سولی ئۆن وێب ئامادەکردنی: لاژە تەها شانۆگەریی "خواحافیز تا نازانم کەی" ناوی دواهەمین بەرهەمی "کۆڕی شانۆی با" یە، شانۆگەریەکە لە دەرهێنانی "محەمەد مستەفایە" و وەرگیراوە لە تێکستێکی نووسەری فارس "محەمەدی یەعقوبی" و "مەریوان هەڵەبجەیی" کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە. شانۆگەریەکە لە نواندنی زەریا سامی، سۆما قاسم، بێساران جاسم، دیاری عومەر، ڕۆزا ئومێد و دیدار عومەرە و بڕیارە سەرەتای مانگی ۲ نمایشبکرێت. ئەمە دووەمین کاری دەرهێنانی محەمەد مستەفای دەرهێنەری شانۆگەریەکەیە و پێشتر کاری دەرهێنانی بۆ تێکستێکی تری "محەمەد یەعقووبی" کردووە و ئەمەش دەبێتە دووەمین تێکستی ئەو نووسەرە فارسە کە لەلایەن ئەم دەرهێنەرەوە بکرێتە شانۆگەریی. لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی بۆچی هەردوو کارە دەرهێنانەکانی دەرهێنەر لە تێکستەکانی نووسەری فارس "محەمەد یەعقوبییەوە" وەرگیراووە، دەرهێنەر دەڵێت: "هەستەکەم بەهۆی نزیکی کلتورییەوە، نوسینەکانی نزیکییەکی زۆری هەیە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێمەدا، بەجۆرێك ئەو کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی لەوێ هەیە، لێرەش هەیە، وە زۆر سادە دەنوسێت، کە ئەم سادەییە لە ئێستادا بۆ شانۆیی ئێمە پێویستە بۆ ئەوەی وەرگر لێی تێبگات و خۆی تێدا ببینێتەوە". دەربارەی ناوەڕۆکی شانۆییەکە، دەرهێنەر ئاماژەی بەوە دا کە ناوەڕۆکی شانۆییەکە تیشك دەخاتە سەر ئازادی، ئازادی نووسین. هەروەها باس لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و بەتایبەت کێشەکانی دوای سەردەمی شۆڕش. لە بارەی گرنگی شانۆ بۆ ئێستا، وتی: "بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگەی ئێمە لە هەموو کاتێك زیاتر پێویستی بە شانۆیی هەیە". خواحافیز تا نازانم کەی، یەکەمین کاری کۆڕی شانۆیی با یە لە ساڵی ۲٠۱٦ دا، و بڕیارە لەم ساڵدا ۳ بەرهەمی دیکەیان هەبێت.