شاژنی بێڵی یاکۆڤ پرۆتەزەنۆڤ، ١٩١٦

09/01/2016    21:07

شاژنی بێڵی یاکۆڤ پرۆتەزەنۆڤ، ١٩١٦ 


Cînema

کارزان کاردۆزی

یاکۆڤ پرۆتەزەنۆڤ بە یەکێک لە باوکانی ڕۆحی و دۆزەرەوانی سینەمای ڕووسیا دادەنرێت. کاریگەری ئەو لە کۆکراوەی فیلمەکانیدا دەبینرێت کە نیو سەدە لە مێژووی سینەمای ڕووسیا و یەکێتی سۆڤیەت دەگرێتەوە؛ لە ساڵانی سەرەتای درووستبوونی سینەمای ڕووسیا لە ژێر دەسەڵاتداریەتی قەیسەر ئەلیکساندەردا، بۆ سەرهەڵدانی شۆرشی بۆلشەڤیستی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧، بۆ جەنگی ناوخۆی ڕووسیا و پاشان درووستبوونی سینەمای نوێی یەکێتی سۆڤیەت و بۆ ساڵانی دەسەڵاتدارێتی جۆزێڤ ستالین لە سیەکان و جەنگی جیهانی دووەمدا. پرۆتەزەنۆڤ لەم ساڵانەدا لە چەندان ژانری جیاوازدا فیلمی دروست دەکرد، لە ناو گشت دەرهێنەرانی تری ڕووسیا و سۆڤیەتدا، لەو ساڵەنەدا پڕ بینەرترین دەرهێنەر بوو.  پرۆتەزەنۆڤ وەکو پەیوەندیەکی بەردەوام وایە لەم نێوانەدا و لەگەڵ سەرهەڵدانی چەندان قوتابخانەی جیاوازی سینەمادا لە ڕووسیادا؛ ئەو هەمیشە بەردەوام بوو لە پاراستنی ستایل و فۆرمی تایبەتی خۆی، بە تایبەتی لە گێرانەوەی ستایلێکی چیرۆکی کلاسیکی و بەکارهێنانی فیلم وەکوو کەرەستەیەکی کات بەسەربەر و بە تایبەتی بۆ ڕاکێشانی بینەران  لە فیلمە کۆمیدی و دراماتیکەکانیدا، ئەمە هۆکارێک بوون کە لە لایەن بینەرانی سۆڤیەتەوە فیلمەکانی زۆر خۆشەویست بوون. 

یەکێک لە شاکارترین فیلمە سەرەتاییەکانی سینەمای ڕووسیا و  پرۆتەزەنۆڤ، فیلمی "شاژنی بێڵ" ە؛ سەرچاوەی فیلمەکە کورتە چیرۆکی"شاژنی بێڵ" ی نووسەری کلاسیکی ڕووسی، ئەلیکساندەر پووشکینە. چیرۆکی هێرمانی لاوی سەرباز کە ئاڵوودەی یاری پۆکەر دەبێت. دوای ئەوەی کە لە زمانی هاوڕێیەکیەوە چیرۆکی ئافرەتێکی بەتەمەن دەبیستێت  کە توانایەکی ئەفسانەیی هەیە لە هەڵبژاردنی سێ کاردا بۆ بردنەوەی هەموو یارییەکی پۆکەر، هەستێکی ئاڵۆزی دەروونی لە ناخی هێرماندا دروست دەبێت و دەکەوێتە سەر ئەو بڕوایەیی کە ئەم ئافرەتە بەتەمەنە نهێنی بردنەوەی یاری پۆکەر دەزانێت و هەموو هەولێک دەدات بۆ ئەوەی نهێنی ئەم سێ کارتە بزانێت. ئاڵوودەبوونی ئەو بۆ قومار و یاری پۆکەر و زانینی ئەم نهێنیە وای لێ دەکات کە هەموو کردارێک ئەنجام بدات. لە ڕۆڵی هێرماندا، ئەکتەری شانۆیی بەناوبانگی ڕووسی، ئیڤان مۆسجوکین ڕۆڵدەگێڕێت  کە بلیمەتانە هەستی ئاڵۆزی سایلکۆلۆژی کارەکتەرەکەی نمایشدەکات؛ لاوێک کە بە خاوی تووشی داڕمانی دەروونی دەبێت. 

پرۆتەزەنۆڤ بلیمەتانە گرتەکانی لە ڕێگەی پانایی قوڵاییی وێنەگرییەوە نمایشدەکات لە جیاتی بەکارهێنانی مۆنتاژ بۆ گێرانەوەی چیرۆک؛ لە یەک ساتدا ڕووداوەکان لە پێش و ناوەڕاست و پاشەوەی گرتەکاندا ڕوو دەدەن، لەگەڵ بەکارهێنانی گرتەی درێژدا پرۆتەزەنۆڤ بە خێرایی گۆرانکاری دەروونی ئاڵۆزی و سایکۆلۆژی کورتە چیرۆکەکەی پووشکین نیشاندان دەدات. لەگەڵ بەکارهێنانی تەکنیکی گەرانەوەی بۆ ڕابردوو (فلاشباک) و ئێفێکتی فۆتۆگرافیدا کە هەندێکیان بۆ یەکەم جار لە سینەمای ڕووسیدا بەکارهێنراون؛ گرتەی بڕینی پڕ (جەمپ کەت) بۆ ئێفێکی گواستنەوەی نێوان گرتەکانیش بەکارهاتووە. 

فیلمی "شاژنی بێڵ" و لە ساڵی داهاتووشدا، "باوکە سێرجی"، دوو دواهەمین شاکارەکانی  پرۆتەزەنۆڤ و سینەمای ڕووسیا دەبن پێش سەرهەڵدانی شۆرشی ئۆکتۆبەر لە ساڵی ١٩١٧دا. لە دوای هاتنەسەر دەسەڵاتی  بۆلشەڤیستەکان و دروستبوونی یەکێتی سۆڤیت، بۆ چەند ساڵێک  پرۆتەزەنۆڤ ئاوارەی وڵاتی فەرەنسا دەبێت و دەبێتە یەکێک لە دەرهێنەرانی سینەمای سەرەتای بێدەنگی فەرەنسی، تاوەکوو لە ساڵی ١٩٢٣ دا بۆ جارێکی تر دەگەرێتەوە بۆ یەکێتی سۆڤیەت و یەکێک لە شاکارترین فیلمەکانی ژانری زانستی داستانی دروست دەکات، فیلمی "ئەلیتا" لە ساڵی ١٩٢٤ دا. 

*ئەم خوێندنەوانەی نووسەر بۆ ئەم فیلمانە بەشێکن لە پڕۆژەی کتێبێکی گەورە دەربارەی هونەری سینەما بەناوی "سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر" کە بڕیارە لە پایزی ساڵی ٢٠١٦دا بڵاوبکرێتەوە.




هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw