سولی ئۆن وێب ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا دوای چەند مانگێک پرۆڤەکردن لە شانۆیی "دواهەمین هەناری دونیا" کە وەرگیراوە لە ڕۆمانی "دواهەمین هەناری دونیا"ی نووسەری ناوداری کورد بەختیار عەلی لەلایەن گروپی شانۆیی "تی تووک"ـەوە، لە ئێستادا ئەو بەرهەمە ئامادەیە بۆ نماییش و بڕیارە یەکەمین نماییشی ئەم کارە لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فەجەر کە سەرەتای مانگی داهاتوو لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت، پێشکەش بکرێت. جێی ئاماژەبۆکردنە ڕۆمانی "دواهەمین هەناری دونیا"ی بەختیار عەلی، ساڵی پار لەلایەن وەرگێڕی کورد مەریوان هەڵەبجەییەوە بۆ زمانی فارسی وەرگێردرا و دواتریش لەلایەن گروپی شانۆیی "تی تووک"ـەوە بە دەرهێنانی ئیبراهیم پشت کوهی ئامادەکرا بۆ شانۆ. بڕیارە دوابەدوای نماییشکردنی ئەم کارە شانۆییە لە فێستیڤاڵی فەجر و چەند شارێکی گەورەی وڵاتی ئێران، بهێنرێتە هەرێمی کوردستان و لە شاری سلێمانی نماییش بکرێت. مەریوان هەڵەبجەیی کە دەقی ئەم کارەی بۆ زمانی فارسی وەرگێراوە، لە ئێستادا لە وڵاتی ئێرانە و ئاگاداری وردەکارییەکانی نماییشەکەیە و لە لێدوانێکیدا بۆ سولی ئۆن وێب ڕایگەیاند: "بریارە سێ هەفتەی دیکە و لەگەڵ دەستپێکردنی فێستیڤاڵی فەجر، نماییشی "دواهەمین هەناری دونیا" لەبەشی هەڵبژێردراوی نێونەتەوەیی فێستیڤاڵەکە نماییش بکرێت. دواتر لە بەندەر عەباس، جەزیرەی کیش، تاران و زاهیدان نماییش دەکرێت." ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد: "بەڵینە دوابەدوای تەواکردنی نماییشەکانی خۆیان لە وڵاتی ئێران، نماییشی ئەم کارە لە هەرێمی کوردستان و لە شاری سلێمانیش پێشکەش بکرێت." بۆ زانیاریی زیاتر دەربارەی کارەکە، لێرە کلیک بکە