵام له‌ڕووی كه‌لتوورییه‌وه هیچ تێكستێك ئه‌وه‌نده‌ی تێكستی ئینگلیزی هه‌یمه‌نه‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌و دزه‌ی نه‌كردووه‌ته ناو فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌كانی تره‌وه، ئیدی دواجار ئه‌میش هه‌ر لێدانی ڕه‌هه‌ندیكی تری قه‌واره‌ی تۆیه وه‌ك میلله‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن كه‌لتوور و زمان، بۆیه ده‌بێت زۆر ئاگایانه بزانین له‌چی جێگایه‌ك ده‌بێت خۆمان له‌و تێكسته بدزینه‌وه‌و له‌كوێدا پێویست ناكات.
سلێمانی ئێستا له‌ئانی وه‌چه‌رخانیایه‌تی له شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانیه‌وه بۆ شاری ڕۆشنبیری و فه‌رهه‌نگی، كاتێك هه‌وڵده‌درێت له ئێستادا پێگه‌و بوونی سلێمانی له‌ڕێگه‌ی كارێكی واوه بناسرێندرێت، ڕه‌واتر نییه له‌ڕێی خودی ئه‌و زمانه كوردیه‌وه بێت كه هه‌ر خۆی شوناس و هه‌ڵگری ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌یه، ئاخر ئێمه‌ی كورد یه‌كێكین له‌و نه‌ته‌وانه‌ی لاف به بوونی زمانه‌كه‌مانه‌وه لێده‌ده‌ین، پێمان وایه هه‌ر خودی ئه‌و زمانه‌یه كه شوناسی سیاسی و كه‌لتووری ئێمه‌ی هه‌ڵگرتووه‌و له كوێربوونه‌وه‌و له‌ناوچوون پاراستویه‌تی. ڕه‌نگه دیسانه‌وه ته‌نیا و ته‌نیا له ڕواڵه‌تی تێكسته‌كه‌وه كۆمه‌ڵێك پرسمان بۆ یه‌كلایی بكاته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی جه‌خت له‌سه‌ر به‌كوردیبوونی ئه‌م شاره بكاته‌وه، له‌ئێستادا بدات به‌گوێی ئه‌و نه‌ته‌وه‌ی كه چاوی بڕیوه‌ته سه‌ری دوپات بكاته‌وه، كه ئه‌مه شارێكی كوردییه‌و هه‌ر له ڕواڵه‌تی تێكسته‌كه‌وه ده‌ریخات كه خاوه‌ن زمان و شوناس و قه‌واره‌ی سیاسی و كه‌لتووری خۆیه‌تی. ئا لێره‌دا پێویسته خۆمان له‌و تێكسته بدزینه‌وه، ڕه‌نگه به‌پاساوی بوون به نێوده‌وڵه‌تیبوونی زمانی ئینگلیزی خۆمان له وه‌ڵامی ئه‌و پرسه بدزینه‌وه و پێمان وابێت له‌ڕێی ئه‌لف و بێی ئه‌م تێكسته ئینگلیزیه‌وه ده‌رفه‌ت ده‌ده‌ین به زۆرێك له میلله‌تان تا له‌ڕێی خوێندنه‌وه‌ی ناوی شاره‌كه‌وه ئاشنابن به شاره‌كه، به‌ڵام وه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا ژینگه‌ی سیاسی ناوچه‌كه واده‌خوازێت خوێنه‌ری ئه‌م تێكسته ناچاربكه‌ین مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕواڵه‌تی تێكسته‌كه‌دا بكات كه نامۆیه بۆی. هه‌ركات ڕواڵه‌تی ئه‌و تێكسته‌ی ناسی ئه‌وا ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ش ده‌ناسێت كه خاوه‌نداری ئه‌و تێكسته ده‌كات. كه‌واته چ گرنگیه‌كی هه‌یه زه‌مینه‌سازی بكه‌یت بۆ توانا پێدانی كه‌سانی ناكوردی زمان تا تێكستی سلێمانی بخوێننه‌وه، ئایا به‌خوێندنه‌وه‌ی وشه‌ی سلێمانی (SLEMANI) كه ڕه‌نگه هه‌روا نه‌نووسرێت، ده‌توانرێت په‌ی به شوناسی سلێمانی ببرێت، یان شوناس و ناساندی سلێمانی له‌خودی ئه‌و ڕێنووسه كوردیه‌دایه كه مه‌رج نییه هه‌ر بخوێنرێته‌وه.

