سولی ئۆن وێب ٧٣هەمین خولی گۆڵدن گڵۆب باشترینەکانی ساڵی ٢٠١٥ی دیاریکرد کە لە کالیفۆڕنیا ئاهەنگی خەڵات دابەشکردنەکە ئەنجامدرا. ئاهەنگەکە لەلایەن Dick Clark Productionsەوە بەرهەمهێنرابوو بەهاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی پرێسی بیانی هۆڵیوود. پاڵێوراوەکان لە ١٠ی دیسەمبەری ٢٠١٥دا دەستنیشانکران. ئاهەنگەکەی دوێنێ شەو بۆ چوارەمین جار لەلایەن ڕیکی گێرڤسەوە بەڕێوەچوو. ئەم ئاهەنگە بە یەکێک لە گەورەترین ئاهەنگەکانی ساڵ دەستنیشانکرا. بێگوومان خەڵاتەکان کۆمەڵێکی دڵخۆشکرد و کۆمەڵێکیشی دڵتەنگ کرد. براوەی گەورەی گۆڵدن گڵۆب بریتی بوو لە فیلمی "The Revenant" کە باشترین خەڵاتەکانی بۆ خۆی بەدەستهێنا لەوانە: باشترین دەرهێنەر (ئەلیخاندرۆ گۆنزالێز ئیناریتۆ)، هەروەها ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە (لیۆناردۆ دیکاپریۆ) باشترینەکانی گۆڵدن گڵۆب بوون و هەروەها گەورەترین خەڵاتی ئەو شەوە: باشترین فیلمی درامیی بە ئەو فیلمە درا کە ساڵی پار نەیتوانی خەڵاتەکە بەدەستبهێنێت بەهۆی ئەوەی فیلمی (Boy Hood) توانی خەڵاتەکە بباتەوە. ئیناریتۆ پاش بەدەستهێنانی نازناوەکە وتی: "ئێمە لەم ژوورەدا هەموومان ئەوە دەزانین کە ئازار شتێکی کاتییە، بەڵام فیلمێک هەمیشەییە، وانییە؟ کێ گرنگی دەدات؟" ئیناریتۆ بە قسانەی مەبەستی ئەو ئازارانەبوو کە بەهۆی دەرهێنانی The Revenant ڕووبەڕووی هەموو کاستەکە ببووەوە بەهۆی ئەوەی فیلمەکە لە دیمەنی سروشتی و ڕووناکی سروشتیدا وێنەگیرابوو. هەروەها لیۆناردۆ دیکاپریۆش لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا ڕووی قسەکانی کردە تۆم هاردی، ئەکتەری هاوبەشی فیلمی The Revenant، وتی: "دەزانم لە ژیانی ڕاستەقینەدا ئەو هەرگیز بە زیندوویی نامنێژێت و لە سەرمادا جێم ناهێڵێت." فیلمی (The Martian) توانی باشترین فیلمی کۆمیدی گۆڵدن گڵۆب بەدەستبهێنێت و ئەکتەری سەرەکی فیلمەکەش (مات دامون) خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئەو ژانرەی بردەوە. ئێنیۆ مۆریکۆنی خەڵاتی باشترین موزیکی لە فیلمی (The Hateful Eight)بەدەستهێنا. تارانتینۆی دەرهێنەری فیلمەکە دەربارەی مۆریکۆنی وتی: "کاتێک دەڵێم کە ئارەزووی کارەکانی ئەو دانەری موزیکە دەکەم، مەبەستم ئەوە نییە کە ئەو موزیکی فیلم دادەنێت. من مەبەستم ئەوەیە کە ئەو یەکێکە وەک مۆزارت، بیتهۆڤن و شوبێرت. ئەمە ئەو شتەیە کە من باسی دەکەم." جێنیفەر لاورێنس لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین ڕۆڵی خانمە ئەکتەر لە فیلمی موزیکاڵی-کۆمیدیدا سوپاسی (دەیڤد ئۆ ڕۆسێل)ی کرد و وتی:"من دەمەوێت پاش مردنمان لە تەنیشت یەکدا بنێژرێین. بەڕاستی ئەوەم دەوێت." براوەکانی تری ئەو شەوە بریتی بوون لە فیلمی "Inside Out" کە توانی خەڵاتی باشترین فیلمی ئەنیمەیشن بەدەستبهێنێت، هەروەها فیلمی "Son of Saul" خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی فێستیڤاڵەکەی بەدەستهێنا. ماوەتەوە بڵێین ئایا خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب ڕێگایەک دەبن بۆ ئەوەی هەمان ئەم کەسانە خەڵاتی ئۆسکاریش ببەنەوە؟ سەرچاوە: The Guardian, Foxnews, CNN