دەربارەی فیلمی تەپڵی تەنەکە

07/01/2016    05:03

دەربارەی فیلمی تەپڵی تەنەکە 


Cînema

پشتیوان کەمال

پێدەچێت زۆرینەمان ڕۆمانی (تەپڵی تەنەکە)مان خوێندبێتەوە یاخود بەرگوێمان کەوتبێت، کە شتێکی حاشاهەڵنەگرە ئەم ڕۆمانە یەکێکە لە ڕۆمانە هەرە گرنگەکانی سەدەی ٢٠ و  ساڵانە یادی نووسینی ئەم ڕۆمانە دەکرێتەوە. ڕۆمانەکە لەلایەن نووسەری ئەڵمانی (گونتەر گراس) نووسراوە و توانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەم ڕۆمانە بەدەستبهێنێت.

ڤۆڵگەر شلۆندۆرفی ئەڵمانی توانی ئەم ڕۆمانە بکاتە فیلمێکی سینەمایی و لەساڵی ١٩٧٩ خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین فیلمی بیانی بەدەستهێنا. گەر لەڕووی تەکنیک و ستایڵەوە سەیری ئەم فیلمە بکەین فیلمێکی تەواو ئاڵۆزە و قورسە بتوانێت سەرنجی بینەر ڕابکێشێت. فیلمەکە کە چیرۆکەکەی لە ڕۆمانەکەی گونتەر گراس وەرگرتووە باس لە سەرەتای سەرهەڵدانی نازیەکان دەکات لە ئەڵمانیادا.






چیرۆکی کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە (ئۆسکار) تیشک دەخاتە سەر زۆر لەو گرفتانەی ژیان کە گران چارەسەردەکرێن. ئۆسکار (دەیڤد بێنیت) منداڵێکە و تەمەنی سێ ساڵانە کاتێک لەڕۆژی لەدایکبوونیدا تەپڵێکی بەدیاری دەدرێتێ و کە گەورەش دەبێت خوازیاری ئەوەیە کە هەر بە منداڵی بمێنێتەوە. تاقیکردنەوەی ژیان بۆی دەسەلمێنێت کە چێژی منداڵی خۆشترین ساتەکانی ژیانە هەر لەبەرئەوەیە کە بڕیاردەدات لە گەورەبوون بوەستێت و هەمیشە وەکو منداڵ ڕەفتاربکات. ئەو دەتوانێت ئامانجەکەی خۆی بپێکێت، پاش دە ساڵ لەو تەمەنە هیتلەر دەردەکەوێت و ، ئۆسکاریش هێشتا هەر منداڵەکەی جارانە و دەستی لێبەرنادات، بۆیە ئەو هەمیشە هاوڕێی ساتەخۆشەکانی ژیانە. فیلمەکە سەردەمێک دەگێڕێتەوە کە ئەڵمانیا لەگەڵ پۆڵەندادا دەجەنگێت و کە ئەمیش بە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی دووەم دادەنرێت.






ئۆسکار، کوڕی ئەلفرێدە (ماریۆ ئەدۆرف) هەروەها دایکە ڕاسپۆتینیەکەی (ئەنجێلا وینکلەر) لەگەڵ جان بڕۆنسکی (دانیاڵ ئۆڵبریجسکی) پەیوەندی سێکسییان هەیە. یەکێک لە دیمەنە کاریگەرەکانی فیلمەکە بریتییە لەو دیمەنەی کە تیایدا ئۆسکار بە خۆی و تەپڵەکەیەوە لە کاتی کۆبوونەوەی نازیەکاندا خۆی دەشارێتەوە و کاتێ مارشی نازیەکان لێدەدرێت، ئۆسکار بەجۆرێکی تر تەپڵەکەی لێدەدات و ئەمەش دەبێتە هۆی سەرلێتێکچوونی زۆرینەیان و مارشەکە بە ئاوازی تەپڵەکەی ئۆسکار تێکدەچێت.

سەرەتای فیلمەکە بە چیرۆکی ژیانی ئاسایی ئەو ناوچەیە دەستپێدەکات کە ئۆسکار بەنیازە بێتە ناوی. هەر لە سەرەتای ژیانی دایک و باوکی ئۆسکارەوە، دایک پەیوەندی سێکسی لەگەڵ جان بڕۆنسکیدا دەبێت و ئەمەش لە دواییدا زۆر ئازاری ئۆسکار دەدات.

جان بڕۆنسکی لەلایەن سەربازە ئەڵمانیەکانەوە لەبەردەم فەرمانگەیەکی پۆڵەندادا دەکوژرێت، ئەو جێگەیەی کە یەکەم تەقاندنی فیشەکەکانی جەنگی جیهانی دووەم لەوێوە دەستپێدەکات. جەنگەکە بەرەو کۆتایی دەچێت و باوکی لەلایەن سەربازە ڕووسەکانەوە دەکوژرێت، دایکیشی لە پێشتردا بەهۆی نەخۆشییەوە گیان لەدەستدەدات. ئۆسکار هیچ بە مردنی ئەمان گرفتارنابێت و بڕیاردەدات ژیانێکی نوێ دروستبکات. ئەو دەیەوێت ئەو ژیانە کۆتا پێبهێنێت کە بە قیژەکەی عەینەکی مامۆستاکەی دەشکاند، یاخود شکاندنی شووشەی پەنجەرەی ئەو ئوتێلەی کە دایکی تیایدا لەگەڵ جاندا کاری سێکسییان تێدادەکرد، یاخود لابوری ئەو دکتۆرەی کە دایکی بۆ چارەسەر ئۆسکاری برد بۆ لای و هەر ئەو بووە هۆی لەناوبردنی تاقیگەکەی.






ئەم ڕۆمانە و فیلمەکەش بە یەکێک لە گەنجینە نەتەوەییەکانی گەلی ئەڵمانیا دەدرێنە قەڵەم و ساڵانە ئەو وڵاتە یادی نووسینی ئەو ڕۆمانە دەکاتەوە.

ناوی فیلم: تەپڵی تەنەکە
دەرهێنان: ڤۆڵکەر شلۆندۆرف
ساڵی نمایشکردن: ١٩٧٩
شوێنی وێنەگرتن: ئەڵمانیا
زمان: ئەڵمانی
کات: ١٣٩خولەک
بەرهەم: ئەڵمانیا-فەڕەنسا
ژانر: دراما 


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw