جۆف ئەندرو
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال
وڵات: ئیتاڵیا ٢٠١٥
کات: ١٠٢ خولەک
دەرهێنان: نانی مۆرێتی
کاست: مارگریتا بەی، جۆن تۆرتورۆ، گویلیا لازارینی

پاش چواردە ساڵ لە بردنەوەی خەڵاتی چڵە خورمای ئاڵتوونی لە فێستیڤاڵی کاندا بۆ فیلمی "ژووری کوڕەکە"، نانی مۆرێتی ئەمجارە بە فیلمێکی ناوازەی ترەوە دێت و بە باشترین کاری خۆیەوە خۆی نمایش دەکاتەوە. نانی مۆرێتی ئەو کاتەی کار لەسەر پرسیاری لەدەستدانی خۆمان و خۆشەویستانی ئێمە دەکات باشترین نمایش دەکات؛ بێگوومان فیلمی "دایکی من" کە بە تەواوی کاری لەسەر ئەو پرسیارە کردووە، بە باشترین کاری مۆرێتی دادەنرێت لە پاش فیلمی "ژووری کوڕەکە"وە.
چیرۆکی فیلمەکە باس لە ژیانی دەرهێنەرێکی سینەما دەکات "مارگریتا بەی"، کە خەریکی دروستکردنی فیلمێکە سەبارەت بە کێشەی لەدەستدانی کار لە کارگەکاندا. مارگریتا ڕۆژانە تەواو سەرقاڵە بە دروستکردنی فیلمەکەی کە "باری هەگینز" ئەستێرەی فیلمەکەیەتی و کەسێکی ڕووخۆشە بەڵام کەسێکی زۆر لەخۆبایی ئەمریکییە و لەکاتی دروستکردنی فیلمەکەدا دیالۆگەکانی ناو فیلمەکەی بیردەچێتەوە و هەمیشە باسی پەیوەندی خۆی و "ستانلی کوبریک"ی دەرهێنەر دەکات و کۆمەڵێک گرفتی زۆر بۆ مارگریتای دەرهێنەر دروست دەکات. هەروەها مارگریتا سەرقاڵە بە بەخێوکردنی کچەکەی و دایکە پیرە نەخۆشەکەشیەوە کە لە نەخۆشخانە کەوتووە و بەهۆی نەخۆشییەوە دەناڵێنێت و لە سەرەمەرگدایە. مارگریتا ناتوانێت مردنی دایکی قبوڵ بکات، بەڵام لەلایەن براکەیەوە جیۆڤانی (مۆرێتی) پێی دەوترێت کە دایکیان زۆر نەماوە بۆ مردن. براکەی مارگرێتا دوو مانگی کارەکەی کردووەتە پشوو تا چاودێری تەندروستی دایکی بکات.

ئەمە چیرۆکەکەیە: لە سەرەتای فیلمەکەوە ئێمە تێدەگەین کە ئادا (گیولیا لازارینی) زۆری نەماوە بۆ ژیان، لە کۆتایی فیلمەکەدا ئەو دەمرێت. لەدەستدانی کەسێکی خۆشەویست لەم فیلمەدا هێشتا نەیتوانیووە هێندەی ئەوەی لە فیلمی "ژووری کوڕەکە"دا هەیە پیشان بدرێت. مۆرێتی کاتێک خەریکی دروستکردنی فیلمی "قەشەمان هەیە" بوو دایکی خۆی لەدەستدا، هەروەها مۆرێتی دەیەوێت کارەکتەری مارگریتا وا لێبکات کە لەگەڵ ژیان بەردەوام بێت و هەموو هەوڵێک بدات تا بتوانێت فیلمەکەی تەواوبکات، ئاگای لە کچەکەی بێت،هەروەها تا بتوانێت دایکیشی ئاسوودە بکات هەرچەندە ژیان بەو جۆرەش ئاسوودەبەخش نییە بۆ مارگریتای دەرهێنەر. ئەمە یەکێکە لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی فیلمی "دایکی من"؛ بەجۆرێک فیلمێکی درامیی پڕ لە هەست و هێندە کاری لەسەر سایکۆلۆژی کارەکتەرەکان کردووە، کە ئەستەمە بتوانین لەو فیلمانەی کە کاریان لەسەر لەدەستدان کردووە بیبینین.

دەتوانین بڵێین فیلمەکە لەڕووی درامییەوە زۆر دڵخۆشکەر نییە. لەبەرامبەر ئەمەدا، مۆرێتی زۆر بەجوانی ڕووداوەکانی بەرەو پێشەوە بردووە، هەر لەوەی کە مارگریتا دەبێت قبووڵی بکات کە دایکی دەمرێت تا ڕێکەوتنی لەگەڵ تۆرتۆرۆی کارەکتەری سەرەکی فیلمەکەی. تۆرتۆرۆ لەم فیلمەدا یەکێک لە باشترین ڕۆڵەکانی خۆی لەم چەند ساڵەی دووایدا گێڕاوە. تۆرتۆرۆ هەرگیز پێشتر نواندنێکی لەو جۆرەی نەکردووە، ئەو بەهۆی کارکردنی لە هۆڵیوود تەواو شێواوە و چەندین گرفت دەهێنێتە سەر ڕێی مارگریتا.
نانی مۆرێتی لە ١٩ی ئۆگەستی ١٩٥٣ لە برونیکۆی ئیتاڵیا لەدایکبووە. خاوەنی چەندین فیلمی ناوازەیە لەوانە: "Habemus Papam"، "Dear Diary"، "II Caimano" و هەروەها "LA Stanza Del Figlio".
سەرچاوە: bfi.org.uk