سازدانی ڕۆجەر ئیبەرت لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال جۆن لێسیتەری دەرهێنەری فیلمەکانی Toy Story و A Bugs Life دەربارەی میازاکی دەڵێت: "فیلمەکانیم خۆشئەوێت. فیلمەکانی دەخوێنم. تەماشای فیلمەکانی دەکەم کاتێک دەمەوێت ئیلهامم بۆ بێت بۆ دروستکردنی فیلمێکم." ئەنیمەتەرەکانی تریش هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئەم پیاوە بێدەنگە یابانییە قژ ڕەساسییە باشترین ئەنیمەیتەری مێژووی سینەمایە. فیلمەکانی زۆر باشن کە وات لێدەکەن بە شێوەیەکی تر بیر لە ئەنیمەیشن بکەیتەوە وەک لەو تێگەیشتنەی کە پێشتر بۆ ئەنیمەیشن هەتبووە. لێسیتەر یەکێکە لە باشترین دەرهێنەرە ئەنیمەیتەرەکانی هۆڵیوود. ئەو ستایشی کارەکانی هایۆ میازاکی کردووە و فیلمی (Spirited Away) لە هۆڵیوود و لەلایەن واڵت دیزنییەوە بۆ بڵاوکردۆتەوە. لێسیتەر هەروەها دەرهێنەری دەنگە ئینگلیزییەکەی فیلمەکەشە و لە فێستیڤاڵی تۆرۆنتۆدا لە تەنیشت میازاکی پێکەوە خەڵاتی باشترین فیلمی فێسیڤاڵەکەیان وەرگرت. لێسیتەر دەربارەی Spirited Away دەڵێت: "یەکەمین نمایشی ئەم فیلمە لە دەرەوەی یابان لە ستۆدیۆی ئەنیمەیشنی پیکسار بوو، منیش سەرسام بووم بە جوانیی ئەم فیلمە. ئەمریکای باکوور پێشتر هەلی ئەوەی بۆ هەڵنەکەوتبوو کە فیلمەکانی میازاکی ببینێت. لە کۆمەڵگای ئەنیمەیشندا میازاکی پاڵەوانە، وەک چۆن ئەو بۆ من پاڵەوانە." میازاکی و هاوبەشەکەی لە ستۆدیۆ گیبڵی کە ناوی ئیساو تاکاهاتایە دەرهێنەری فیلمی (Grave of the Fireflies) چەندین فیلمی ئەنیمەیشنی هونەری و ماناداریان دروستکردووە؛ فیلمی "Princess Mononoke" یەکێکە لە باشترین فیلمەکانی ساڵی ١٩٩٩. فیلمی "Spirited Away" کە خەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵی بەرلینی بەدەستهێنا، لە بۆکس ئۆفیسی یاباندا توانی پێش تایتانیک بداتەوە، هەروەها یەکەمین فیلمیشە کە پێش نمایشکردنی لە ئەمریکای باکوور بتوانێت داهاتی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە. فیلمی Spirited Away کە ڕەنگە باشترین فیلمی ئەم دەرهێنەرەش بێت، باس لە ژیانی کچێکی ١٠ ساڵان دەکات کە لەگەڵ دایک و باوکیدا بە تونێلێکدا دەڕۆن و کچەکە لەو جێگایەدا ون دەبێت، لەوێوە چیرۆکەکە دەبێتە چیرۆکێکی خەیاڵی و کچە ١٠ ساڵانەکە دەچێتە جیهانی ڕۆحەکانەوە و لەوێ ڕۆحەکان دەبینێت. کاتێک ویستم بچم چاوپێکەوتن لەگەڵ میازاکی بکەم، ئەو تەمەنی ٦٢ ساڵ بوو، ئەوەم بیرخستەوە کە لەساڵی ١٩٩٩دا وتی کە ئیتر خۆی خانەنشین دەکات و چیتر فیلم دروستناکات. بەڵام ئەوەتا فیلمی نوێ بڵاودەکاتەوە. ئەو وتی: "ویستم چیتر کارنەکەم، بەڵام ژیان هێندە ئاسان نییە. ویستم فیلمێک دروستبکەم بەتایبەت بۆ کچی هاوڕێکانم. تەواوی چەکمەجەکانم لە مێشکمدا خستەکار بەڵام هیچیان تێدانەبوو. بۆیە درکم بەوەکرد کە دەبێت فیلمێک بەتایبەت دەربارەی کچێکی ١٠ ساڵان دروستبکەم و فیلمی 'Spirited Away' ئەنجامەکەی بوو." زۆرێک لە دەرهێنەران فیلم بۆ منداڵی ١٠ ساڵان دروست دەکەن و دەڵێن کە فیلمەکەیان بۆ تەواوی خێزان دەگونجێت. میازاکی بە پێچەوانەوەیە فیلمەکانی لەلایەن خەڵکی پێگەیشتووەوە چێژی لێدەبینرێت لە فێستیڤاڵە گەورەکانی بەرلین و تەلورید و تۆرۆنتۆ بەڵام ئەو دەڵێت ئەم فیلمەی تەنها بۆ منداڵانی تەمەن ١٠ ساڵان دروستکردووە. دەربارەی وەرگێڕی فیلمەکانی بۆ زمانی ئینگلیزی قسەدەکات و دەڵێت: لێسیتەر فیلمەکەی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردەوە"بێ لێسیتەر پێموانییە من بمتوانیایە ئێستا من لێرە دابنیشتمایە." میازاکی، گومانی لە کاری کۆمپیوتەریی هەیە، ئەو هێشتا بەدەست هەزاران فرەیمی فیلمەکانی دەکێشێت. "ئێمە کاری ئەنیمەیشنی دەستی دەکەین و پاشان دەیکەینە کاری دیجیتاڵی تاوەکو بگەین بە دیمەنێکی بینراو، بەڵام هەموو شتێک لە کاری دەستی خۆمانەوە دەست پێدەکات. ستانداردی ڕەنگیش لەلایەن باکگراوەندەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت. ئێمە لە کۆمپیوتەرەوە ڕەنگ دروست ناکەین. بێ دروستکردنی ئەو ستانداردانە ئێمە دەکەوینە داوی ئەوەی کە کارەکانمان بکەینە کۆمپیوتەریی." ئەو دروستکردنی کاری ئەنیمەیشن بە دەست بە 2D ناودەبات و گەر بە کۆمپیوتەریش دروستبکرێت بە 3D ناویدەبات. "ئەوەی ئێمە بە 2D ناوی دەبەین ئەوەیە کە ئێمە دیمەنەکان لەسەر وەرەقە دەکێشین بە جوڵە و بۆشاییەکانیشەوە. 3Dیش بریتییە لە دروستکردنی ئەو بۆشایی و جوڵانە لەناو کۆمپیوتەردا. پێموانییە کە عەقڵی داهێنەرانەی یابانی بۆ 3D گونجاوبێت." من بە میازاکیم وت کە "جوڵە بێ مەبەستەکان"یم خۆشدەوێت کە لە فیلمەکانیدا بەکاریدەهێنێت؛ لە جیاتی ئەوەی هەریەک لە جوڵەکان لەلایەن چیرۆکەکەوە داگیربکرێت، هەندێکجار خەڵکی تەنها بۆ ساتێک دادەنیشن، یان هەناسەدەدەن، یان شتێکی زیادە دەکات، ئەم دیمەنانە بۆ ئەوە نین کە چیرۆکەکە بەرەوپێش بەرن بەڵکو تەنها بۆ ئەوەیە هەستی کات و شوێن و ئەوەی کە ئەو کارەکتەرە کێیە بۆ فیلمەکە زیاددەکات. وتی: "ئێمە لە یابانیدا وشەیەکمان بۆ ئەوە هەیە. پێی دەڵێین ما. بەتاڵیی (بۆشایی). بێ ئەوەی هیچ مەبەستێکی لە پشت بێت لە فیلمەکەدا کۆمەڵێک دیمەن دروست دەکەین." ئەمە وەک "وشەی سەرین"ی وایە کە دێڕی شیعری یابانی لەیەکتری جیادەکاتەوە؟ "پێم وانییە وەک ئەوە وابێت" سێ بۆ چوار جار دەستی کێشا بەیەکدا. "ئەو کاتەی لە نێوان پیاکێشانی دەستی مندا هەیە پێی دەوترێت "ما". ئەگەر کردارێکی بێ وەستانت هەبێت، بێ هیچ بۆشاییەکی هەناسەدان، ئەوە پێی دەوترێت سەرقاڵبوون، بەڵام ئەگەر چرکەیەک بوەستیت، پاشان دروستکردنی قەلەقیی لە فیلمەکەدا بۆ ڕوویەکی فراوانتر گەشەدەکات. ئەگەر تەنها قەلەقیەکی جێگیرت هەبێت لە پلەی هەشتادا لە تەواوی فیلمەکەدا ئەوا شتێکی بێ هەستت دەست دەکەوێت." چی وا دەکات کە فیلمەکانی میازاکی زیاتر چێژی لێوەربگیرێت و پەیوەندی لەگەڵ بینەر دروست بکات بەراورد بە فیلمە ئەنیمەیشنەکانی ئەمریکا. پرسیاری ئەوەم لێکرد کە ئەمەم زیاتر بۆ ڕوونبکاتەوە. وتی: "ئەوانەی کە فیلم دروست دەکەن ترساون لە بەکارهێنانی بێدەنگیی، بۆیە ئەم بێدەنگییە پڕدەکەنەوە بە شتێک کە پێویست نییە. ئەوان دەشڵەژێن بەوەی کە بینەرەکانیان بێزاربکەن بە بەکارهێنانی بێدەنگی." بەڵام چونکە تا ئاستی ٨٠ پلە هەستی گەورەیی تێدایە مانای ئەوە نییە کە منداڵان هەموو کاتێک ڕێزی کارەکەت بگرن. ئەوەی گرنگە ئەو هەستە سەرەکیەیە، کە هەرگیز ڕزگارت نابێت لێیان. ئەوەی کە من و هاوڕێکانم ویستوومانە بیکەین لە ١٩٧٠کانەوە هەوڵمانداوە کە فیلمەکان کەمێک بێدەنگ بکەین؛ نەک ئەوەی کۆمەڵێک دیمەن بە کۆمەڵێک گفتووگۆی بێماناوە دروست بکەین. هەوڵمانداوە ڕێگای هەست و بیرکردنەوەکانی منداڵان بدۆزینەوە لە فیلمەکانماندا. ئەگەر ڕاستگۆ بمێنیتەوە لە دروستکردنی دیمەنەکاندا ئەوا پێویست ناکات دیمەنی شەڕئامێز و پڕ لە کردار دروست بکەیت. ئەوان تەماشای فیلمەکەت دەکەن کاتێک ڕاستگۆ دەبیت. ئەمە ڕێسایە." وتی کە سەرسامبووە بە بینینی زۆرێک لە کرداری ڕاستەوخۆ لە فیلمە ئەنیمەیشنەکانی وەک سپایدەرماندا. "ئەوەی ئێستا هەیە، کرداری ڕاستەوخۆ بووەتە بەشێک لەو جیهانی فیلمەی کە پێی دەڵێن ئەنیمەیشن. ئەنیمەیشن بووەتە وشەیەک کە زۆر بوار دەگرێتەوە، ئەو ئەنیمەیشنەی منیش دەیکەم بەشێکی بچووکە لەو جیهانەدا. ئەمە بەسە بۆ من." ئەوە بەسە بۆ منیش. سەرچاوە: RogerEbert.com